ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى چه‌ند جۆره‌ زه‌یتێك ده‌درێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڕوونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى چه‌ند جۆره‌ زه‌یتێك ده‌درێ

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕوونكردنه‌وه‌ى له‌باره‌ى چه‌ند جۆره‌ زه‌یتێك له‌ هه‌رێمى كوردستان بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/5/2022، وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازی ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "دواى ئەوەى لە مانگى ڕابردوودا هەواڵێک لە دەزگاکانى ڕاگەیاندن، بە تایبەت له‌ سۆشیال میدیادا بڵاو کرایەوە، گوایە توێژینەوەیەک لە کۆلیژى زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانى زانکۆی سەڵاحەددین بۆ چەند جۆرێکى زەیت کە لە بازاڕەکاندا هەن ئەنجام دراوە، گوایە پێنج جۆر لەو زەیتانە شیاو نین بۆ خواردن و لە مۆم و کریستاڵ و له‌ پاشماوەى نەوت دروست کراون و دەبنە هۆى جەڵته‌".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ ئەوکاته‌ وەزارەتى بازرگانى و پیشه‌سازى بە مەبەستى بەدواداچوون بە نووسراوى ژمارە 1624 لە 5/4/2022 داواى لە زانکۆی سەڵاحەددین و کۆلیژه‌كه‌ كرد، کە ئەو توێژینەوەیان بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ى بابەتەکە، زانکۆى سه‌ڵاحه‌ددین بە نووسراوى ژمارە 45371/3 لە 28/4/2022، ڕاپۆرتێکى پ.ی.د. ڕابەر فه‌تاح ساڵح، مامۆستاى کۆلێژه‌كه‌ى بۆ ڕەوانە کردین، کە گوایە ئەنجامدەرى توێژینەوەکەیە و تێیدا هاتووە بابەتەکە پەیوەندیى بە پۆستێکى دوو ساڵ پێش ئێستاوە هەبووە، کە باسى گرنگیى ئەنجامدانى توێژینەوە دەکا و داوا کراوە گرنگى بە بەرهەمە خۆماڵییەکان بدرێ، هیچ توێژینەوەیەکیش لەمبارەیەوە ئەنجام نەدراوە و بوونى نییه‌، هیچ لێدوانێک لەمبارەیەشه‌وە نەدراوە.

وه‌زاره‌تى بازرگانى داوا له‌ ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن ده‌كات: "بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵ و بابەتانە بکەن و پاش دڵنیا بوونەوە، بڵاو بکرێتەوە، هاووڵاتییانىش ئاگادار دەکەینەوە لێژنەکانى چاودێریى بازرگانى سەر بە وەزارەتمان بەردەوام لە بەدواداچوون دان و هیچ حاڵەتێکى لەم جۆرە لە ئارادا نییه‌".