پەکەکە، خەریکە دەبێتە سەرئێشەیەکی جیهانی و ناوبانگی کورد دەزڕێنێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پەکەکە، خەریکە دەبێتە سەرئێشەیەکی جیهانی و ناوبانگی کورد دەزڕێنێ

چاودێران و شارەزایانی نێودەوڵەتی پێیان وایە، پەکەکە وەکوو ڕێکخراوێکی چەکداری، خەریکە دەبێتە سەرئێشەیەکی جیهانی و کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی کورد دروست کردووە. هاوکات بۆ بوون بە ئەندامی (ناتۆ)ش، تورکیا مەرجی بۆ فینلەندا و سوید هەیە کە پێوەستە بە چالاکییەکانی پەکەکە لەو دوو وڵاتە.

سوید و فینله‌ند و داواکردنی بوون بە ئەندام لە ناتۆ

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 18/5/2022 نوێنه‌ری فه‌رمیی هه‌ردوو وڵاتی سوید و فینله‌ندا له‌ برۆكسل، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داواكارییه‌كانیان بۆ ئه‌ندامبوون له‌ (په‌یمانی ناتۆ) پێشكه‌شی سه‌رۆكی ئه‌مینداری گشتیی هاوپه‌یمانییەکە كرد.

ئەوە لەکاتێکدایە کە په‌رله‌مانی فینله‌ندا، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 17ی5ی2022 به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ره‌های په‌رله‌مانتاره‌كانیان و به ‌ڕێژه‌ی (95%)ی كۆی گشتی، ده‌نگیان به‌ (به‌ڵێ) دا بۆ چوونه‌ ناو ئەو هاوپەیمانییە.

لای خۆشیانەوە ئان لیندی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوید، دوای واژۆكردنی نامه‌ی بوون به‌ ئه‌ندامی وڵاته‌كه‌ی له‌ (په‌یمانی ناتۆ) رایگه‌یاند: “سوێد و فنلاند پێكه‌وه‌ بڕیاریان داوه‌ داواكاری بۆ چوونه‌ ناو (په‌یمانی ناتۆ) پێشكه‌ش بكه‌ن”.

ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید ئاشكراشی كرد: “تاوەكوو ئێستا فینلەندا و سوید لەسەر بوون بە ئەندام لە ناتۆ لەگەڵ توركیا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام لە تورکیامان گەیاندووە کە ئێمە پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆرستی دەزانین”.

وڵاتان بۆ دەیانەوێ ببن بە ئەندامی ناتۆ؟

بوون بە ئەندامی ڕێکخراوەی پەیمانی ئاتلانتیکی باکوور، ناسراو بە (ناتۆ)، کە ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە و لە 30 وڵاتی ئەندامی کیشوەرەکانی ئەمریکای باکوور و ئەوروپا پێک ھاتووە، زیاتر لەبەر ئەوەیانە، چونكە لە ماددەی پێنجی پەیماننامەکەدا ھاتووە کە ئەگەر ھێرشێکی چەکداری بكرێتە سەر ھەر یەکێک لە دەوڵەتە ئەندامەکانی، ئەوا ھێرشە دژی ھەموویان و ئەندامانەکانی دیكە یارمەتیی ئەو ئەندامەیان دەدەن، کە ھێرشی کراوەتە سەر، لەگەڵ ھێزی چەکداری پێویست.

ئەو هەوڵەی فینلاند و سوید لە ئێستا زیاتر بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینایە، کە وڵاتانی دراوسێی رووسیا پێیان وایە، ئەگەر بچنە ئەو هاوپەیمانیەوە، زیاتر پارێزراو دەبن، بەڵام بوونی ئەندام و رێکخراو و چالاکیی پەکەکە لەو وڵاتانە، بووەتە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەمیان، چونکە بەپێی پەیماننامەکە، دەبێ هاتنی هەر وڵاتێک بۆ ناو ئەو هاوپەیمانییە بە رەزامەندیی وڵاتانی پێشتری ناتۆ بێت، کە تورکیاش یەکێکە لە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ و پێویستە ئەو دوو وڵاتە رەزامەندیی لێ وەربگرن.

پەکەکە وەکوو سەرئێشەیەکی جیهانی

د.ئاراس عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و شارەزا لە یاسایی نێودەوڵەتی، لەمبارەوە بۆ (باسنیوز) رایگەیاند: “لە مادەی 10ی هاوپەیمانیی ناتۆدا هاتووە، ئەگەر هەر دەوڵەتێک داوای ئەندامبوون بکات، ئەوا دەبێ کۆی گشتیی ئەندامانی هاوپەیمانییەكە رەزامەند بن، واتا ئەگەر یەک دەوڵەت لەو هاوپەیمانییە ڕازی نەبێ، ئەوا بەربەست دەکەوێتە بەردەم ئەندامبوونی داواكار، لە هەمان کاتیشدا، بۆشاییەکی یاسایی لە ناتۆدا نییە کە ئاماژە بە سڕکردنی دەنگی یەک وڵاتی هاوپەیمانییەکە بکات، لەبەرئەوە، لە ئەگەری رەزامەندنەبوونی تورکیا، هیچ میكانیزمێكی یاسایی نییە، کە بەبێ تورکیا بتوانرێ ئەوە بکرێت، تەنیا تورکیا دەتوانێ بە پشتبەستن بە مادەی 13، ساڵێک پێش ئەوە ناتۆ ئاگادار بکاتەوە کە نیازی دەرچوونی لە ئەندامێتیی هاوپەیمانییەكەدا هەیە، بێگومان تورکیا ئەوە ناکات، چونکە بوونی لەو هاوپەیمانێتییە لەبەرژەوەندیدایە”.

گوتیشی: “ئەوەی کێشە سەرەکییەکەیە ئەوەیە، پەکەکە بووەتە بەربەست لەبەردەم هەردوو وڵاتی سوید و فینلەندا، لەكاتێكدا هەردوو وڵاتەكە ئاماژەیان بەوەش داوە، کە پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆرستییە، بەڵام وا دیارە ئەوە تورکیای رازی نەکردووە، چونکە تورکیا مەرج و داواکاریی ئەوەیە کە سەرجەم چالاکییەکانی پەکەکە لەو وڵاتانە رابگیرێن، لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و ئەو چالاكییانەی پەکەکە لەو وڵاتانە ئەنجامی دەدات”.

ئەو چاودێرە نێودەوڵەتییە پێشی وایە، پەکەکە بۆ ناوبانگی کورد زۆر خراپە و ئەگەر پێشتر بۆ هەرێمی کوردستان کێشە بووبێت، ئێستا بووەتە سەرئێشەیەکی گەورەی جیهانی و لەلایەن زۆر لە وڵاتانەوە بەکار دەهێنرێن و هەندێ لە وڵاتانیش زیانی گەورەیان بەهۆی پەکەکەوە بەر کەوتووە.