بەردەستەكانی پەكەكە وادەزانن كوردستان24، پەكەكە بیست و چوارە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 19/05/2022

بەردەستەكانی پەكەكە وادەزانن كوردستان24، پەكەكە بیست و چوارە!

پێ لێھەڵبڕینی پەكەكە ھەر لەوەدا كۆتایی نەھات كە بۆ تیرۆركردنی دیپلۆماتكاران بێنە ناو ڕیستۆرانتەكانی ھەولێر، شووڵ لێھەڵكێشانی پەكەكە ھەر بەوە كۆتایی نەھات كە بە چەكی نیشانە شكێن لە سەری زێڕێ نیشانە لە ئاساییش و پێشمەرگەی كوردستان بگرن و شەھیدیان بكەن، كەڵەگایی پەكەكە ھەر لەوێدا نەوەستا كە لەسەر سنوورەكانی پێنجوێن و قەڵادزێوە بگرە ھەتا دەگاتە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای دھۆك سەرانە لە كاسبكاران بسێنن، كەڵەگایی پەكەكە ھەر بەوەوە نەوەستا كە بەھۆی ئەوانەوە زیاتر لە 800 گوندی سەر سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ نەتوانرێت ئاوەدان بكرێنەوە و ئەوان كردوویانە بە مۆڵگەی خۆحەشاردان و چەك و جبەخانەی خۆیان.

عەنتەریاتی پەكەكە ھەر بەوەوە نەوەستا كە منداڵانی خانەوادەكانی كوردستان ھەڵبخەڵەتێنن و بیاندزن و بیانبەن بۆ قەندیل، گارە، مەتینا و حەفتانین لەوێ بە فشە ئایدۆلۆژیای سەرۆكەكەیان بەكوشتیان بدەن.

خیانەتی پەكەكە ھەر بەوەوە نەوەستا كە كاتیۆشا بھێنن بۆ سنووری پارێزگای دھۆك بۆ ئەوەی بیگرنە بەنداوی دھۆك و وێستگەی كارەبای ئەو پارێزگایە، بەڵكوو ئەم پێ لێھەڵبڕین و ئەم عەنتەریات و دیكتاتۆرییەی پەكەكە گەیشتە ئەوەی كە لەناوجەرگەی شاری سلێمانی لەو كاتەی كە خەریكی كاری ئاسایی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژانەی خۆیان بوون پەلاماری پەیامنێر و وێنەگر و شۆفێری كوردستان24 بدەن و ئەگەر پۆلیس و ھێزە ئەمنییەكانی ئامادەبوو لەو شوێنە نەبووایە دوور نەبوو زیانی زۆر بەو تیمەی كوردستان24 بكەوێت، ئەو تیمەی كوردستان24 بۆ ئەوە چوون كە دوایین زانیارییەكانی تایبەت بە تەقەكردن لە كەسێكی باكووری كوردستان بگوازنەوە، بەڵام ھەروەك چەورەكانی زەمانی حەرەس قەومیەكانی بەعس لەساڵی 1963 و بەردەستەكانی مولازم موحسینەكانی بەعس لەساڵانی ھەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، بەردەستەكانی پەكەكە پەلاماری پەیامنێر و وێنەگر و شۆفێری كوردستان24یان داوە و داوایان لە پەیامنێرەكە كردووە كە دەبێت بڵێت فڵان فڵانی كوشتووە!، ئەوە بەمەرجێك ھێشتا پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی خەریكی لێكۆڵینەوەن و ھێشتا ئەوان كە لایەنی فەرمیی پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە ڕایاننەگەیاندووە كە كێ كێی كووشتووە!، كەچی بەردەستەكانی پەكەكە لە سلێمانی بە پەیامنێری كوردستان24 دەڵێن كە دەبێت بڵێیت فڵان فڵانی كوشتووە ھەروەك ئەوەی كوردستان24 كەناڵی فورات نیوز24 یان جەمیل بایك24 یان قەرەیەڵان24 بێت!.

بەردەستەكانی پەكەكە چونكە بە ئایدۆلۆژیایەكی دیكتاتۆریانە و وەھمیانە پەروەردەكراون و چونكە لەمێژە لە دنیای نوێ دابڕاون، ئاگایان نەك لە ئازادی و كاری نوێ و پیشەییانەی ڕۆژنامەوانی نیە وا دەزانن ھەر شوێنێك ئەوانی لێبێت ئیتر دەبێت كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی ئەو شوێنەش ببن بە پەكەكە24 و بەشان و باڵی زیندانیكراوەكەی ناو سجنی ئیمڕاڵی و جەمیل بایك و گەریلا و خۆسەر و یەپەگە و یەبەشە و ھەرێمی میدیا و عەگیدەكانی ئەواندا ھەڵبدەن!، ئێوە وێنەكە پێچەوانە بكەنەوە و بیھێننە پێش چاوی خۆتان، بۆ نموونە ئەگەر پەكەكە لە باكووری كوردستان حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی ھەبێت، ئینجا پارتی یان یەكێتی بەزۆر خۆیان بكەن بە دیاربەكردا و لایەنگرانی پارتی یان یەكێتی لە دیاربەكر یان مێرسین پەلاماری پەیامنێر و وێنەگر و شۆفێری كەناڵێكی ڕاگەیاندنی ئەوێ بدەن، ئاخۆ ئەو كاتە پەكەكە لە دیاربەكر و مێرسین چی لەو لایەنگرانەی پارتی یان یەكێتی دەكات؟!، ئەی باشە ئێستا ئێمە لە ھەرێمی كوردستان چی لەو بەردەستانەی پەكەكە بكەین؟!.