کاریگەریی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئابووریی ئەورووپا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 16/05/2022

کاریگەریی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئابووریی ئەورووپا

جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا تەنیا پێکدادانی سەربازی و وێرانکاری و کوژرانی ھەزاران سەرباز نییە، بەڵکوو ھەر زوو کاریگەرییە گەورەکانی ئەو شەڕە بەسەر زۆربەی سێکتەرەکاندا دەرکەوتن، بەتایبەتتر کاریگەرییەکان ھەموو ئەورووپایان گرتەوە، وڵاتانی ئەورووپاش ھۆشداریی زیادبوونی مەترسییەکان دەدەن.

مەترسییەکان چین؟

دابەزینی بەهای یۆرۆ لە بەرامبەر دۆلار، کە حەوت ساڵە بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە، ئەمە جیا لەوەی بە شێوەیەکی خێرا نرخی کاڵا، خۆراک و وزە، بەرز بووەتەوە، گرانییەکە كە 41 ساڵە هاوشێوەی ئێستا نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە. نرخی (غازی سروشتی) بەرز بووەتەوە، بەهۆشیەوە هەموو پێداویستییەکانی دیکەش، هەر لە خانووبەرەوە تاوەکوو خۆراک، گران بوون.

(ئەڵمانیا) لە نێوجەرگەی ئەورووپا گەورەترین هێزی ئابووریی ئەورووپایە، پایتەختی ئیمپراتۆریەتی پیشەسازی و کارسازییە، هێشتا لە قەیرانەکانی کۆرۆنا رزگاری نەبووبوو، گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی غازیشی هاتەسەر.

گرانیی بازاڕ

بەراورد بە ساڵی رابردوو، نرخی وزە 84%، نرخی غاز 145%، نرخی نەوت بۆ گەرمکردنەوە 131% و خۆراک 12.2% بەرز بوونەتەوە، تەنانەت نرخی هەندێک خۆراک زۆر زیاتریش بەرز بوونەتەوە. نرخی رۆنی زەیت 72.3% و نرخی گۆشتیش 31.1% زیادیان کردووە.

گرانییەکە تەنگی بە هەموو لایەک هەڵچنیوە، ئەگەر بەپێی داتاکان سەرنجی کۆمپانیاکان بدەین، كە لە چ دۆخێکدان، دەبینین:
46%یان ناچارن وەبەرهێنانەکانیان رابگرن، 6%یان دەیانەوێت بنکەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵات، 90%ی کۆمپانیاکانیش دەیانەوێت نرخی کەلوپەلەکانیان بەرز بکەنەوە و 14%یش دەیانەوێت شوێنی کار، کەم و بچووك بکەنەوە.


لە ئێستاوە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ کاریگەرییان لەسەر ڕووسیاش داناوە، بە شێوەیەک کە (ڕۆبڵ)ی ڕووسی نیوەی بەهاکەی لەدەست داوە و هەڵاوسانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە.

ئێستا بۆرسەی مۆسکۆ داخراوە و زۆر لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک (ئیکیا و ماکدۆناڵدز و ڤیزە و ماستەرکارد.. ھتد) وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە.
پێشبینیش دەکرێت، لە ماوەی ساڵی 2022دا ئابووریی ڕووسیا بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی 15% لە كورتی بدات.

وەک ئابووریناسان وێنای دەکەن، شەڕی ئۆکراینا و رووسیا سێیەم شۆکی ناهاوسەنگە کە یەکێتییەکە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تووشی بووە، دوای قەیرانی دارایی و ئابووریی ساڵی 2008 و قەیرانی دواتری یۆرۆ و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کۆڤید-١٩.
شۆکی ناهاوسەنگ بریتییە لە: گۆڕانکارییەکی لەناکاو لە بارودۆخی ئابووریدا، کە زیاتر لە ھەر شوێنێکی دیکە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە.

