١
ئۆكراینا و داهاتووی جیۆپۆله‌تیكی ڕووسی
به‌ره‌و ئیمپڕاتۆریه‌تی نوێی ئۆڕاسیا!
پێشه‌كی:
دوای كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌سه‌ر سنووری ئۆكراینا و گه‌مارۆدانی له سێ لایه‌نه‌وه، گریمانه و شیكردنه‌وه و پێشبینییه‌كان له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌ستیان پێ كرد. له 24ی شوباتی 2022، ئه‌وه‌ی پێشبینی نه‌ده‌كرا ڕوویدا! ڕووسیا هێرشی سه‌ربازیی ده‌ست پێكرد، به‌ڵام ناوی نه‌نا جه‌نگ، به‌ڵكوو (پڕۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیی تایبه‌ت)، چونكه پێی وابوو له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا، كیێڤی پایته‌خت ده‌گرێت و حكوومه‌تێكی ده‌سته‌مۆ و ملكه‌چی بۆ داده‌مه‌زرێنێ، به‌ڵام ده‌ركه‌وت ئه‌و بۆنه‌ی كه كردبووی، بۆنی كه‌باب نه‌بوو! له‌پڕێكدا هه‌موو هاوكێشه‌كان پێچه‌وانه بوونه‌وه و سوپای ڕووسیا خۆی له‌ناو زه‌لكاوێك دیته‌وه، نه پێشڕه‌وی و نه پاشه‌كشه ده‌ربازی نا‌كات.
پێش ئه‌وه‌ی ڕووسیا، ڕۆژئاوا به ژەمی ئێواره بخوات، ڕۆژئاوا ده‌یه‌وێ ڕووسیا به ژەمی نیوه‌ڕۆ بخوات. ئه‌وه‌ی دوێنێ له سووریا كردی، له نماییش و تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ك له‌سه‌ر هاووڵاتییان، ئه‌مڕۆ هه‌مان سیناریۆ له‌سه‌ر سوپاكه‌ی دووباره ده‌بێته‌وه، هه‌رچیی وڵاتی به‌رهه‌مهێنی مووشه‌كی دژه‌تانك و دژه‌فڕۆكه هه‌یه، چه‌كه‌كانیان له ئۆكراینا له‌سه‌ر سوپای ڕووسیا نماییش و تاقی ده‌كه‌نه‌وه! كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی، ڕووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی بەكارهێنانی چەكی ناوه‌كی بكات و جیهان هه‌موو ده‌ستی كه‌وته سه‌ر دڵی و ده‌پرسن چی ڕوو ده‌دات؟
له 21ی ئاداری 2022، جۆن بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی سیسته‌می جیهانی نوێ گوتی: “وه‌كوو ده‌زانین لە هه‌موو سێ بۆ چوار نه‌وه‌یه‌كدا خاڵێكی وه‌رچه‌رخان دروست ده‌بێت. من نه‌وه‌ك ته‌نیا باوه‌ڕم به ئابووریی جیهانی، به‌ڵكوو باوه‌ڕم به جیهانیش هه‌یه. یه‌كێك له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كان له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پێی گوتم 60 ملیۆن كه‌س له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1900 تاكوو 1946 به‌هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و جه‌نگ و سه‌ركوتكردن مردوو‌ن. له‌و كاته‌وه سیسته‌مێكی جیهانیی لیبڕاڵیمان دامه‌زراندووه و سه‌قامگیریمان دروست كردووه و ڕێگریمان له جه‌نگ و كوشتار كردووه، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه دۆخه‌كه گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، سیسته‌مێكی نوێی جیهانی به‌ڕێوه‌یه و پێویسته خۆمان سه‌ركردایه‌تیی بكه‌ین و به‌شه‌كانی دیكەی جیهانی ئازادیش یه‌ك بخه‌ین.”
له به‌رامبه‌ردا، له 30ی ئاداری 2022، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له چینه‌وه وه‌ڵامی بایدنی دایه‌وه و گوتی: “له مێژووی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به قۆناغێكی زۆر هه‌ستیار و مه‌ترسیداردا تێپه‌ڕ ده‌بین، به‌ڵام به‌ته‌واوی باوه‌ڕم وایه، له كۆتایی ئه‌و قۆناغەدا، دۆخی نێوده‌وڵه‌تی باشتر ڕوون ده‌بێته‌وه، ئێمه به به‌شداریی چین و پشتیوانانمان، به‌ره‌و جیهانێكی فره‌جه‌مسه‌ریی دادپه‌روه‌ر و دیموكراتی ده‌ڕۆین.”
