سەکردەیەکی گۆڕان: پەکەکە بووەتە سەرئێشە و بارگرانی بۆ ھەرێمی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەکردەیەکی گۆڕان: پەکەکە بووەتە سەرئێشە و بارگرانی بۆ ھەرێمی کوردستان

''ئەگەر بەھۆی پەکەکەوە نەبێت، سوپای تورکیا بۆچی ناوچەی شارباژێر بۆردومان دەکات''

سەرکردەیەکی گۆڕان ڕایگەیاند، پەکەکە بووەتە سەرئێشە و بارگرانی بۆ ھەرێمی کوردستان، پێویستە ئەو حزبە ھەوڵی تێکدانی ئارامیی کوردستان نەدات و گوتیشی، پەکەکە بیانووی داوەتە سوپای تورکیا بۆ ئەوەی گوندەکانی کوردستان بۆردومان بکات، ئەگەر پەکەکە نەبێت سوپای تورکیا بۆچی ناوچەی شارباژێر بۆردومان دەکات.

کەریم مەغزی قاسم، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوونەتە سەرئێشە و بارگرانی بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، کاری ئەو حزبە ئەوەیە چالاکییەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ باکووری کوردستان، چونکە ھەرێمی کوردستان، خاوەنی حکوومەت و پەرلەمانی خۆیەتی و ناکرێت حزبێکی سیاسی، ئەگەر خۆی بە کورد بزانێت، ھەوڵی ئەوە بدات کە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان تێک بدات''.

گوتیشی: ''زیاتر لە ٣٠ ساڵە پەکەکە، خەباتی چەکداری دەکات، تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە گوندێکی کوردستانی باکوور ئازاد بکات، بەڵام پەکەکە، بیانووی داوە بە سوپای تورکیا بۆ ئەوەی گوندەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردومان بکات، ئەگەر پەکەکە لە ناوچەکانی کوردستان نەبێت، سوپای تورکیا بۆچی ناوچەی شارباژێر، یان ناوچەکانی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بۆردۆمان دەکات؟ بۆیە ھەموومان دەزانین پەکەکە بیانووی داوە بە سوپای تورکیا بۆ ئەوەی لەشکرکێشی بکات، بەڕاستی کاتی ئەوە ھاتووە ئەو حزبە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە''.

کەریم مەغزی قاسم، ئاماژەی بەوەش کرد: ''ھەرێمی کوردستان لانکەیەکی ئارامە بۆ ھەموو حزبەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، پیۆیستە ئەو حزبانەی لە ھەرێمی کوردستان، درێژە بە خەباتی سیاسی دەدەن، ڕێز لەم بەشەی کوردستان بگرن و ھەوڵی ئەوە بدەن، کێشەی سیاسی و سەربازی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکەن، چونکە ئەگەر ھەرێمی کوردستان لێی بشێوێت، لە ھەموو کوردێک دەشێوێت''.