لە سنوورى قەزاى پشدەر، شوێنەوارناسێک چەندین پارچە شوێنەوارى لەسەر ئەرکى خۆى کڕیونەتەوە و لە خۆشەویستیشى بۆ شوێنەوار هەمووى پاراستوون و لە شوێنى تایبەت دایناون.
لەوبارەیەوە، عەلى قادر، شوێنەوارناس، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند:" لەدواى ڕاپەڕینە مەزنەکەى ساڵى 1991ەوە هەندێک کەس سەرقاڵى بازرگانیکردن بوون بە پارچەی شوێنەواری، من دەستم کرد بە کڕینەوەى گۆزە و پارچە شوێنەوارییەكان و لاى خۆم پاراستمن، کە ژمارەیان 314 پارچە شوێنەوار و کووپە و گۆزەیە".
گوتیشى: "مێژووى هەندێک لەو پارچانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەى سۆمەرى، ئەمەش ئەوە دەردەخات، كە مێژووى ژیان لە سنوورى پشدەر دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش زایین".
عەلى قادر ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "هەموو ئەو پارچە شوێنەوارانەى تاوەكو کردنەوەى مۆزەخانە لە قەڵادزێ، بە بەڵگەى فەرمى داوەتە مۆزەخانەى سلێمانى و شوێنەوارى ڕاپەڕین، بۆ ئەوەى لە فەوتان و خراپبوون بپارێزرێن".