كه‌واته شه‌پۆلی ڕووداوه‌كانی ئۆكراینا سنووربه‌زێنه و كاریگه‌رییه‌كانی كیشوه‌ربڕه، ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جیۆپۆله‌تیكی جیهان و دابه‌شكردنه‌وه‌ی وڵاتانه به‌سه‌ر زیاتر له یه‌ك جه‌مسه‌ر. هه‌ندێك جار له مێژوودا بۆ چه‌ندین ده‌یه هیچ ڕووداوێك ڕوو نادات، به‌ڵام له‌پڕێكدا له هه‌فته‌یه‌ك به‌قه‌د چه‌ندان ده‌یه گۆڕانكاری ڕوو ده‌دات، كه ڕووشی دا، كۆتاییه‌كه‌ی به هیچ جۆرێك وه‌ك سه‌ره‌تایه‌كه‌ی لێ نایه‌ته‌وه.
له‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سیسته‌می جیهانیی تاكجه‌مسه‌ری پته‌وتر و فراوانتر بكات، له به‌رامبه‌ردا ڕووسیا و چین ده‌یانه‌وێت هه‌ڵیته‌كێنن و ڕكابه‌رێكی به‌هێزی له ناوچه‌ی ئۆڕاسیا بۆ قیت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه، چۆن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره و بۆ ئه‌وه‌ی درێژدادڕی نه‌كه‌ین، به دوو به‌ش ده‌یخه‌ینه ڕوو؛ به‌شی یه‌كه‌م، له ڕووی سیاسی و جیۆپۆله‌تیكی و سه‌ربازی. به‌شی دووه‌یش له ڕووی ئابوورییەوە.
ئۆكراینا و داهاتووی جیۆپۆله‌تیكی ڕووسی
بۆچی ئۆكراینا؟
ئۆكراینا دوای سه‌ربه‌خۆیی له ساڵی 1991 و له‌گه‌ڵ ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تدا، هه‌نگاوی نا به‌ره‌و یه‌كێتیی ئەورووپا و هاوپه‌یمانیی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، تاكوو ساڵی 2013 نزیك بووه‌وه له‌وه‌ی له‌سه‌ر حسابی نزیكبوونه‌وه له ڕووسیا، ڕێككه‌وتنی نزیكتربوونه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئەورووپا واژوو بكات، به‌ڵام پۆتین فشاری له (فیكتۆر یانوكۆفیتش)ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئۆكراینا كرد، كه ڕێككه‌وتنه‌كه واژوو نه‌كات، ئه‌وه‌ش بووه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رۆكه، له مانگی شوباتی ساڵی 2014. له وه‌ڵامدا ڕووسیا كۆنتڕۆڵی نیمچه‌دوورگه‌ی قرمی كرد و پشتگیریی له هێزه جوداخوازه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینا كرد، له ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ڕابردووی جه‌نگی نێوانیان، كه بووه هۆی كوژرانی زیاتر له چوارده هه‌زار كه‌س. ئه‌و قه‌یرانه به‌رده‌وام بوو، تاكوو 24ی شوباتی 2022، كاتێك پۆتین بڕیاری دا ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ش وه‌ك لاپه‌ڕه‌ی جۆرجیا بپێچێته‌وه!
له جۆرجیا چی ڕووی دا؟
جۆرجیاش هاوشێوه‌ی ئۆكراینا، له ساڵی 1991 و له كاتی داڕمانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند جه‌نگ له‌نێوان جۆرجیا گرووپه جوداخوازه‌كانی سه‌ر به ڕووسیا ڕووی دا، ده‌ره‌نجام، به‌شێكی ئۆبلاست ئۆسیتای باشوور، به حوكمی دیفاكتۆ كه‌وته ده‌ستی ڕووسیا. دواتر هه‌مان كێشه له ناوچه‌ی ئه‌بخازیا دروست بوو و له ساڵانی 1992 و 1993 جه‌نگ له‌نێوان ئه‌بخازییه‌كان و جۆرجیا ڕووی دا، به‌ڵام له ساڵی 2000 و له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ڤلادیمێر پۆتین به سه‌رۆكی ڕووسیا و گۆڕانی سیسته‌می سیاسیی جۆرجیا له‌دوای شۆڕشی 2003، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان جۆرجیا و ڕووسیا شڵه‌ژا و له ساڵی 2008دا بووه قه‌یرانێكی دیبلۆماسی، له رێكەوتی 8ی ئابی 2008 ڕووسیا هێرشێكی گشتگیری وشكانی، ئاسمانی و ده‌ریایی كرده سه‌ر جۆرجیا و سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه كاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌ی ئۆڕاسیا.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه خاڵێكی گرنگی وه‌رچه‌رخان بوو، له‌پێناو هه‌نگاونان بۆ دروستكردنی سیسته‌مێكی جیهانیی فره‌جه‌مسه‌ر و لادانی ئه‌مریكا له سه‌ركردایه‌تیی جیهانی تاكجه‌مسه‌ر.
وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌و كات هیچ هه‌ڵوێستێكی بۆ جۆرجیا نه‌بوو، كه شایه‌نی باس بێت، ته‌نیا هه‌ندێك هاوكاریی دارایی و مرۆیی پێشكه‌ش كرد و (میخائیل ساكاشفیلی)ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی جۆرجیای ڕزگار كرد. هه‌رچه‌نده (دیك چینی) جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا چه‌ند مانگێك پێشتر سه‌ردانی باكۆ و ته‌بلیس و كیێڤی كردبوو، بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترسی ئه‌و وڵاتانه له ڕووسیا.
كه‌واته پۆتین و ڕووسیا بۆ وا ده‌كه‌ن، چی‌یان ده‌وێت؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، له بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفی به‌ناوبانگی ڕووسی (ئه‌لیكسه‌نده‌ر دۆگین)مان باشتر ده‌ست ناكه‌وێت، كه به عه‌قڵی بیركه‌ره‌وه‌ی پۆتین ناسراوه، خۆی ده‌ڵێ، من بیر ده‌كه‌مه‌وه و پۆتینیش جێبه‌جێی ده‌كات. ئه‌گه‌ر له ئه‌نته‌رنێت به‌دوای ژیاننامه‌ی كه‌سیی ئه‌و بیرمه‌ندەدا بگه‌ڕێی، ئه‌وا یه‌كه‌م وێنه كه ده‌كه‌وێته پێش چاوت ئه‌و وێنه‌یەیە كه چه‌كێكی كلاشنكۆفی ڕووسیی به‌ده‌سته‌وه‌یه و دوای خوێندنه‌وه‌ی سێ چوار دێڕ ده‌زانی، كه ئه‌و كه‌سه‌یه بانگه‌وازی جه‌نگی ڕووسی ده‌كات.
ده‌یان كتێبی نووسیوه، سه‌باره‌ت به زیندووكردنه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕووسی و گێڕانه‌وه‌ی هه‌ژموونی جیهانی له ڕێگای ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه و وڵاتانه‌ی كه ڕووسی زمانه‌كان تێیدا ده‌ژین، وه‌ك جۆرجیا و ئۆكراینا و نیمچه‌دورگه‌ی قرم و وڵاتانی به‌ڵتیق. له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی ڕووسی پێی سه‌رسامن، بۆیە بووەته یه‌كێك له گرنگترین داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت و ستراتیجییه‌تی ڕووسی و ڤلادیمێر پۆتینی سه‌رۆكی ڕووسیاش ئه‌و بیرمه‌نده به یه‌كێك له گرنگترین شیكه‌ره‌وه جیۆپۆله‌تیكییه‌كان داده‌نێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه، پۆستی سه‌رۆكی شاره‌زایانی جیۆپۆله‌تیكیی پێ دراوه، كه سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نی ڕاوێژكاری تایبه‌تمه‌نده به كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ڕووسی.
له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الجزیرە)دا له رێكەوتی 19ی ئاداری 2022 ده‌ڵێت: “ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا قووڵتره له‌وه‌ی ته‌نیا په‌یوه‌ست بێت به ڕووسیا و ئۆكراینا. ئێمه قوربانیی زۆرمان داوه بۆ ئه‌و پڕۆسه سه‌ربازییه‌ی ئۆكراینا و سیسته‌می جیهانی تاكجه‌مسه‌ریمان هێناوه‌ته ڕۆخی داڕمان و دوای سه‌ركه‌وتنمان، جیهان ده‌گۆڕێت و هه‌ژموونی ڕۆژئاوا بۆ هه‌میشه كۆتایی پێ دێت، سیسته‌مێك نامێنێت به ناوی سیستەمی تاكجه‌مسه‌ری به سه‌ركردایه‌تیی ڕۆژئاوا”.
ئەو بیرمەندە لێدوانی مه‌ترسیدارتر ده‌دات و ده‌ڵێت: “قه‌ده‌رمان به‌ستراوه‌ته‌وه به سه‌ركه‌وتن، جگه له سه‌ركه‌وتن، هیچ بژاره‌ی ترمان نییه، ئێمه له ئۆكراینا جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هه‌ژموونی ئه‌مریكی و ڕۆژئاوایی و نوخبه‌ی لیبڕاڵی ده‌كه‌ین، كه ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌سه‌ر جیهاندا بگرێت، ئه‌وه جه‌نگی ئازادییه، جه‌نگی هرز و بیروباوه‌ڕه، ئێمه وه‌كوو فرانسیس فۆكۆیاما ده‌ڵێت، دژی (كۆتایی مێژوو) ده‌جه‌نگین”.
