د. دیلمان ئازاد: پێویستە دایك و باوكان شارەزاییان لەسەر پەروەردەی سێكسی هەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

د. دیلمان ئازاد: پێویستە دایك و باوكان شارەزاییان لەسەر پەروەردەی سێكسی هەبێت

"لە 100 حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سه‌ر مندڵان لەوانەیە 20ی بگاتە پزیشكی دادوەری"

پزیشكێك باس لە پەروەردەی سێكسیی منداڵ دەكات و بە پێویستی دەزانێت، كە دایك و باوكان شارەزاییان لە پەروەردەی سێكسیی منداڵان هەبێت، چونكە حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان هەیە.

د. دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕی دادوەری و مامۆستا لە زانكۆی پزیشکیی هەولێر، بۆ (باسنیوز) ئاماژە بەوە دەدات، كە هەندێک رەفتار هەیە لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە منداڵ دەكرێت، لە داهاتوودا کاردانەوەی خراپیان دەبێت. بۆیە رای وایە، كە جێی خۆیەتی لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕانی پەروەردەیی، هەندێك بابەتی پەیوەست بە پەروەردەی سێكسی بخەنە نێو پڕۆگرامی خوێندن و بابەتەکە لە شەرمەوە دەربچێت، دەبێت منداڵان و خێزانەكانیانت لێی ئاگادار بن.

ئەو پزیشكە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەبێت دایک و باوکان هەندێک لەبارەی پەروەردەی سێکسی بزانن: ”مەبەستمان لە پەروەردەی سێکسی، فێرکردنی منداڵەکەتە بە شێوەیەکی زانستیی سنووردار، کە لەلایەک لەگەڵ کۆمەڵگەدا بڕوات، لەلایەکی دیکە منداڵەکەت لە کارەساتی نەخوازراو بپارێزی“. ئەو پزیشكەی پسپۆڕی دادوەری، جەخت لە بوونی دەستدرێژیی سێكسی دەكاتەوە و دەڵێت: ”دەستدرێژیی سێكسی هەیە و زۆریشە، لەبەر ئەمەشە ئەو هۆشیارییانە بڵاو دەكەینەوە، تاوەكوو بتوانین كەمی بكەینەوە، چونكە ئەو حاڵەتە هەیە“.

بۆیە ئەو مامۆستایەی زانكۆ، هەندێك رێنوێنی لەمبارەیه‌وە بڵاو دەكاتەوە، تاوه‌كوو دایك و باوكان لێی ئاگادار بن و ئاماژە بەوە دەدات، كە هەندێک جار دایک و باوکان وادەزانن ئەگەر منداڵ لە هەموو شتێکدا بەگوێی کردن و بێ بیرکردنەوە و پرسیارکردن لەبارەی کردن و نەکردنی هەر شتێک ئەوەی ئەوان گوتیان ئەو بڵێت بەڵێ یان باش، ئەوە منداڵەکەیان گوێڕایەڵە، بەڵام دەڵێت: ”نازانن دەبێ منداڵ فێر بکرێت، کە لە بەرامبەر هەندێک جۆرە شت دەبێت بڵێت (نا). ئەو (نا) گوتنە بەرامبەر بە گەورەکان بێ ئەدەبی نییە، بەڵکوو ئەوپەڕی پەرەوەردەیەکی جوان و تەندروستە، هه‌روه‌ها پێدانی هێزی متمانە و ڕادەربڕینە و جوانترین کەسایەتیێکە، کە بۆ منداڵ دروستی دەکەیت، چونکە زۆرجار بەگوێکردنی کوێرانە و گوتنی بەڵێ بۆ هەموو شتێک، کەسایەتییەكەی لاواز دەکات و دەیکاتە نێچیری هەموو دەستێک و هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بەکاری بێنێت“.

هەروەها ئەوەش روون دەكاتەوە، كە دەبێت منداڵەکەت فێر بکەیت، کە لە جەستەیدا شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە و پەیوەستە بە ڕەگەزەکەی و هیچ کەسێک بۆی نییە دەستکارییان بکا، ئەگەر کەسێک ویستی دەستیان لێ بدات، ئەوا بە دەنگی بەرز هاوار بکا و ئەوانی دیکەی لێ ئاگادار بکاتەوە و نەهێڵێت دەستی لێ بدەن. هاوكات دایك و باوكان، منداڵەكانیان ئاشنای شوێنە هەستیارەکان بکەن و بە وردی باس لە تایبەتمەندییان بکەن، فێریشیان بکەن هەر یەک لەو ئەندامانە ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە و نابێ مرۆڤ لە ناوهێنانیان شەرم بکات.