یەکێتیی ئەورووپا دەبێ چی بکات؟

بۆ ڕێگریکردن لە لاوازکردنی گۆڕانکارییە ھەنووکەیی و ناهاوسەنگەکان، یەکێتیی ئەورووپا چەند ڕێگەیەکی لەپێشە:
پێویستە تواناکانیان بەرز بکەنەوە، بۆ پیشاندانی هاوسۆزی لەگەڵ وڵاتانی زۆرترین زیانلێکەوتوو،
ھاوشێوەی ئەوەی کە لەدوای قەیرانی 2008-2009 کردیان.
یەکێتیی ئەورووپا لە ماوەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەتای کۆڤید-١٩ بووەوە، چ بە کۆکردنەوەی کڕینی ڤاکسین و چ لە ڕێگەی پلانی نوێ، ئەمەشی بە ھەماھەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەدەست ھێنا.

بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا

لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا لەسەر ئەورووپا، ھۆکار بوو بۆ ئەوەی لە ناوەندی کۆبوونەوەی نافەرمیی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپادا لە ڤێرسای، سهرۆکی ئەو وڵاتانە و حکوومهتەکانیان ڕێک بكەون که بهزووترین کات و قۆناغ به قۆناغ کۆتایی بە پشتبەستنیان به هاوردهکردنی غاز و نهوت و خهڵووزی ڕووسیا بێنن.

ڕێگەکانی ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەکان لەسەر ئەورووپا

بەپێی پلانێکی نوێ، یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت بە سێ ڕێگا پشتبەستن بە ڕووسیا کەم بکاتەوە، کە ئەوانیش بریتین لە:
1- هەمەچەشنکردنی پێداویستییەکان.
2- کارایی وزە.
3- خێراکردنی وزەی نوێکردنەوە.

لەبارەی هەمەچەشنکردندا، یەکێتیی ئەورووپا جەخت لەوە دەکاتەوە كە پێویستە کڕینی غازی سروشتیی شل (LNG) لە دابینکەرانی وەک ئەمریکا، قەتەر، نەرویج، بەرهەمهێنەرانی ئەفریقی و ئەوانی دیکە زیاد بکەن، ئەمەش ڕەنگە کەمێک لەو کاریگەرییە قورسانە کەم بکاتەوە.

خەرجییەکانی جەنگ

بەپێی توێژینەوە سەربازییەکانی تایبەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، پێویستیی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری و جەنگ لە کۆتایی ئەم شەڕەدا، یەکێتیی ئەورووپا ناچار دەکات خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن، بە شێوەیەک كە ھاوکاری ئۆکراینا بن لە سەرکەوتن و ڕووبەڕوونەوەی ڕووسیا.

هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە، وەک (ئەڵمانیا)، پێشتر ڕێوشوێنی نوێی گرنگیان لەم بوارە گرتووەتە بەر، بە خەرجکردنی 100 ملیار یۆرۆی زیادەی بەرگری لە ساڵی 2022 و زیادکردنی بودجەی بەرگری بۆ سەرووی 2%ی بەرهەمی ناوخۆیی لە ساڵی 2024.

کێشەی ئاوارەکان

لێشاوی بەرفراوانی پەنابەران بۆ ناو یەکێتی ئەورووپا، یەکێکی دیکەیە لە ئالنگارییەکانی بەردەم ئەورووپا، زیاتر لە 2 ملیۆن کەس سنووری یەکێتیی ئەورووپایان بڕیوە و پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە ھەفتە دوای ھەفتە زیاد بکات.

ھاوسێکانی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەورووپا هاودەنگییەکی بەرچاویان لە پێشوازیکردن لەو پەنابەرانە پیشان داوە. لێرەشدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ڕاستەوخۆ زۆرترین پەیوەندییان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لێشاوە و لە داهاتوودا پێویستیان بە پلانی نوێ و گونجاوتر دەبێت.

کاریگەریی جەنگەکە لەسەر وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و گەشەسەندوودا

ئەم جەنگە کاردانەوەی گرنگی ھەبووە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و گەشەسەندوو، بەتایبەت ئەوانەی هاوردەکاری وزەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی بەردینی، زیاتر ڕووبەرووی ئاریشە دەبنەوە.

