دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت كە تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بەشێکی زۆر لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیان لە مین و تەمەنی پاك كردووەتەوە.
دەزگای گشتیی كاروباری مین ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە مەترسیدارەکان و بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە ڕووبەری (٧٧٦) کم٢ ڕووبەری خاکەکەی پیس کراوە بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگییە نەتەقیووەکان کە لەلایەن دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە بەسەر سێ هەزار و 500 ناوچەی مەترسیداردا دابەش کراوە، کە لەو ناوچانە زیاتر 13 هەزار و 521 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی و ڕۆژانە بە بەردەوامی گوێمان لە هەواڵی نەخوازراوی ڕووداوی مین لە هەرێمی کوردستان دەبێت کە کاریگەریی لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و ژێرخانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە هەبووە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا باسیان لەوەش كردووە كە بۆ ئەو مەبەستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧ دەزگای گشتیی کاروباری مینی دامەزراند، کە ڕۆژانە بە بەردەوامی تیمەکانی خەریکی پاککردنەوە و لەناوبردن و پووچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنین و مانگانە بە هەزاران مین و تەقەمەنی لە ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگەمینڕێژەکان هەڵدەگرنەوە و پووچەڵیان دەکەنەوە.
باسیان لەوەش كردووە كە تەنها لە ماوەی سێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا (کانوونی دووەم/ شوبات/ئازار) چالاکییەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین بەم شێوەیە بووە:
- ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی لەناو براون بریتی بووە لە دوو هەزار و 796 مین و تەقەمەنی و پارچەی تەقەمەنیی جەنگی کە هەریەکێک لەو مین و تەقەمەنیانە مەترسی بوون لەسەر گیانی چەندین هاووڵاتی.
- کۆی ڕووبەری پاککراوە لەو سێ مانگەدا بریتی بووە لە 156 هەزار و 615 مەتر دووجا کە دوای پاککردنەوەی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە بۆ نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و دەتواندرێت دووبارە وەبەرهێنانی تێدا بکرێـت.