له وه‌ڵامی ئه‌گه‌ری دۆڕانیان له‌و جه‌نگەدا، ئەو بیرمەند و فەیلەسووفە ده‌ڵێت: “بیر له‌و ئه‌گه‌ره ناكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وه مه‌حاڵه، ئه‌گه‌ر ڕووشی دا، ئه‌وا نه پۆتین ده‌مێنێت و نه ڕووسیا و نه جیهانیش! چونكه ئه‌وه جه‌نگی مان و نه‌مانه و په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر چه‌كی ناوه‌كی، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه بژین، ده‌بێ ڕووسیای سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رییان قبووڵ بێت.”
بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له ورده‌كاریی چۆنیه‌تیی گۆڕینی سیسته‌می جیهانی تاكجه‌مسه‌ر له لایه‌ن ڕووسیاوه، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ یه‌كێك له گرنگترین كتێبه‌كانی ئه‌و بیرمه‌نده، كه له ساڵی 1999 بە ناونیشانی (بنه‌ماكانی جیۆپۆله‌تیك و داهاتووی جیۆپۆله‌تیكی ڕووسیا) چاپ كراوه.
بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفی ڕووسی (ئه‌لیكسه‌نده‌ر دۆگین)، كێبه‌كه‌ی به یه‌كه‌م كتێبی فێركاری له زانستی جیۆپۆله‌تیك به زمانی ڕووسی وه‌سف ده‌كات و بۆ یه‌كه‌م جار بیروباوه‌ڕی جیۆپۆله‌تیكی بۆ ڕووسیا داڕشت.
زانستی جیۆپۆله‌تیك
جیۆپۆله‌تیك زانستێكی ئاوێته‌ییه و پێویستی به كۆمه‌ڵێك زانسته بۆ شیكردنه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر ماركسییه‌ت و لیبڕاڵییه‌تی ئاده‌م سمیس، ئابووری به چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان بزانن، ئه‌وا جیۆپۆله‌تیك هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی به چاره‌نووس ده‌زانێت، چونكه هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی له‌و زانسته ئه‌و رۆڵه ده‌گێڕێت، كه پاره و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له ماركسییه‌ت و لیبڕاڵییه‌تدا ده‌یگێڕن.
له‌به‌رئه‌وه، ده‌توانین بڵێین جیۆپۆله‌تیك شیكردنه‌وه بۆ ڕابردوو و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر رێكخستنی ئێستا و داڕشتنی ئاسۆی ئایندە ده‌كات.
توخمی سه‌ره‌كیی جیۆپۆله‌تیكی مرۆڤی په‌یوه‌ست كراوه به هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی، به‌ڵام گرنگیی په‌یوه‌ستبوونی مرۆڤ به شوێن و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی به ڕوونی ده‌رناكه‌وێت بۆ هاووڵاتی و تاكی ئاسایی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئابووری، كه گرنگییه‌كه‌ی ڕوونه بۆ تاك و بۆ ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، كه جیۆپۆله‌تیك نه‌بووەته ئایدۆلۆجیای جه‌ماوه‌ر و بابه‌ته‌كانی فراوانترن له ئاستی تێگه‌یشتنی تاك و په‌یوه‌ستن به پلاندانی ستراتیجی و جیهانی.
بۆیه ده‌توانین بڵێین، جیۆپۆله‌تیك دیدی ده‌سه‌ڵاته و زانستی ده‌سه‌ڵاته و له‌پێناو ده‌سه‌ڵاته. ئه‌گه‌ر له مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و زانسته بكۆڵینه‌وه، ده‌بینین كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌ره‌یان به‌و زانسته داوه، به‌بێ هه‌ڵاوێرد، ئه‌و كه‌سانه بوون كه حوكمی وڵات و نه‌ته‌وه‌كانیان كردووه، یان ئه‌وانه‌ن كه خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه بگێڕن. بۆیه ئه‌و زانسته ڕێبه‌ری پیاوی ده‌سه‌ڵاته و پێویسته ڕه‌چاوی بكات له كاتی ده‌ركردنی بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان، وه‌ك دروستكرنی هاوپه‌یمانی و ڕاگه‌یاندنی جه‌نگ و چاكسازیی سیاسی و ئابووری له ئاستێكی باڵا.
به‌ره‌و ئیمپڕاتۆریه‌تی نوێی ئۆڕاسیا!
