چۆن پێشكه‌وتن بریتى نییه له‌ گه‌شه‌كردن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
خەڵات عومەر 15/05/2022

چۆن پێشكه‌وتن بریتى نییه له‌ گه‌شه‌كردن؟

به‌شى شه‌شه‌م

باسى (پێشكه‌وتن) و (گه‌شه‌كردن)م كرد، پێشەو‌كه‌وتن ناكاته‌ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌كردنه‌!
باسى (په‌ند)م كرد، په‌ند به‌رهه‌مى پێشكه‌وتن و كه‌ڵه‌كه‌كردنى زانینى ساڵان و سه‌رده‌مه‌ و له‌خۆڕا نه‌هاتووەتە كایه‌وه‌ و سه‌روسه‌وداى له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردندا هه‌یه‌!
باسى (په‌نده‌كانى پیره‌مێرد)م كرد، گوتم "خوێندوومنه‌ته‌وه‌ و پڕگرنگن". ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت گرنگیشیان پرسیارم لێ بكه‌یت، وه‌ڵامه‌كه‌مت پێ سه‌یر ده‌بێت، كه‌ ده‌ڵێم "به‌رى ئه‌زموونى ده‌وڵه‌مه‌ندى زانین و به‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییەشه‌وه‌ بریتییه له‌ ساده‌ و ساكاری.‌"

تۆ ده‌پرسیت، باشه‌ چۆن ئه‌وه‌ى گرنگه‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌، بریتییە له‌ ساده‌ و ساكارى‌؟
با به‌ر له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌، ئیستێك له‌سه‌ر كتێبێكى تایبه‌ت بكه‌م.
(ئازاد عه‌بدولواحید)ى نووسه‌ر و لێوەكۆڵ و دۆست و هاوڕێى خۆم و باب و بنه‌ماڵه‌م، ئه‌ركێكى جوامێرانه‌ى به‌دیار به‌رهه‌مه‌كانى كۆتایى ته‌مه‌نى مامۆستا (شوكر مسته‌فا)وه‌ كێشاوه‌.

به‌رى ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌و نووسینانه‌ى به‌ قه‌ڵه‌مى (شوكر مسته‌فا)ى گه‌وره‌ نووسه‌رى كورد له‌ گۆڤارى (ڕامان)دا بڵاو بووەته‌وه‌، كتێبێكه كه‌ ده‌شێت بڵێم مۆرى نووسه‌ره‌ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ى كوردییه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ى زمانى حاڵى كتێبه‌كه‌ به‌گوێى مێژوودا بچرپێنێ و بڵێت "ئه‌گه‌رچى دره‌نگیش بێت، به‌ڵام نابێت شوكر مسته‌فا به ‌كه‌متر له‌ بیرمه‌ند ناو بنرێت، هه‌ر واش بچێته‌ په‌ڕاوى مێژووه‌وه‌."

كه‌ ئه‌م كتێبه‌م خوێنده‌وه،‌ گوتم (جابزانه‌ ئه‌م شوكرى خوایه‌ چ بیرمه‌ندێكه‌ و چى له‌ ئێمه‌ شاردووەته‌وه‌ و نه‌یهێشتووه‌ به‌م كوردییه‌ بیر بكه‌ینه‌وه!)
مامۆستا شوكر له‌ لاپه‌ڕه‌ 56ى كتێبی (سه‌رچاوه‌كانى بیروباوه‌ڕى كورده‌وارى)دا نووسیویه‌تى (كورد له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانى ده‌وروبه‌رى خۆى سه‌ره‌تاییتر بووه‌، ده‌بینى هه‌میشه‌ كاڵا به‌قه‌د باڵا، هه‌ر خه‌ریكى بیروباوه‌ڕى سه‌ره‌تاییانه‌تر بووه‌..)

به ‌پێودانگى خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كه ‌بێت، ئه‌م گوزارشته‌ ڕه‌خنه‌یه‌، به‌ڵام بێگومان هه‌رده‌م حه‌كیم ده‌زانێت چى ده‌ڵێت.
به‌تایبه‌تى ئه‌م سه‌ره‌تایبوونه‌یه‌، كه ‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌ك هه‌ر گرنگه‌، به‌ڵكوو هه‌موو مرۆڤایه‌تى پێویستى پێیه‌تى.
به‌ڵام به‌ڕاست، ئه‌ى سه‌ره‌تاییبوون خۆى چییه‌؟

ئێمه‌ كه ‌باسى سه‌ره‌تاییبوون ده‌كه‌ین، هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ دڕندایه‌تى و بێمۆراڵى و زۆرێكیش له‌ بێسه‌روبه‌رى و به‌هێند نه‌گرتنى به‌ها و توندوتیژى ده‌بینین، پێشمان وایه‌ ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌تایین، چ وێڵ و كه‌ماڵیان نییه ‌و ئێمه‌ كه ‌پێش ئه‌وان كه‌وتووین و زۆر له‌پێشیانه‌وه‌ین و مۆدێرنین و به‌ حه‌وت فرسه‌خ پێشمان داونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕوانینێكى گشتییه‌ و گوایه‌ ڕاست و دروسته ‌و چ غه‌لوغه‌شى له‌سه‌ر نییه.