د. دیلمان، بە پێویستی دەزانێت، كە منداڵان فێر بكرێن، بە هیچ شێوەیەک لەدەرەوەی ماڵ، خواردن و خواردنەوە لە بێگانە وەرنەگرێت، لەگەڵ کەسدا بەناوی یاری نەڕواتە دەرەوە، هەروەها دەبێت منداڵان فێر بکرێن، کە لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیان یاری بکەن و برادەرایەتییان بکەن و زۆر پێویستیشە منداڵان فێر بکرێن، کە لەبەردەم خەڵکدا جلی خۆی نەگۆڕێت و تایبەتمەندییەکانی بە وریاییەوە بشارێتەوە و دەریان نەخات، دەشڵێت: ”کاتێک کە ناسیاوێک هەندێک جار بە گاڵتەوە لەگەڵ منداڵەکەت یارییەکی نادروست دەکات، بۆ نموونە، بێجامەکەی لەبەر رادەکێشێت! ئەوا وەک دایک و باوک نابێت ئەوە قبووڵ بکەیت، بەڵکوو دەبێت ئەوە بڵێن، کە دەزانم تۆ بە گاڵتە وادەکەی و وا دەڵێی، بەڵام ببوورە من لەبەر پەروەردەی منداڵەکە بەو هەڵسوكەوتە ڕازی نیم. بۆیە منداڵ فێر بکەن، کە لە باوەشی کەس دانەنیشێت و ماچی نەکەن، لەگەڵ ئەوەش مانەوەی منداڵ بەتەنیا لە ماڵان کارێکی باش نییە، دەبێت بۆ هاتوچۆ سنوورێك هەبێت، بە تایبەتی لەنێوان دراوسێکاندا“.

لەبارەی بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی دەستدرێژی، د. دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕی دادوەری و مامۆستا لە زانكۆی پزیشکیی هەولێر، نایشارێتەوە، كە ئەو ژمارانەی بڵاویش دەكرێنەوە، كەمترن لەوەی روو دەدەن: ”خەڵكێكی زۆر راوێژم پێ دەكەن، ئەوەی ئاگادار بم، لەوانەیە لە 100 حاڵەتدا ئەگەر 20 حاڵەتی بگاتە پزیشكی دادوەری، ئەوی دیكە كپی لێ كراوە و لێی بێدەنگ دەبن، چونكە زۆربەی ئەو كارە لەلایەن خزم و كەسی نزیكەوە ئەنجام دراوە، بۆیە نایانەوێ ئابڕوویان بچێت و منداڵەكەش بەرچاو بكەن، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە لەو حاڵەتەدا تاوانبار لێی دەردەچێ و منداڵەكەش لە رووی دەروونییەوە تێكدەچێت“.

ئەو پسپۆڕەی پزیشكی دادوەری، بۆ روودانی ئەو حاڵەتانە و لە كاتی دەستدرێژیی سێكسی ئەوە دەخاتە ڕوو، كە بەرلەوەی شوێنەواری ئەو حاڵەتە و دەستدرێژییەكە بزر بێت، پێویستە ببرێتە لای پزیشكێكی دادوەری، دواتر دەبێت ئەو منداڵە لەلای دەروونناس، یان پسپۆڕی دەروونییەوە چارەسەری دەروونی وەربگرێت: ”حاڵەت بۆ حاڵەتیش جیاوازە، هەیە چارەسەرییەكەی قورسە، كچ و كوڕیش چارەسەریان جیاوازە، لە كاتی چارەسەری دەروونیدا، وا دەكەیت منداڵێكی نۆرماڵ دروست بكەیتەوە، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت، ئەو منداڵە هەر بە ڕووخاوی دەمێنێتەوە، لەوانەیە قوربانیی دیكە لەدوای خۆی دروست بكات، بە گشتیش دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵ و هەرزەكار زۆر زیاترە لە گەورەكان“.