عێراق.. ئەو وڵاتەی سەرگەردانی ئەجیندای دەرەكییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 17/05/2022

عێراق.. ئەو وڵاتەی سەرگەردانی ئەجیندای دەرەكییە

بەدرێژایی سەد ساڵی تەمەنی تا ئێستا، عێراق زیاتر لەسەر نەخشەی مقەبا و کاغەز وڵات بووە، ئەگەر نا زۆر بە كەمی خەسڵەتەكانی وڵاتبوون لە عێراقدا بەدی كراوە. عێراق نەک ھەر وڵات نەبووە، بەڵکوو جوگرافیایەكی پڕ كێشە و تەنگژە و شەڕ و كودەتا و خوێنڕیژی و كۆمەڵكوژی بووە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەحساب و بە یاسا و دەستوور، خاوەنی سیستەمی فیدڕاڵییە، کەچی دەسەڵاتدارانی شۆڤێنیترین دەسەڵاتداری دونیان، پێشتریش و ئێستاش، هەمیشە ئەوانەی لە دەسەڵاتدا بوون ویستوویانە بندەستەكان كۆتایی پێ بهێنن.

ئەم عێراقەی ئێستا خاوەنی دادگایەکی باڵای بەناو فیدڕاڵییە! کەچی ئەوەی لەو دادگایەدا هیچ دەنگ و پێكە و وجوودی نیە، گەلانی عێراق و ئەجیندای عێراقیە. ئەوەی لەو دادگایەدا سەروەرە ئەجیندا و بەرژەوەندیی بێگانەیە. بۆیە ئەم عێراقەی ناوی لێ نراوە دەوڵەت یان وڵات، نیشتمانی خەڵكەكەی نیە و ئێستا قوربانیی بڕیارەكانی ئەو دادگایەیە كە ئەجیندای دەرەكی بەڕێوەی دەبات!

عێراق خاوەنی سوپایەکی گەورەیە و نیوەی داھاتی وڵاتی بۆ خەرج دەکرێت، کەچی سوپاکەی بووە بە بارمەتە بە دەستی گرووپە میلیشیاکانەوە. خاوەنی حکوومەتێکی گەورەی پڕ وەزیر و سەرۆکە، بەڵام تەنیا ناوە و ھیچ دەسەڵاتێكی نییە.

سەرکۆماری ھەیە، کەچی سەرکۆمار بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە پێدەرناكرێت، سەرۆک پەرلەمانی ھەیە، بەڵام پەرلەمان ناتوانێ بۆ هەستیارترین و پێویستترین پرس كە هەڵبژاردنی سەركۆمارێكی نوێ و پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێیە، كۆ بێتەوە، ئەندامی پەرلەمان نازانێت کەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆک وەزیرانی ھەیە، کەچی سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی فەرمانبەرێکی یٔاسایی نییە و سەرۆکی حزبە میلیشیاکانی وڵاتانی ئیقلیمی بڕیار بەدەستن و جار بەجار چەند مووشەكێكیش دەگرنە نێو ماڵەكەی و هەڕەشەی كوشتنی لێدەكەن.

عێراق، یٔەو وڵاتەی ژێر خاكەكەی پڕە لە نەوت و غاز و كانزای جیاواز، ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەكان دەکات، کەچی ڕێژەی ھەژاریی ھەندێک لە شارەکان نزیكە لە 50% و رێژەی ژێر ھێڵی ھەژاری لە لوتکەدایە، عێراق تاکە وڵاتە كە ھەرچەندی پارە و خێروبێری زیاتر بێت، شارەکانی وێرانتر دەبن و بێبەش دەبن لە ھەموو خزمەتگوزارییەکان.

یٔەو وڵاتەی خاوەنی باشترین دەستوورە، بەڵام کاری پێ ناکات و نایەوێت ببێت بە وڵاتی یاسا سەروەر و خاوەن دەستوور، بەڵکوو ھەر دەیەوێت یٔەم و یٔەوی تر بێت. عێراق یٔەو وڵاتەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە بووکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کەچی بوو بە خراپترین و وێرانترین وڵات، عێراق یٔەو وڵاتەیە کە بە شادەماری یٔابووریی ناوچەکە ناسراوە و چاوەڕوان دەکرا قەرز بە وڵاتانی ناوچەکە بدات، کەچی لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، زیاتر لە سەد و پەنجا ملیار دۆلار قەرزار بووە و لەناو و گەندەڵیدا غەرق بووە.

عێراق، هیچ سەروەرییەكی نییە و ھەر جارەو لای وڵاتێک و گرووپەکانی میلیشیاوە، سەروەرییەكەی پێشێل دەکرێت، نە یٔاسایشی ھەیە و نە یٔارامیی ماوە. ھیچ شتێکی نییە، تەنیا لە زۆریی حزبدا بێ ڕکابەرە و سەدان حزبی ھەیە، بەڵام ھیچیان بە کردار عێراقی نین و لەسەر حسابی خێروبێری عێراق یٔەجێندای وڵاتانی دیكە جێبەجێ دەکەن.

نیشتمان ئەگەر زمانی هەبوایە و قسەی بکردایە، حاشابوونی خۆی لە عێراق دەکرد. عێراقییەکان لەوەتەی ھەن لە عێراقەكەیان بێئومێدن، بەڵام ھێشتا عێراقچییەکانی كوردستان بە ئومێد و تامەزرۆن کە عێراقی وێران، ھەرێمی کوردستان دادگایی بکات و ھەڵیبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم خەونەش وەکوو ھەموو خەونەکانی دیكەی ئاغا و سوڵتان و پاشاكانی خۆیان، دەبەنە گۆڕی تاریكەوە.