ڕا و بۆچوونى هاوشێوه‌ى تریش هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تایی له‌مانه‌ ده‌چن و زۆریش جیاواز نین و لاسایى ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌.
ده‌مه‌وێت سه‌باره‌ت سه‌ره‌تاییبوون شتێكى جیاواز بڵێم كه ‌من له‌ هه‌گبه‌ى خۆمه‌وه‌ نه‌مهێناوه‌، به‌ڵام بۆچوونێكیشه‌ ده‌شێت كه ‌تۆى خوێنه‌ر ده‌ىبینیت پێت ئه‌وه ‌بێت كه‌ شایه‌نى به‌هێند وه‌رگرتن و خوێندنه‌وه‌یه‌.
من هه‌ق به‌ تۆ ئه‌ده‌م، جا بۆ هه‌قت پێ نه‌ده‌م، گوایا من خۆم چیم هه‌قى خه‌ڵكان بشارمه‌وه‌!
با لێره‌دا باسێكى سه‌ره‌تاییبوون، بكه‌م كه‌ چییه‌؟

من باسى پێناسین ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌مه‌ى له خواره‌وه‌ تۆمارى ده‌كه‌م، بریتییە له‌ ڕا و بۆچوونى من كه‌ سه‌باره‌ت سه‌ره‌تاییبوون و ئه‌وه‌ش ‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌ ئا ئه‌مه‌یه‌، كورت و پوختى كوردییه‌كه‌ى ده‌كه‌م و ئاوه‌هاش ده‌ىهۆنمه‌وه‌، جا بزانه‌ چییه‌.

(سه‌ره‌تاییبوون) مامه‌ڵه‌ى سه‌ره‌تایى مرۆیه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانیدا، با بڵێم مرۆڤ چه‌ند پێویستى به‌ خۆراكه‌، یان چه‌ند پێویستى به‌وه‌یه كه‌ ژیانی پێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یاخود وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بۆ گوزه‌ر‌انى پێویستى به ‌چییه‌؟
مرۆڤ پێویستى به‌ چی بێ‌ به‌ده‌ستى ده‌هێنێت، مرۆڤ چى ده‌وێت به‌ سروشت و تایبه‌تمه‌ندى و خۆرسكى، به‌ده‌ستى ده‌خات، ئه‌و شته‌ى سه‌ر و سامان و پێویستیه‌تى خڕى ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ى ناشیه‌وێت فه‌رامۆشى ده‌كات.

سه‌رنجێك له‌م بۆچوونه‌م بده،‌ كه‌ له‌ زانسته‌وه‌ هه‌ڵمهێنجاوه‌ و قسه‌ى به‌ركى خۆم نییه‌، منداڵێكى شه‌ش مانگه‌ بخه‌ مه‌له‌وانگه‌یه‌كه‌وه‌، به‌ سروشتى خۆى به‌رگری ده‌كات، مه‌له‌وانى ده‌كات و له‌ خنكان ده‌ربازى ده‌بێت، بۆچى؟
ئه‌م ساوایه‌ هیچ له‌ مێشكیدا نییه‌!
منى خوێنده‌وار و نووسه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ند به ‌بیر و بۆچونى زۆر بمخه‌نه‌ هه‌مان مه‌له‌وانگه‌ و ئاوه‌وه كه‌ هیچ مه‌له‌وانى نازانم، خنكاوم!
منداڵه‌كه‌ بۆ ناخنكێت؟! چونكه‌ هیچ نازانێت، جه‌نابیشم زۆر ده‌زانم، بەڵام له ‌هه‌مان ئاودا خنكاوم!

با باسى ئه‌م چیرۆك و ڕازه‌تان بۆ بكه‌م، من كه‌ زۆر زانام بۆیه‌ ده‌خنكێم!
من كه ‌ده‌مخه‌نه‌ ئاوه‌كه‌وه‌، ده‌زانم خه‌ڵكێك هه‌ن په‌تێكم بۆ فڕێ ده‌ده‌ن. من ده‌زانم پۆلیس هه‌ن به‌فریامه‌وه‌ دێن. ده‌زانم به‌له‌م و مه‌له‌وان هه‌ن، ئه‌مانه‌ فریام ناكه‌ون و تیا ده‌چم، منداڵه‌كه كه‌ هیچ ئه‌مانه‌ له‌ خانه‌كانى مێشكیدا تۆمار نه‌كراوه‌، به‌فریاى خۆى ده‌كه‌وێت و ده‌رباز ده‌بێت.
وه‌ره‌ با باسى ڕاز و خوازێكى خۆمت بۆ بكه‌م، باسى قسه‌ و خوازێكت بۆ بكه‌م كه‌ ئه‌گه‌ر زۆر خه‌ڵوه‌تى نه‌بێت، هه‌ر بۆ باسكردن ناشێت و هى ئه‌وه‌ش نییه‌ باسى بكه‌یت.

