دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، رهنج عومهر، شاخەوانی كورد، كاتێك ئاڵای كوردستانی بردە سەر لووتكە چیای ئێڤێرێست و هەڵیكرد، بەهۆی سەرماوە باری تەندروستی تێك چوو و بۆ چەند رۆژێك لە نەخۆشخانەیەكی وڵاتی نیپاڵ كەوتە ژێر چاودێریی پزیشكان.
رێژین ئهحمهد، هاوژینی رهنج عومهرى بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: "باری تەندروستیی رهنج بەرەو باشبوونە، بەڵام هێشتا لە نەخۆشخانەیەكی نیپاڵدا ماوەتەوە و پزیشكەكان بەردەوام چاودێریی دەكەن".
هاوژینی ئەو شاخەوانە كوردە دەشڵێت: “بۆ ئێمە شانازییە كە رەنج وەك یەكەم كورد له ههرێمى كوردستان گەیشتووەتە سەر لووتكە چیای ئێڤێرێست و ئاڵای كوردستانی لەسەر بەرز كردووەتەوە، هەموو كەس ناتوانێ ئەمە بكات”.
گوتیشی: "تا ئێستا وێنە و گرتە ڤیدیۆیەكانی رەنج لەسەر چیای ئێڤێرێست بڵاو نەبوونەتەوە، چونكە دۆخی تەندروستیی ئەو تێكچووبوو، بۆیە نەیویست تاوەكوو چاك دەبێتەوە وێنە و گرتە ڤیدیۆكانی بڵاو ببنەوە”.
رێژین ئهحمهد، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “چاوەڕوانین كۆتایی ئەم هەفتەیە رەنج بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە كاتی گەیشتنەوەی بە دهۆك، ئەوكات زانیاریی زیاتر دەدركێنین و وێنە و گرتە ڤیدیۆكانی كاتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر لووتكە چیای ئێڤێرێست دەدەینە راگەیاندنەكان".