سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت و پانێلێك و چهندان دیداری گرنگ ئهنجام دهدا.
ئەمڕۆ شەممە 21/5/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت، سەرۆکی حکوومەت لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکەدا، بەشداری لە پانێلێکدا دەکات بە ناوونیشانی (پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) .
سەرۆکی حکوومەت هەروەها لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، کە ڕۆژانی22 تا 26ی ئایار بەڕێوەدەچێت، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسە باڵاکان و خاوەنکاران و ئابووریناسانی ناوچەکە و جیهان دەبێت.
لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوايين گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، گفتوگۆ دەربارەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، گرنگیی پێشخستن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرووبوومی کشتوکاڵیی کوردستان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان دەکرێت.