گەنم لە عێراق و كوردستان چۆن دابین دەكرێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گەنم لە عێراق و كوردستان چۆن دابین دەكرێت؟

ڕه‌زامه‌ندی بۆ هاوده‌كردنی سێ ملیۆن تەن گەنم وه‌گیراوه‌

 بەهۆی شەڕی ئۆكراینا و رووسیا، بەرهەمی گەنم لە جیهان كەمی كردووە و نرخەكەیشی بەرز بووەتەوە. عێراق و هەرێمی كوردستان چەند ئامادەكارییەكیان كردووە، بۆ ئەوەی گەنمی پێویست دابین بكرێت و پڕۆسەی دابەشكردنی ئاردیش بەسەر هاووڵاتییان بەردەوام بێت.

وەزیری بازرگانیی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: "بڕی 500 ملیار دینار بۆ كڕینی بەروبوومی جووتیاران بۆ ئەم وەرزە تەرخان كراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی سەركەوتنی پرۆسەی وەرگرتنی بەروبوومەكە لە جووتیاران".

ئەوەشی خستە ڕوو، وەرگرتنی گەنم لە چەند پارێزگایەك لەزیادبووندایە، بڕی ئەو گەنمەی لەسەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا بۆ وەرزی ئەمساڵ وەرگیراوە، گەیشتووەتە زیاتر لە 700هەزار تەن.

حكوومەتی عێراق ساڵانە پێویستی بە نزیكەی پێنج ملیۆن تەن گەنم هەیە، بۆ پڕكردنەوەی پێویستییە ناوخۆییەكان.

بەگوێرەی یاسای ئاسایشی خۆراک، رێگە بە وەزارەتەکەیان دراوە، وەک ئەمبارێکی ستراتیژی، بڕی سێ ملیۆن تەن گەنم دابین بکات.  هاوکات، جگە لەو بڕە گەنمە، لە ئەمبارەکاندا بڕێکی زۆر گەنمی ئوسترالی و ئەڵمانی هەیە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە رێگەی بەندەری باشوورەوە گەیشتووەتە عێراق.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی  ڕاگەیاند: "ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، گەنمی زیاتر چێندراوە، هەرچەندە وشكەساڵی هەبووە و هێشتا دەست نەكراوە بە وەرگرتنی گەنم، بەڵام ئامادەكاریی خۆمان كردووە".

بەپێی ژمارەی دانیشتووانی، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 750 هەزار تەن گەنم هەیە.

ساڵی ڕابردوو 375 هەزار تەن گەنم بڕیاری لێ درا، كە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، بەڵام بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ ساڵی 2021 بریتی بوو لە 125 هەزار تەن، ئەوەی تر لە بازاڕ ساغ كرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لەوەش كرد، “ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی گەنم زۆر كەم بوو، وەرگرتنیش كەم بوو”.

نەوزاد شێخ كامیل، بۆ پڕكردنەوەی پێویستیی گەنم بۆ هەرێمی كوردستان، لە حكوومەتی عێراقەوە دابین دەكرێت و ئەو گەنمە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەرهەم دەهێندرێت.

جەختیشی كردەوە: "حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2017ەوە گەنمی لەدەرەوە هاوردە نەكردووە و تەنیا لە ماوەی ڕابردوودا 250 هەزار تەنی هاوردە كردووە. وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕەزامەندیی لە حكوومەت وەرگرتووە، كە سێ ملیۆن تەن گەنم لەدەرەوە هاوردە بكرێت، ئەویش دوای وەرگرتنی رەزامەندیی پەرلەمان".

ساڵانە ئەگەر 10 مانگ ئارد دابەش بكرێت، بە گشتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 600 هەزار تەن ئارد دەبێ، بۆ بەشەخۆراكی مانگانە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی: "ئەگەرچی لە ناوچەكانی تری عێراق بەشەئاردی زیاتر دابەش كراوە، بەڵام هێشتا ئارد لە هەرێمی كوردستان هەرزانترە، چونكە لە هەموو سنوورەكان رێگا بۆ هێنانی ئاردی بازرگانی كراوەیە، ئەوەش وای كردووە، نرخەكەی گران نەبێت".

لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەنگاوی باش بۆ دروستكردنی سایلۆ نراوە، كە بەبێ سایلۆی مەخموور، توانای ئەمباركردنی 650 هەزار تەن گەنم هەیە و لە هەرێمی كوردستان كێشەی وەرگرتن و ئەمباركردنی گەنمی جووتیاران زۆر كەم بووەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، بەرهەمی تێکڕای جووتیارانی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن و 315 هەزار تەن گەنمە.