ئه‌لیكسه‌نده‌ر دۆگین پێی وایه، كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی كارێكی سروشتییه و كۆڵه‌گه‌یه‌كی بوونی بوونه‌وه‌ره، به‌ڵام ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەیەی كه له كتێبه‌كه‌یدا باسی ده‌كات، جیاوازه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی و چینایه‌تی، به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، به‌ڵكوو په‌یوه‌ستی ده‌كات به سروشتی پێكهاته‌ی جیهان و ناوی ده‌نێت به دووجه‌مسه‌ریی تیلوروكراتیا و تالاسوكراتیا، واته دوو هێزی وشكانی و ئاوی.
پێی وایه، پێویسته له قۆناغی یه‌كجه‌مسه‌ری ده‌ربچین، كه له‌دوای ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته‌وه دروست بووه و به‌دوای ڕێگایه‌كدا بگه‌ڕێین، كه بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئامانجه، چونكه ئه‌و دوو هێزه‌ی، كه به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه، بریتی بوون له ڕووسیا یان ئۆراسیا (هێزی وشكانی) و جیهانی ڕۆژئاوا، یان ئه‌تڵه‌سی (هێزی ده‌ریایی). ئه‌و دوو هێزه به‌رده‌وام له گه‌شه‌دا بوون، تاكوو بوونه هێزی مه‌ترسیداری ناوه‌كی، ئه‌وه‌ش ناچاریان ده‌كات، یان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان ببه‌نه ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی (جه‌نگی هه‌ساره‌كان)، یان یه‌كێكیان ئه‌وی تر له‌ناو ببات. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو جه‌مسه‌ر به‌رده‌وام بوو، تاكوو هێزی ده‌ریایی به‌سه‌ر هێزی وشكانیدا سه‌ر كه‌وت و سیسته‌می یه‌كجه‌مسه‌ریی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا چه‌سپاند، به‌ڵام نووسه‌ر پێی وایه، دۆڕانی هێزی وشكانی دیارده‌یه‌كی كاتییه و ئۆڕاسیا به شێوازێكی نوێ و به ڕه‌چاوكردنی هه‌موو هۆكاره جیۆپۆله‌تیكییه نوێیه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه گۆڕه‌پان و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت.
له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا تێده‌گه‌ی، كه زانستی جیۆپۆله‌تیك تایبه‌ته به وڵاته زلهێزه‌كان، یان سه‌روو زلهێزه‌كان، چونكه ته‌نیا چه‌ند وڵاتێك له داڕشتنی نه‌خشه‌ی جیۆپۆله‌تیكی جیهانی به‌شدارن و وڵاتانی دیكە ته‌نیا ڕۆڵی لاوه‌كییان هه‌یه. بۆیه ده‌بینین په‌ره‌پێدانی ئه‌و زانسته تایبه‌ت بووه به وڵاته كاریگه‌ره‌كانی وه‌ك ئه‌ڵمانیا و ئینگلته‌ڕا و ئه‌مریكا و ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسا، به‌ڵام وڵاتانی دیكەی وه‌ك ئیتالیا و ئیسپانیا و به‌لجیكا و رۆمانیا، كاریگه‌ریی پێویستان نه‌بووه.
نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه چاره‌نووسی وڵاته‌كان به‌ستراوه‌ته‌وه به چاره‌نووسی زاناكانیان، چونكه دوو جۆر زانا هه‌یه: ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان له وڵاتی خۆیان بیستراوه و به‌ڕێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و بوونه‌تە هۆی پێشكه‌وتن و فراوانبوونی وڵاته‌كانیان و ئه‌وپه‌ڕی زلهێزی له ئاستی جیهان، وه‌ك به‌ڕیتانیا و ئه‌مریكا. ئه‌وانه‌یش كه كه‌متر گوێیان لێ گیرا، وه‌ك فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا، یان سووكایه‌تییان پێ كرا وه‌ك ڕووسیا. له‌به‌رئه‌وه، وڵاتانی ڕۆژئاوا زاڵ بوون به‌سه‌ر جیهاندا، به‌ڵام له مێژوو ئه‌ڵمانیا نیو سه‌ده باجی كه‌وتنی دا، به‌هۆی پشتگوێخستنی تێزی جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی، یه‌كێتی سۆڤیه‌تیش كاریگه‌ریی جیهانیی سفر بووه‌وه و ڕووبه‌ری بچووك بووه‌وه و له ڕووی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ته‌نیا وه‌ك پاشماوه مایه‌وه.
