ئەمڕۆ، دووشەممە 16/5/2022، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراق دەسەڵاتدارن و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەسیاسی کراون.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕوو لەو لایەنانەی نێو پەرلەمانی عێراقی كە كۆسپ و تەگەرە دەخەنە بەردەم پرۆسەی سیاسی و بە (سێیەكی پەكخەر) ناوی بردن دەڵێت، ڕەوتی سەدر بە هیچ شێوەیەك بۆ پێكهێنانی حكوومەت هاوپەیمانیەتیتان لەگەڵدا ناكات.
موقتەدا سەدر دووپاتی كردەوە، گەلی عێراق دووچاری هەژاری بووەتەوە، نە حكوومەتی ئێستا و نە حكوومەتی زۆرینەی نوێ بە كەڵكی نایەت.
گوتیشی: بەدرەفتاریتان گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی بە ئاشكرا و بە ڕۆژی ڕووناك ئەو یاسایانە پەك بخەن كە خزمەت بە گەلانی عێراق دەكات و جەختیشی کردەوە کە نابێـت عێراق بگەڕێنرێـتەوە سەرەتای گەندەڵكاری و پشكپشكێنە و ڕەفتاری ئەو سێیەكە پەكخەرەی بە مایەی شەرمەزاری لەقەڵەم دا.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، موقتەدا سەدر هێرشی توندی كردە سەر دادگای باڵای فیدراڵی و گوتی: ئەو دادگایە بەسیاسی كراوە و تۆمەتباری كرد بەوەی ڕەفتاری سێیەكی پەكخەر تێدەپەڕێنێت.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە وتەكەیدا ئاماژەی دا، سێیەكی پەكخەر گەلی عێراقیان كردووەتە ئامانج و مەبەستیانە چۆكی پێ دابدەن، بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات كوێری كردوون و ئەو بارە قورسەی كەوتووەتە سەرشانی خەڵك نایبینن. قۆرخكاریی میلیشیاكان بۆ دەسەڵات و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی و گەندەڵی نابینن كە باڵی بەسەر عێراقدا كێشاوە و وڵات پڕ بووە لە كوشتن و ڕفاندن و دزی و چەتەگەری. تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی خەڵك زۆرینەی كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق بە نموونەی دزی و شەرمەزاری دەهێننەوە.
سەدر لە بەشێكی دیكەی وتە ڤیدیۆییەكەیدا بە سێیەكە پەكخەرەكەی گوت، بۆ پەكخستنی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت بەهانە لە نێوان خۆتان و خودا و خۆتان و گەلی عێراق دەهێننەوە. لە خۆتان ناپرسن لە بەردەم خودا چ بەهانەیەك بۆ پەكخستنی قووتی خەڵك و سەروەرییەكەی دەهێننەوە؟
دەشڵێت: ئەگەر وا تێگەیشتوون ئەو ڕەفتارانەتان ناچارمان دەكات، هاوپەیمانی لەگەڵتان ببەستین، نەخێر و هەزار جار نەخێر، جارێكی دیكە عێراق ناگەڕێنینەوە سەردەمی تەوافوق و گەندەڵی و پشكپشكێنە.
لە كۆتاییدا سەرۆكی ڕەوتی سەدر گوتی: تەوافوق ساڵانێكی درێژ ببوو بە دەرد و نەخۆشی لەسەر دڵ و سینگی عێراق و عێراقییەكان و تەڕ و وشكی بە یەكەوە لەناو برد و زیانی بە هەموو ئەوانە گەیاند كە بیر دەكەنەوە و تێڕوانینیان هەیە و خەیاڵیان فراوانە. تاكەی ئەو ڕەوشە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و گەندەڵی و تەوافوق باڵ بەسەر هەموو شتێكدا بكێشێت و عێراقییەكانیش قوربانیی سەرەكی بن و ڕزگاركەرێكیش نەبێت.