بەرپرسی بنكەی لالش: ناكۆكییەكانی ناو شنگال كاریان كردووەتە سەر نەریت و كولتووری خەڵكی ئێزدی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسی بنكەی لالش: ناكۆكییەكانی ناو شنگال كاریان كردووەتە سەر نەریت و كولتووری خەڵكی ئێزدی

" گرووپە چەكدارەكان بۆ خێر و خاتری خەڵكی ئێزدی نەهاتوونەتە شنگال"

بەرپرسی بنكەی لالش لە ناحیەی سنوونێ ڕایدەگەیەنێت، ناكۆكییەكانی ناو شنگال لە نێوان سوپا و گرووپ و میلیشیا چەكدارەكاندا كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر كولتوور و داب و نەریتی خەڵكەكە.

د. سلێمان فانو، بەرپرسی بنكەی لالش لە ناحیەی سنوونێ، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”ناكۆكییەكانی ناو شنگال بووەتە هۆی ئەوەی، كاریگەریی خراپ بكاتە سەر داب و نەریت و كولتووری خەڵكی ئێزدی و ئەگەر هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا خەڵكەكە بەتەواوی شنگال چۆل دەكەن، چونكە خەڵكەكە باوەڕییان بەوە نەماوە لە شنگالدا بمێننەوە“.

سەبارەت بەوەی، كە گرووپە چەكدارەكان بۆچی گوێ لە خەڵكی شنگال ناگرن، د. سلێمان فانو، گوتی: ”گرووپە چەكدارە ناشەرعییەكان بۆ خاتری خەڵكی شنگال نەهاتوون، ئەگەر ئەمانە خێر و چاكەی خەڵكی شنگالیان بوێت، ئەوا شنگال چۆل دەكەن و دەڕۆن، بەڵام ئەمانە هەرگیز گوێ بە داوا و داخوازیی خەڵكەكە نادەن و هیچ مەبەستیان نییە لە شنگال بچنە دەرەوە، بەڵكو ئامانجیان ئەوەیە ڕەوشی شنگال زیاتر تێك بدەن، ئەو گرووپە چەكدارانە خۆشیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە خەڵكی شنگال چارەی ئەوانیان ناوێت، بۆیە هەرگیز بە خۆشی شنگال چۆل ناكەن و شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر بۆ خەڵكی شنگال دروست دەكەن“.

بەرپرسی بنكەی لالش لە سنوونێ گوتیشی: ”گرووپە چەكدارەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی بوونەتە هۆی ئەوەی سوپای عێراق هێزێكی زۆر بهێنێتە ناوچەكە، ڕۆژێ دادێ ئەمەش ببێتە گرفت بۆ خەڵكی ناوچەكە، چونكە كاتێك تەواوی شوێنەكان كران بە سەربازگە، خەڵكی ئاسایی ناتوانێ لەناویاندا بژیت، گرووپ و میلیشیا چەكدارەكانیش دەزانن شەڕیان لەگەڵدا دەكرێت، بۆیە ئەوانیش هێزەكانیان لەناو شنگال زیاد و بەهێز دەكەن“.

د. سلێمان فانو، ئاماژەی بە ترس و دڵەڕاوكێ لەناو خەڵكدا كرد و گوتی: "هەر خێزانێك لەناو شنگالدا مابێتەوە، ترس و دڵەڕاوكێی بۆ دروست بووە، چونكە نازانن چی لە شنگالدا ڕوودەدات و دەترسن شەڕ دروست بێ و دیسان ئاوارە ببنەوە، بۆیە ئەو خەڵكە هیوادارە شەڕ ڕوو نەدات، بەڵام هیچ گرەنتییەك بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ئەو خەڵكە نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ سوپا و گرووپە چەكدارەكان هێزەكانیان لە شنگال زیاتر دەكەن“.

سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان سوپا و گرووپەكانی سەر بە پەكەكە، ئەو بەرپرسەی لالش گوتی: ”راوەستانی شەڕ لە شنگال شتێكی كاتییە و مەترسیی هەیە لە هەر كاتێكدا بێ شەڕ ڕوو بدات، چونكە ئەوەی ئێستا لە شنگالدا كراوە چارەسەر نییە، ئەگەر دۆخی شنگال بەتەواوی چارەسەر نەكرێت، ئەوا هەموو ئەو خەڵكەی كە گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، دیسان ئاوارە دەبنەوە“.

د. سلێمان فانو، ئەوەشی ئاشكرا كرد: "خەڵكی شنگال بڕیاری خۆیان داوە و داواكارن سەر بە هەرێمی كوردستانەوە بن، بەڵام ئەو گرووپە چەكدارانەی پەكەكە و حەشد هاتوونەتە شنگال، بۆ ئەوەی دۆخی شنگال تێكبدەن، بۆیە پێویستە ئەو گرووپ و میلیشیایانە دەستبەرداری شنگال بن و چۆلی بكەن و ڕێز لە بڕیار و داخاوازییەكانی خەڵكی شنگال بگرن“.