پرۆژەی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی لە سیدەكان جێبەجێ‌ دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پرۆژەی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی لە سیدەكان جێبەجێ‌ دەكرێت

دوای راگیرانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، جارێكی دیكە،  بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی ناحیەی سیدەكان دەست بە كارەكانی كرایەوە.

 عەبدولقادر حاجی ئەكڕەم، سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی سیدەكان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "چەند ساڵێك لەمەوبەر بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 25 قەرەوێڵەیی لە سەنتەری ناحیەی سیدەكان داندرا، بەڵام پڕۆژەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرا، ئەمساڵ 2022 بە سەرپەرشتیی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادبوونی وەزیری تەندروستی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و  بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و دامودەزگاكانی سنوورەكە، جارێكی دیكە بەردی بناغەی ئەم نەخۆشخانەیە داندرایەوە".

سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی سیدەكان، ئاشكراشی دەكات: "ئێستا كاركردن لەو پڕۆژەیە دەستی پێكردووەتەوە و بە جێبەجێكردنیشی، خزمەتێكی بەرچاوی تەندروستی بە دانیشتووانی ناحیەی سیدەكان و دەوروبەری دەگات".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، گوژمەی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی ناحیەی سیدەكان، بریتییە لە سێ ملیار و 442 ملیۆن و 384 هەزار دینار.