جارێكیان كێشه‌یه‌كم هه‌بوو، سه‌ر و سه‌ودام له‌گه‌ڵ كێشه‌ى هاوشێوه‌دا نه‌بوو، نه‌مده‌زانى چی بكه‌م!
له‌ هه‌ركوێوه‌ ده‌ستم پێ ده‌كرد، هیچم پێ نه‌ده‌كرا. با قسەیه‌كى خۆمانه‌ت بۆ بكه‌م، وه‌ك په‌روانه‌ به‌ ده‌ورى خۆمدا ده‌سووڕامه‌وه‌!
ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارم نییه‌ به‌ده‌ورى خۆمدا بسووڕێمه‌وه‌، نازانم تۆ باوه‌ڕت به‌ هیچ ئایین و ئایینزایه‌ك هه‌یه‌؟ نازانم به‌ چى سوێندت بده‌م، بگه‌ڕێیت به‌ هه‌رچى په‌ستیدا هه‌یه‌ كه‌ست له ‌من په‌ست و بێ نه‌وا و بێ په‌روا پێنادۆزرێته‌وه.

وا ده‌زانى له‌ سه‌د هه‌زار ئاسماندا هیچ خۆر و هیچ ئه‌ستێره‌یەكت نییه‌، نازانى چى بكه‌یت!
ڕۆژگارى وا سه‌ختم بینیوه‌، سه‌ختى له‌ ڕۆژگاردا هه‌ر هیچ ناونیشانێكى نییه.
وام لێ هاتبوو نه‌مده‌زانى خه‌و چییه‌..
وه‌ى كه‌ چووبوومه‌ خێڵى به‌ خێڵان، له‌وانه‌ى ده‌خه‌وتن!
فلمێك هه‌یه‌ ناوى (فاید كلاپ)ه‌، كورتى بكه‌مه‌وه‌ پێت ده‌ڵێت "ئازار فێرت ده‌كات به‌خته‌وه‌ر بیت"

رۆژى حه‌ڤده‌ى ئۆكتۆبه‌ر بوو، ته‌نم قورس بووبوو، بتكێشامایه‌ و له‌ قه‌پانت دابام، سه‌د و بیست و پێنج كیلۆ ده‌بووم.
وه‌ى چى بكه‌م؟
شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر بوو، له‌ خه‌وى قووڵدا بووم و به‌خه‌به‌ریان هێنا‌مه‌وه‌ و گوتیان شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ره‌ و كه‌ركووكیان به‌و ده‌رده‌ بردووه‌!
چووم بۆ نزیكترین هۆڵى وه‌رزشى و گوتم "چ ده‌ردودووم نییه‌ و ده‌مه‌وێت جه‌سته‌م وا ئازار بده‌ن، مێشكم بیر نه‌كاته‌وه‌"
باسى هیچم نه‌كرد، دوو ساڵ و نیو جه‌سته‌ى خۆم ئازار دا، بۆ ئه‌وه‌ى بیر نه‌كه‌مه‌وه‌، كە له‌ ئه‌زموونه‌كه‌ هاتمه‌ ده‌رێ، جه‌سته‌یه‌كى پته‌وم هه‌بوو، مێشكێكى پڕساف، ئیره‌ییم به ‌خۆم ده‌برد!

شێوازى ته‌ندروستیى باش بیركردنه‌وه‌ى باشت پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕاست نییه‌، به‌ڕاستى بیركردنه‌وه‌ى باش و ئه‌قڵى باشیش ته‌ندروستیى باشت پێده‌به‌خشێت!
وا ورده‌ ورده‌ فێر ده‌بم نانم بخۆم، وا ورده‌ ورده‌ فێر ده‌م قسه‌ بكه‌م، وا ورده‌ ورده‌ فێریش ده‌بم له‌ حزوورى تۆدا جارجاره‌ به‌ئه‌ده‌به‌وە قسه‌ بكه‌م!
جارجاره‌ش، كه‌ هیچ به‌و هه‌موو گه‌وره‌ییه‌وه‌ و لێم ببخشه ‌و قبووڵ بكه‌، كه‌ هیچ نازانم!

باسى شێوازى ژیانم كرد، باسى نه‌زانیى خۆم كردووه‌!
باسى شێوازى نموونه‌یى بكه‌م، باسى نموونه‌ى گه‌وره‌م كردووه‌!
باسى نموونه‌ى گه‌وره‌ بكه‌م، ده‌زانم من هیچ نیم و نموونه‌ى گه‌وره‌ نیم و باسى هیچم نه‌كردووه‌!