نووسه‌ر پێی وایه، ڕووسه‌كان ئێستا وڵاتیان نییه و پێویسته ئیمپراتۆریه‌تی ڕووسی دروست بكرێته‌وه، چونكه سیسته‌می فیدڕالیزمی ئێستا و سیسته‌مه‌كانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و قه‌یسه‌ری پێشووش ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، بۆیه پێویسته به سوودوه‌رگرتن له كه‌موكورتییه‌كانی هه‌ردوو سیسته‌می قه‌یسه‌ری و سۆڤیه‌تی، بنچینه‌ی ئیمپراتۆڕیه‌تی نوێی یه‌كگرتووی ئۆڕاسی دابمه‌زرێت و دوور بێت له هه‌موو لایه‌نه لاوازه‌كانی، كه بوونه هۆی له‌ناوچوونی هه‌ردوو سیسته‌می قه‌یسه‌ری و سۆڤیه‌تی.
بۆیه پێویسته زه‌مینه بڕه‌خسێندرێت و ده‌ست بكرێت به‌و به‌رنامانه‌ی كه پێویستن بۆ دروستكردنی ئه‌و ئیمپراتۆرییه‌ته، وه‌ك دروستكردنی هاوپه‌یمانی بۆ درێژكردنه‌وه‌ی سنووری ده‌ریایی بۆ درێژترین مه‌ودا و دووركه‌وتنه‌وه له مادییه‌ت و گومڕایی و گرنگیدانی ته‌واو به لایه‌نی ڕوحی و گرتنه‌به‌ری سیسته‌مێكی ئابووریی گونجاو كه توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌بێت، دوور له سه‌رمایه‌داری و به‌تایبه‌تكردنی ئابووری و گرتنەبه‌ری ئاڕاسته‌یه‌كی ئه‌خلاقیی مرۆیی و دیموكراتی، كه پشت ببه‌ستێت به سه‌ربه‌خۆیی خودی، له ڕووی ڕۆشنبیری و زمانه‌وانی و ئابووری و یاسایی بۆ هه‌موو ڕه‌گه‌ز گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی ناو ئیمپراتۆرییه‌ته‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌تی ئۆڕاسی ببێته هێزێكی جیهانی، چونكه جه‌نگی ڕووسیا له‌پێناو سه‌ركردایه‌تیی جیهان، هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه.
بۆ دروستكردن و پاڵپشتیكردنی ئه‌و ئیمپڕاتۆرییه‌ته گه‌وره‌یه كه بتوانێت ڕووبه‌ڕووی هێزی ئه‌تڵه‌سی ببێته‌وه، نووسه‌ر پێشنیار ده‌كات، له كاتی جێبه‌جێكردندا له ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه ڕه‌چاوی چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌ك بكرێت:
یه‌كه‌م: هاوپه‌یمانیی موسكۆ – به‌رلین
نووسه‌ر پێی وایه، ناوه‌ڕاستی ئەورووپا ناوچه‌یه‌كی له‌یه‌كچووه و ده‌كرێت كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی هه‌بێت له‌سه‌ر باشووری كیشوه‌ر، وه‌ك ئیتالیا و ئیسپانیا. به‌ڵام به‌ریتانیا ته‌نیا بنكه‌یه‌كی ئاویی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه، بۆیه پێویسته بكرێته قوربانی و له گۆڕه‌پانەكە دوور بخرێته‌وه، له ڕێگای هاندانی بزووتنه‌وه جوداخوازه‌كان له نه‌ته‌وه‌كانی ئیرله‌ندا و سكۆتله‌ندا و وێڵز، له‌سه‌ر دوورگه‌كه.
فه‌ڕه‌نساش هه‌رچه‌نده هه‌میشه ئاڕاسته‌كه‌ی ئه‌تڵه‌سی بووه، به‌ڵام ده‌كرێت كاری له‌سه‌ر بكرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر هێڵی ناپلیۆن، كه پێی وابوو ئه‌ورووپا یه‌ك كیشوه‌ره، وه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه دیگۆل جێبه‌جێی كرد، له ڕێگای به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا، بۆ دروستكردنی كۆنفیدڕاڵیی ئه‌ورووپی، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
پێیشی وایه، ڕۆژئاوا هه‌میشه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م هاوپه‌یمانیی ڕووسیا و ئه‌ڵمانیا له ڕێگای وڵاته بچووكه‌كانی نێوانیان دروست ده‌كات، سه‌ره‌ڕای چاندنی ڕق و كینه له‌نێوانیان. پێیشی وایه، یه‌كگرتنی ڕووسیا و ئه‌ڵمانیا پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه، چونكه ئه‌ڵمانیا فیلەتەنی ئابووری و قه‌زه‌می سیاسییه، ڕووسیاش فیلەتەنی سیاسی و شه‌لی ئابوورییه. بۆیه هه‌ردووكیان ده‌توانن یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن. هەروەها پێویسته ڕووسیا ئاماده بێت ناوچه‌ی كالیننگراد بگێڕێته‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا، به‌مه‌به‌ستی دروستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانی و ته‌واوكارییه، چونكه ئه‌و ناوچه‌یه ڕه‌مزێكی هه‌رێمییه و ڕه‌نگه ببێته هۆكاری جه‌نگ و خوێنڕێژی له‌نێوان برا ئه‌ڵمانه‌كان و ڕووسه‌كان. نووسه‌ر ئاماژه به وته‌یه‌كی (بسمارك) ده‌كات، كه ده‌ڵێت: “ئه‌ڵمانیا له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه دوژمنی نییه”. بۆیه پێویسته ڕووسه‌كانیش ئه‌وه دروشمیان بێت كه: “ڕووسیا له ناوه‌ڕاست و ڕۆژئاوای كیشوه‌ری ئه‌ورووپا، ته‌نیا دۆستی هه‌یه.”
