لە تولەر تێگەییشتن یان ھەر تەقەی سەرتان دێ؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 16/05/2022

لە تولەر تێگەییشتن یان ھەر تەقەی سەرتان دێ؟

تایبەت بە چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەی نەوت و غاز لەنێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقدا، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق (ماثیۆ تولەر) پێش كۆتاییھاتنی ماوەی كاركردنی لە عێراق، دەڵێت: ”گەیشتن بە یاسای نەوت و غاز، تاكە چارەسەرە بۆ كێشەكانی پەیوەست بە ئیدارەدانی نەوت و غاز و دابەشكردنی داهاتەكەی لەنێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.“ سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش كە دژی ھەرێمی كوردستان دەریكردووە، تولەر دەڵێت: ”پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر بكەن تا یاسایەک بۆ نەوت و غاز دابڕێژن و بە گوێرەی ئەو یاسایە، سامانە سروشتییەكان بەڕێوە ببەن و داهاتەكەی دابەش بكەن...“ ئنجا:

1- تولەر لە كاتێكدا ئەم لێدوانەی داوە كە ھێشتا وەك باڵوێزی ئەمەریكا كۆتایی بە ماوەی كاركردنی لە عێراقدا نەھاتووە، واتە تولەر خانەنشین نەبووە و ئنجا دوای خانەنشینبوونی بچێت لە ماڵەوە یان لە ناوەندێكی توێژینەوە ئەم لێدوانە بدات، ھەتا بگوترێت ئەوە ڕای شەخسیی خۆیەتی! بەڵكوو ئەو لێدوانە فەرمیە و گوزارشت لە ڕای ڕەسمیی ئەمەریكا دەكات.

2- بۆ ئەوەی لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا، تۆمەتی لایەنگریی بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دروست نەكەن، ڕاستەوخۆ تولەر ناڵێت بۆ چارەسەری ڕیشەیی كێشەی نەوت و غاز لەنێوان ھەرێم و عێراقدا لەگەڵ بیروڕای حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندام بەڵكوو دەڵێت: ”گەیشتن بە یاسای نەوت و غاز، تاكە چارەسەرە بۆ كێشەكانی پەیوەست بە ئیدارەدانی نەوت و غاز و دابەشكردنی داهاتەكەی لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا“ بەڵام خۆ ئەوە زۆر ڕوونە كە پێشتر و ئێستاش، ھەر ئەوە بۆچوونی ڕەسمیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە كە بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەم كێشەیە، پێویستە یاسای نەوت و غازی عێراق، بەگوێرەی دەستووری عێراق دەربچێت.

كەواتە لێرەدا ئەو لێدوانەی تولەر ئەوەشی لێ دەخوێنرێتەوە كە ئێستا لە عێراقدا بەبێ یاسایەك كە ھەرێم و عێراق لەسەری كۆك بووبن، مامەڵە لەگەڵ دۆسێی نەوت و غاز دەكرێت و ئەوەی ھەیە یاساكانی سەردەمی بەعسە و عێراق بەگوێرەی ئەم یاسایانە مامەڵە لەگەڵ دۆسێی نەوت و غازدا دەكات، ئەم یاسایەش نەك ھەر بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دەست نادات، بەڵكوو كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵۆزتر دەكات و ئەمەریكاش لەگەڵ ئاڵۆزكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و عێراقدا نیە، كەواتە ئەمەریكا لەگەڵ مامەڵەی نادەستووری و نادروستی عێراقدا نیە!

3- ئەوەندەشی پەیوەندیی بە بڕیاری داگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە ھەبێت كە لە 15–2-2022دا دەریكرد و دەڵێت: ”گرێبەستەكانی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەستووری نین!“ ماثیۆ تولەر دەڵێت: ”پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر بكەن تا یاسایەک بۆ نەوت و غاز دابڕێژن و بەگوێرەی ئەو یاسایە، سامانە سروشتییەكان بەڕێوە ببەن و داهاتەكەی دابەش بكەن.“ كەواتە تولەر لێرەشدا ناڕاستەوخۆ ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دژی ھەرێمی كوردستان بە نایاسایی و نادەستووری دەزانێت و ئەسڵەن لەم قسانەی ماثیۆ تولەر ئەوە دەردەكەوێت كە دادگای باڵای فیدراڵی بەبێ یاسا و بە پێخاوسی بەناو كەوتووە، ئەگینا ئەگەر وا نیە، چۆن تولەر دەڵێت: ”پێویستە ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بەیەكەوە یاسایەك بۆ نەوت و غازی عێراق دەربكەن؟“ ئێ ئەمە كەواتە لە عێراقدا ھەر یاسا نیە! جا كە یاساش نەبێت، كەواتە دادگای فیدراڵی بارەگای حزبە نەك دادگای باڵا... ئنجا:

4- لە كۆی ئەو لێدوانەی باڵوێزی ئەمەریكا، ئەوەش دەردەكەوێت كە ھەتا یاسای نەوت و غازی عێراق بە گوێرەی دەستووری عێراق دەردەچێت، وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ ھەرچیەك لەبارەی نەوت و غازی عێراق و كوردستانەوە بڵێن، بۆ خۆیانی دەڵێن و ئەوەی دەیڵێن ھیچ ئیعتیبارێكی یاسایی و دەستووریی نیە! ئنجا ئیتر ئێستا نازانم ئەوانەی عێراق و ناوخۆیشمان كە دەڵێن با ھەرێمی كوردستان نەوت و غاز و ھەموو سامانە سرووشتیەكانی خۆی تەسلیم بە عێراق بكات، ئایا سەر لە شیكردنەوەی وردی ئەو لێدوانەی باڵوێزی ئەمەریكا دەردەكەن و تێیدەگەن، یان ھەر تەقەی سەریان دێت و بارە گوێزیان لێ بنێیت خڕەی نایەت!