دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەم لە بنیاتنانەوەی نانەواخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە كۆسپی سپی، لەسەر رێگای سەرەكیی (چۆمان-سۆران)، دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەكە.
هونەر كاكە ئەحمەد، بەرپرسی رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول لە باڵەكایەتی لە سنووری قەزای چۆمان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەم لە بنیاتنانەوەی نانەواخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە كۆسپی سپی،، كە پێكهاتبوو لە بڕین و فراوانكردنی شوێنەكە، بە هاوڕێیەتیی بەرپرس و كارگێڕانی لقی 26ی گوڵان، سەردانی كۆسپی سپیمان كرد، بە مەبەستی دەستبەكاربوون بۆ جێبەجێكردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەكە".
گوتیشی: "پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دروستكردنەوەی خودی نانەواخانەكە لەسەر شێوازی راستەقینەی خۆی، كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول نانەوەخانەكە چۆن بووە، بەهەمانشێوە بنیات بنرێتەوە و لەداهاتووێكی زۆر نزیك دەست بەكار دەبین و ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆك بارزانی بە جوانترین شێوە جێبەجێ دەكەین”.
ئاماژەی بەوەش كرد، هیواخوازین ئەم پڕۆژەیە ببێتە جێگای ڕەزامەندیی سەرۆك بارزانی و هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی، لەڕابردوودا خەباتیان بۆ ئازادی و رزگاریی كوردستان كردووە.