دووه‌م: هاوپه‌یمانیی مۆسكۆ – تۆكیۆ
نووسه‌ر پێی وایه، پێویسته سیاسه‌تی ئیمپراتۆرییه‌تی ئۆڕاسی به ئاڕاسته‌ی ڕۆژهه‌ڵات به‌م جۆره بێت: سه‌ره‌تا له‌باره‌ی هیندستانه‌وه ده‌ڵێ، هیندستان له‌دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه، به‌دوای ڕێگای سێیه‌مدا ده‌گه‌ڕێت و مه‌یلی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی هه‌بووه، له‌به‌رئه‌وه پێویسته هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵدا ببه‌سترێت، به‌ڵام لاوازیی هیندستان له ڕووی ئابووری و نزمیی ئاستی ته‌كنه‌لۆجی وای لێ ده‌كات، ڕۆڵی گه‌وره‌ی پێ نه‌سپێردرێت و ته‌نیا بنكه‌یه‌كی پێشه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌تی ئۆراسی بێت و گرنگیی زیاتر به لایه‌نی ڕۆشبیری و ڕۆحییه‌كه‌ی بدرێت.
دواتر دێته سه‌ر باسی چین و پێی وایه، چین و ژاپۆن جێگره‌وه‌ی یه‌كتر نین له هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئۆراسیا، مێژووش سه‌لماندوویه‌تی، كه چین نه‌ك ژاپۆن، له ڕووی جیۆپۆله‌تیكییه‌وه بنكه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌نگلۆساكسۆنی بووه له كیشوه‌ری ئاسیا، به‌ڵام ژاپۆن هه‌میشه هاوپه‌یمانی وڵاتانی به‌ره‌ی ئه‌ورووپی بووه. دواتر باسی گرنگترین هێزه كاریگه‌ره‌كان ده‌كات له ئاستی جیهان، كه بریتین له: ڕۆژئاوا (ئه‌مریكا، ئینگلته‌ڕا، فه‌ڕه‌نسا، هه‌ندێك وڵاتی ئه‌ورووپی) و ئەورووپای ناوه‌ڕاست و ڕووسیا و هه‌رێمی زه‌ریای هێمن، كه مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی ژاپۆنه.
له‌به‌ر ئه‌وه زانا جیۆپۆله‌تیكییه‌كان هه‌میشه هۆشدارییان داوه له‌وه‌ی، كه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌تڵه‌سی، دروستبوونی هاوپه‌یمانییه له‌نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه: ئەورووپا و رووسیا و زه‌ریای هێمن. بۆ ڕێگری له‌و هاوپه‌یمانییه، هه‌میشه ڕق و كینە چێندراوه و دووبه‌رەكی له‌نێوان ڕووسیا، ئه‌ڵمانیا و ڕووسیا، ژاپۆن به درێژایی مێژوو نراوه‌ته‌وه. ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه، هه‌موو ڕق و كینە و دووبه‌ره‌كییه‌كان وه‌لا بنرێن، بۆ چه‌سپاندنی هاوپه‌یمانیی مۆسكۆ – تۆكیۆ، چونكه ئه‌و هاوپه‌یمانییه ته‌نیا ئه‌تڵه‌سی لاواز نا‌كات، به‌ڵكوو له‌ناوی ده‌بات. زه‌مینه‌ش له‌باره بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانی و ته‌واوكارییه، چونكه ژاپۆنییه‌كان نه كۆمه‌ڵكوژیی ناوه‌كییان بیر ده‌چێته‌وه و نه داگیركاریی سیاسیی وڵاتیان.
