كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەمساڵ 40% گه‌نمی جووتیارانی دهۆك نادروێتەوە

”دەخڵودانەكە لە ئاكرێ و به‌رده‌ڕەش و شێخان و زاخۆ و ئامێدى باشە“

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ لە پارێزگای دهۆك ڕایدەگەیەنێ، ئەمساڵ 40%ی ئەو گەنمەی لە سنووری دهۆكدا چێندراوە، بەهۆی وشكەساڵییەوە نادروێتەوە.

ئه‌حمه‌د جه‌میل، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ لە پارێزگای دهۆك بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەمساڵ زیاتر لە 700 هەزار دۆنم زەوی بە دەخڵودان لە سنووری پارێزگای دهۆك چێنرابوو، بەڵام زیاتر لە 300 هەزار دۆنم لەو گەنمە چێنراوە، بەهۆی نەبارینی بارین وشك بووە و نادروێتەوە، كاریگەریی نەبارینەكە بەتایبەتی لە قه‌زای سێمێل و ناحیەی باتیل بەرچاوە و بۆ پشتیوانیی جووتیارەكان، لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای دهۆك پلانێك داندراوە“.

گوتیشی: "مەترسیی وشكەساڵی لە قه‌زا و ناحییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك جیاوازە، لە هەندێك ناوچە كاریگەریی زۆری لە دەخڵودانەكە كردووە و وشكی كردووە، لە سنووری قەزاكانی ئاكرێ و به‌رده‌ڕەش و شێخان و ئامێدى ڕه‌وشەكە باشه‌".

ماجد سه‌ید ساڵح، جێگرى پارێزگاری دهۆك بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: "لەگەڵ دامودەزگاكانی دهۆك پلانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی داندراوە، بەتایبەت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و ئاو لەو ناوچانە، لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، پلانمان هەیە بیری ئاو لەو شوێنانە لێ بدەین كە سەرچاوەی ئاوەكانیان وشك بووە، چونكە مەترسیی هەیە بەهۆی نەبارینی بارین وشكەساڵی سەرچاوەكانی ئاو وشك ببن و كار بكاتە سەر بەرهەمی دەخڵودانی جووتیاران“.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”پلان بۆ هەموو پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاو داندراوە، وەكوو پرۆژەی خراب دیمێ و پرۆژه‌ى ئاوی فه‌یدیێ و پرۆژه‌ی جه‌م به‌ره‌كات و پرۆژه‌ی ئاوی ئامێدى جێگرەوەیان بۆ دیار كراوە، كە ئەگەر كاریگەریی وشكەساڵییان لێ دەركەوت، ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت“.

ماجد سه‌ید ساڵح، ئاشكراشی كرد، كە: "نەبارینی باران كاریگەریی زۆری لەسەر دەخڵودان هەیە، بەتایبەت لە قەزای سیمێل، چونكە ئەمساڵ ڕێژەیەكی زۆری دەخڵودانی سێمێل نادروێتەوە، سێمێل بە چاندنی دەخڵودان بەناوبانگە، بەڵام نەبارینی باران زۆر كاری لێ كردووە، لە ئاكرێ و به‌رده‌ڕەش و شێخان و زاخۆ و ئامێدى دەخڵودانەكە باشە، بەڵام لە سێمێل زۆر خراپە و نادروێتەوە“.

خه‌لیل مه‌حمود، قایمقامی قه‌زا سێمێل بۆ (باسنیوز) گوتی: "رێژەیەكی زۆر گەنم لە قەزای سێمێل وشك بووە، زیاتر لە 80%ی گەنمی جووتیاران لە سنوورەكەمان نادروێتەوە، بۆ پشتیوانیی لە جووتیارەكانمان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ پلانێك داندراوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی جووتیاران دەكات، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بتوانن لەسەر چاندنی دەخڵودان بەردەوام بن“.