کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کورتهێنان و گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجام درا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کورتهێنان و گرفتە داراییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجام درا

پێدانی مووچە ئەولەویەت دەبێت و كورتھێنانەكەی پڕ دەكرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧\٥ بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی داهات و خەرجییەکان و كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین ئەنجام درا.

سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە؛ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە داراییەی لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین دروست بووە تایبەت بە کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە.

لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ‌جە‌خت كرایە‌وە‌ كە ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە چارەسەری ئەو گرفتە بکات کە پەیوەندیدارە بە مووچە و بژێویی هاووڵاتیان و، حکوومەت بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکان دەکات و ئەرک وبەرپرسیارێتیی کابینەکەشە، چارەسەری کێشەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ مووچە بکات لە هەر پارێزگا و ناوچەیەکی هەرێم بێت.

پاشان هۆکارەکانی کورتهێنان و کێشە داراییەکان و پێشنیارەکانی چارەسەرکردن بە داتا و ژمارەی پێویست خرانە ڕوو، ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی جەختیان کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی هەرێم دەکات و بەرپرسیارێتیی سەرشانیشمانە کە شایستەی دارایی مووچە‌خۆران لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان وەک یەک دابین بکرێت و ئەمەش ئەولەویەتی کاری ئەم کابینەیەیە.

بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی پێویست بۆ خەرجیی مووچە لەپێش هەر خەرجییەکی دیکە، دابینکردنی پارەی پێویست بۆ تەواوکردنی بودجەی پێویستی ئەم مانگە و لە هەمان کاتدا لە کۆبوونەوەکە بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆ بە هەمئاهەنگیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین و سەرجەم دامەزراوە دارایی و بانکییەکان، بۆ بەدواداچوونی ڕاستیەکان سەبارەت بە داهاتە گشتییەکان و گەیشتن بە ڕاست و دروستی ئەو قسانەی لەمبارەیەوە دەکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابووری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین ئامادەی بوون.