گرووپێك چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی مووشەكھاوێژ! دەستگیر كران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 17/05/2022

گرووپێك چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی مووشەكھاوێژ! دەستگیر كران

دوای ئەوەی دەزگاكانی ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان و ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، گرووپێك تیرۆریستی سەر بە پەكەكەیان لە سنووری پارێزگای دھۆك دەستگیر كرد و دەست بەسەر 9 مووشەكی كاتیۆشای (107 ملم)ی ئەو گرووپەدا دەگرن كە بەتەما بوون ھێرشی پێ بكەنە سەر بەنداوی دھۆك و وێستگەی كارەبا و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و خۆیشیان دانیان نا بەم كارە جوانەیاندا! ئیتر:

1- چاوەڕوانم میدیاكانی ھاوپەیمانانی پەكەكە و شەریك شعوورەكانیان، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی خۆیان ناویان لێ ناوە (زۆنی سەوز،) ئەگەر ھەر تۆزێك بۆ لەبیربردنەوەی تاڵانكردنی بانكەكان و قاچاخچێتیی سەر مەرزەكانی ئەو زۆنە جوانە پڕ مووچە و پڕ خزمەتگوزاریەش! بێت، بڵێن: دیسانەوە لە بادینان! كۆمەڵێك چالاكوان و ڕۆژنامەنووس! دەستگیر كران.

2- چاوەڕوانم كەمپەین بۆ ئازادكردنی ئەو چالاكوانە مووشەكھاوێژانەی پەكەكە بكرێت و بڵێن: دیسان لە بادینان! ئازادی پێشێل كرا. چاوەڕوانم بشڵێن: جا قەیچێكا با ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانە 4 مووشەكیان بگرتایەتە وێستگەی كارەبای دھۆك و دوو مووشەكیشیان بخستایەتە ناو بەنداوەكەی دھۆك! خۆ بەمە دنیا وێران نەدەبوو!

3- چاوەڕوانم بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان و دووسێ كەسی وەك عەلی حەمەساڵح، لە دادگاییكردنی ئەو چالاكوانە مووشەكھاوێژانەدا ئامادە بن و دواتر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بڵێن: ئەوەی ئێمە ھەستمان پێ كرد، ھیچ بەڵگەیەك نەبوو كە ئەوانە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی مووشەكھاوێژ بن!

4- چاوەڕوانم ھەر لەو زۆنە حەیاتەوە، ھەندێك بەرپرسی حزبی، قۆڵی لێ ھەڵماڵن و بەتایبەتییش ئەگەر ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی بڕیارلێدراوی خۆیدا بكرێت، لە كاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا بەرەو لای خانەوادە و كەسوكاری ئەو گرووپە چالاكوانە مووشەكھاوێژە مل بنێن و ھەندێك وێنە لەگەڵ منداڵ و كەسوكاریان بگرن و ئنجا دواتر لە پەیجەكانی خۆیاندا دایانبنێن و بڵێن: ئاخر چ ڕەوای حەقە باوكی ئەمە یان منداڵی ئەمەیان یان خێزانی ئا ئەمەیان، بەبێ ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنووسانە شەو ڕۆژ بكەنەوە!

5- بەخوا چاوەڕوانی ئەوەش دەكەم كە دوای ئەوەی دادگایی دەكرێن و سزای یاسایی دەدرێن، كۆمەڵێك پەرلەمانتار و ھەندێكیش بە ناوی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و كەسایەتی و پیاوماقووڵەوە، نامەیەك ئاراستەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بكەن و داوای دەركردنی بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەت یان كەمكردنەوەی سزاكان بۆ ئەو گرووپە چالاكوان و ڕۆژنامەنووسە مووشەكھاوێژانەی لێ بكەن! بەڕاستی ئەوانە هەموو شتێكی ناماقووڵ و ناشیاویان لێ چاوەڕوان دەكرێت.