دانەوێڵە و گەنم

بازاڕی دانەوێڵە و گەنم، ھیچی کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی جەنگ و ئەمیش قوربانییەکی دیکەی جەنگەکەیە.
ھەریەکە لە گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە، کە ڕووسیا و ئۆکراینا هەناردەکاری سەرەکیی ئەو بەرھەمانە بوون، کاریگەریی بەرچاویان دەبێت.
پێشبینی دەکرێت، نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەتاییەکان بەرزتر ببێ، بەمەش ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری دروست دەبێت.

کاریگەریی جەنگ لەسەر وڵاتە ھەژارەکان

رێكخراوێكی خێرخوازی ئهڵمانی ئاشكرای دهكات، بههۆی جهنگی ئۆكرانیاوه، برسێتی زۆربهی ناوچهكانی جیهان دهگرێتهوه، بهتایبهت وڵاته ههژارهكان.
رێكخراوی (فێڵد هۆنگهر هیلفه)ـهی ئهڵمانی، هۆشداری لهبارهی كاریگهرییهكانی جهنگی ئۆكرانیا بڵاو كردهوه، بهتایبهت له وڵاته ههژارهكان رایگهیاند، ئهوان له داهاتوودا گهنمیان بهئاسانی دهست ناكهوێت.

ئهو رێكخراوه ئهڵمانییه راشیگهیاند، ئهو وڵاتانهی له ئۆكرایناوه راستهوخۆ و ناڕاستهوخۆ گهنم هاورده دهكهن، ئێستا بههۆی جهنگهوه گهنمیان پێ ناگات، له داهاتووشدا تووشی كێشه دهبنهوه.
ئهو رێكخراوه ئهوهشی خسته ڕوو، بههۆی جهنگی ئۆكرایناوه، نرخی كاڵا و خۆراكهكان له زۆربهی وڵاته ههژارهكان به شێوهیهكی بهرچاو بهرز بووهتهوه.
رێكخراوه ئهڵمانییهكه روونی كردووەتەوه، له وڵاته ههژارهكان زۆرترین پاره بۆ خۆراك تهرخان دهكرێت، ئهمه وا دهكات خهڵكەكەیان بهرهو شوێنی دیكه كۆچ بكهن.

قەیرانی خۆراک و خوێندن

قەیرانی خۆراک لە ئەورووپا و بەتایبەت ئەو وڵاتە ھەژارانەی کە ئەم کاریگەرییە دەیانگرێتەوە، ئەگەری ڕاگرتنی خوێندن یان وازهێنانی منداڵان و گەنجان لە خوێندن زیاتر دەکات، بەتایبەت لەو ماڵە هەژارانەی کە بە کشتوکاڵی بچووک دەژین.

پوختە

بۆ یەکێتیی ئەورووپا، بنیاتنان و پەیوەندیی هاوبەشی یەکسان لەگەڵ وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا، وەک دەوڵەتانی ئەفریقا، دەبێ ئاراستەیەکی نوێی ستراتیژی گرنگ بێت. لە جیهانی فرەجەمسەری و وڵاتانی تازەپێگەیشتوویش دەتوانن هاوبەشی خۆیان هەڵبژێرن.

شەڕ لە ئەورووپا جەخت لەو ڕاستییە دەکاتەوە کە وەبەرهێنان لە بواری پەروەردە، بژێوی، پێشگیری لە ململانێ، کاری ئاشتی و هاوبەشیی ڕاستەقینە، کاریگەرترین و گونجاوترین شێوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانن. وەک هاوسەنگییەک، مەترسیی پەرەسەندنی ناسەقامگیری لە دەوروبەری ئەورووپادا هەیە، ڕەنگە ئێستا بژارەی سەرەکیی ئەورووپاییەکان، فشاری زیاتر بێت بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بێ گومان قەیرانێکی نوێ چاوەڕوانی ئەورووپا دەکات.