چاودێران: دادگای فیدڕاڵی خۆی کردووەتە جێگرەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چاودێران: دادگای فیدڕاڵی خۆی کردووەتە جێگرەوەی پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، دادگای فیدڕاڵیی عێراق، بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی لەسەر کۆی بابەتە سیاسییەکان، ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی ناو لایەنە سیاسییەکانی زیاتر کردووە، لە کاتێکدا خۆی کردووەتە جێگرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت.

لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە لە 10 تشرینی یەکەمی 2021، چاودێرانی سیاسی و یاساناسان، تێبینییەکانیان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە عێراق زۆر زیاتر بووە و پێیان وایە، لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە، ئەو دادگایە تەنیا بۆی هەیە شرۆڤەی دەقە یاساییەکان بکات، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێ، لەدوای هەڵبژاردنەوە بڕیارەکانی بە شێوەی ئیلزامی دەردەکات و لایەنگریی سیاسیی زۆری پێوە دیارە، زۆربەی بڕیارەکانیشی لە دژی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەتایبەتی لە پرسی فرۆشتنی نەوت و غازدا.

عوسمان گوڵپی، چاودێری سیاسی، لەمبارەیەوە بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بۆ هەر وڵاتێک بوونی دادگایەکی لەو ئاستە گرنگە، بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان ئەرک و رۆڵی خۆیان جێبەجێ بكەن، دادگای فیدڕاڵیی عێراقیش بەپێی دەستوور رۆڵ و دەسەڵاتێکی گەورەی پێ دراوە، تاوەکوو ئێرە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام کێشەکە لەو کاتەدایە کە ئەو دادگایە سەربەخۆیی خۆی نەپارێزێت و دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکرێت، لەو شوێنەی کە ئاراستەیەکی سیاسی بیەوێ هەموو دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت، لەو شوێنەیەش کە پێویستە و بەرژەوەندیی گشتی هەیە، بەڵام بەرژەوەندییەکە دژ بە ئاراستەیەکی سیاسییە، خۆی بێدەنگ بکات. 

گوڵپی گوتیشی: ”لە ڕابردوودا دادگای فیدڕاڵی هەبووە، بەڵام هەرگیز هێندەی چەند مانگی رابردوو نە دەسەڵاتی بەکار هێناوە و نە هاتووەتە مەیدانی سیاسییەوە، ئەوەی ئێستا هەیە جێگەی پرسیارە، ئەگەر هەر بەو شێوەیە بێت، ئەوا عێراق دەکەوێتە دۆخێكی خراپەوە.“

هەر سەبارەت بەو پرسە، د.ناسڕ هەرکی، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ئەو دادگایە هەر لە ساڵی 2010ەوە پرەنسیپی (گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە)ی پێشێل کرد، ئەوە سەرەتایەک بوو بۆ دەستگرتن بەسەر هەموو دیموکراسیەت لە عێراقدا، دواتر بڕیارەکانی بۆ پرسی کوتلەی گەورە، بابەتەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوت و غاز، ئەوانەیشی ئێستا دەیاندات، زۆربەی بڕیاری سیاسیین نەک دەستووری و یاسایی.

هەركی گوتیشی ”لە وڵاتان دادگا سەرچاوەی چارەسەری کێشەکانە، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە، دادگا خۆی بووەتە سەرچاوەی کێشەکان، هەروەها دەستوەردان لە کاروباری سیاسیدا دەكات، لەبەرئەوە ئەگەر سەیر بکرێت ئەو دادگایە ئێستا دەسەڵاتی نەک هەر پەرلەمانی عێراق، بەڵکوو دەسەڵاتی بۆ زۆر لە دامەزراوە حکوومییەکان لە عێراق نەهێشتووەتەوە“.