مەسرور بارزانی.. خەمخۆری خەڵك و یەکڕیزیی نیشتمانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 18/05/2022

مەسرور بارزانی.. خەمخۆری خەڵك و یەکڕیزیی نیشتمانی

بە درێژایی مێژووی بوونیان، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، ھەوراز و نشێو و قۆناغی جیاجیای بەخۆیەوە بینیوە، ھەندێک کات گەیشتووەتە رێككەوتنی ستراتیژی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورە بۆ كوردستان، بەڵام گەلێ جاریش گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و بێئومێدیی خەڵك، لە دوای کۆچی دوایی (مام جەلال)یشەوە، پێوەندییەكانی نێوان ئەم دوو حزبە، زۆربەی كات باش و ساز نەبووە.

كۆچی دوایی مام جەلال، كێشەی نەبوونی سەنتەری بڕیاری لەنێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا و جیاوازی و فرەبڕیاری و فرەگوتارییشی لێ هاتە ئارا، ئەمەش بە زەقی كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پێوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دروست كرد و كاریگەریی ئەنجامە خراپەكانیشیمان بینی هەم لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان و هەم لەسەر ژیان و گوزەران و دۆخی دەروونیی خەڵكی كوردستان، گەرچی سەرۆک بارزانی ھەمیشە بە گیانی بەرپرسیارێتی و وەفاوە لە ماڵی مام جەلالی روانیوە و تەنانەت لە چەندان بۆنە و پەیامدا، کوڕەکانی مام جەلالی بە برازای خۆی لە قەڵەم داوە.

پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە رابەرایەتیی ئەو سەرۆكە، دیسان بە رۆحێكی پڕ لە خەمخۆری بۆ ئارامی و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی خەڵكەكەی، سەرەڕای سەركەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتدا، هەمیشە هەموو توانای خستووەتە گەڕ، تا یەكێتی بەشێكی كارا بێت لە حكوومەت و دەست لەناو دەست پێكەوە لەگەڵ حزبە بەشدارەكانی تر، خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەمەش بۆ خۆی دەرخەری ئەو راستییەیە کە سەرەڕای کاریگەریی خراپی زۆر لە رووداوەكان و كاریگەریی وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر ھەندێک لەو بەڕێزانە، بەڵام بەلای پارتییەوە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوماڵی كورد و بەهێزبوونی كوردستان و پێشكەوتنی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەی، ئامانجی ئەوەڵ و ئەخیری بووە.

ئەنجامەكانی دوایین هەڵبژاردنی عێراق و سەركەوتنی پارتی بە ٣١ كورسیی پەرلەمانی عێراق، پۆستی سەرکۆماری عێراق، کاریگەریی ئەجیندای ئیقلیمی، خراپی لە ئیدارەدان، دواجار ئاستەنگی بۆ دابەشکردنی مووچەی كارمەندانی حكوومەت و خانەنشیانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دروست كرد، ئەمەش دیسان كێشەكانی نێوان پارتی و یەکێتیی توند و تۆخ کردەوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرێس كۆنفرانسێكی بۆ میدیا عێراقی و كوردستانیەكان رێك خست، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، نیگەرانیی خۆی هەمبەر بە كێشەی دابەشكردنی مووچە لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین، دەربڕی و پەرۆشیی خۆی بۆ دانیشتوان و مووچەخۆرانی ئەو دوو پارێزگا و دوو یەكە ئیدارییە سەربەخۆیە پیشان دا و هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا، چەند بەڵێنێكی دا، یەكێك لەوانە ئەوە بوو كە بە زووترین كات لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیداریی ئەو شوێنانە دادەنیشێت تا بەوردی بزانێ، كیشەی نەبوونی داهات و دابەشنەكردنی مووچە چیە؟ بەڵێنێكی دیكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئەوە بوو، كە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ، تا ئەو كێشەیە كۆتایی پێ بێت.

ئەوە بوو دوێنێ سیشەممە (١٧\٥) بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابووری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجام درا.

لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان و پێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانە ڕوو، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان  کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات و بەرپرسیارێتیی دووپاتیان كردەوە كە سەرشانیشیانە کە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە.

بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجیی مووچە لەپێش هەر خەرجییەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمان کاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هاواهەنگیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان، بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە ڕاست و دروستیی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

خۆشبەختانە لە دوێنێوە دوای ئەو كۆبوونەوەیەی سەرۆك وەزیران و ئەو بڕیارانە، ئەوەی لە میدیاكانی یەكێتی و پارتییەوە هەستی پێدەكرێت، دۆخەكە ئارام و ئاسایی بووەتەوە و هێرشكردنە سەر یەكتر و یەكدی تۆمەتباركردنیش، نەماوە، بەدڵنیاییەوە هیوا و ئومێدی گەورەی چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینیش، لەدوای ئەو كۆبوونەوەیەوە هاتووەتە ئارا. بەمەش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەلماندی كە هەم خۆی بەهێز و بەئیرادەیە، هەمیش هەوڵی بێوچان دەدات كە كوردستانێكی بەهێز و پێشكەوتوو ئارا بێت، ئەو راستییەشی سەلماند كە خەمخۆری راستەقینەی خەڵكی هەموو ناوچەكانی كوردستان و خەمخۆری یەكڕیزیی نیشتمانی و تەبایی راستەقینەی بێ پێچ و پەنا و پاشقولە، سوپاس بۆ خوا لە هەرێمی كوردستاندا ویست و هێز و ئیرادە بۆ چارەسەركردن و بنیاتنان هەیە، هەر ئەوەشە ئاسۆیەكی روونمان بۆ ئایندەی ئەم هەرێمە نیشان دەدا.