ڕووسه‌كانیش هاوپه‌یمانی باشتریان له ژاپۆنییه‌كان ده‌ست ناكه‌وێت، پێكه‌وه ده‌توانن ته‌واوكارییه‌كی ناوازه دروست بكه‌ن، به جۆرێك ژاپۆن سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و سیسته‌می سه‌ربازیی ستراتیجی و ده‌رامه‌تی سروشتی له‌بن نه‌هاتووی ده‌ست ده‌كه‌وێت و ڕووسیاش ته‌كنه‌لۆجیای كوالیتیی به‌رز و توانای دارایی زه‌به‌لاحی ده‌ست ده‌كه‌وێت، پێكه‌وه ده‌توانن په‌ره به سێبێریا بده‌ن و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكه‌ن. دەشتوانرێت سوود له په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌نگۆلیا – ژاپۆن و بنه‌چه‌ی هاوبه‌شیان وه‌ربگێرێت، بۆ نزیكبوونه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ده‌كرێت ڕووسیا دوورگه‌كانی كۆڕیل بگێڕیته‌وه بۆ ژاپۆن كه بیره‌وه‌ریی كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌تڵه‌سییه‌كانه.
سێیه‌م: هاوپه‌یمانیی مۆسكۆ – تاران
ئەو نووسەر و بیرمەندە پێی وایه، پێویسته هاوپه‌یمانییه‌كی كیشوه‌ری هه‌بێت، له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌بوونی دوژمنی ئه‌تڵه‌سیی هاوبه‌ش. جیهانی ئیسلامی به‌ده‌ست دابه‌شبوون به‌سه‌ر چه‌ندین ئاڕاسته‌وه ده‌ناڵێت، وه‌ك: ئاڕاسته‌ی ئسووڵی ئێرانی، ڕه‌وتی عه‌لمانیی توركی، ڕه‌وتی عرووبه (سووریا و عێراق و سوودان له پێشوودا و تا ئاستێك میسڕ و سعوودیه‌ش بانگه‌وازی بۆ ده‌كه‌ن)، ڕه‌وتی ئسووڵیی سعودیی وه‌هابی، سه‌ره‌ڕای شێوازه جیاوازه‌كانی سۆشیالیستی و ئیسلامی، به‌ڵام زیاتر گرنگی به دوو ڕه‌وت ده‌دات، كه (ئسووڵی ئێرانی) و (عرووبه‌ی چه‌پڕه‌و)ن.
پێیشی وایه، ده‌ستكه‌وته‌كانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئسووڵیی ئێرانی ئه‌مانه‌ن: خۆشكردنی ڕێگا بۆ گه‌یشتنی ڕووسیا به ئاوی ده‌ریا گه‌رمه‌كان، كه چه‌ندین سه‌ده‌یه هه‌وڵی بۆ ده‌دات و ده‌ستی پێ ناگات. هەروەها سووربوونی ڕووسیا ڕوون ده‌كاته‌وه، له‌سه‌ر ده‌ستگه‌یشتن به ئاوه گه‌رمه‌كان و سووڕبوونی ئه‌تڵه‌سی له‌سه‌ر ڕێگریكردن له گه‌یشتن به‌و ئامانجه، جا له ڕێگای كه‌ناراوه‌كانی باشووری كیشوه‌ر بێت، یان له ڕێگای زه‌ریای هیندی، یاخود له ڕێگای بوسفۆڕ و ده‌رده‌نیلەوە بێت، یان له ڕێگای جه‌به‌ل تارقەوە. ئه‌و ناوچانه ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌تڵه‌سیدان.
خاڵی دووه‌م په‌یوه‌سته به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ی كه سعوودیه و توركیا به‌هۆی ئاڕاسته‌ی ئه‌تڵه‌سییان ناتوانن ئه‌نجامی بده‌ن، هه‌روه‌ها ڕه‌وتی عرووبه‌ش ناتوانێت ئه‌نجامی بدات، چونكه ئاسیای ناوه‌ڕاست تورك زمانن. له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئێرانه كه ده‌توانێت دژبه‌ری نێوان قبووڵكردنی ڕووسیا و بیروباوه‌ڕی ئیسلامی دوور بخاته‌وه و بیكاته یه‌ك ئاڕاسته‌ی جیۆپۆله‌تیكی به‌رەو مۆسكۆ و له هه‌مان كاتدا به‌رەو تاران. به‌و جۆره، ئێران ده‌توانێت یارمه‌تی و هاوكاریی ڕووسیا بكات له چاره‌سه‌ركردنی كێشه جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست و دامه‌زراندنی ته‌شكیله‌یه‌كی جیۆپۆله‌تیكیی هاوشێوه له ڕووی ستراتیجییه‌وه و ڕه‌نگكراو له ڕووی ئیتنی و كو‌لتوورییه‌وه، بۆ به‌ستنه‌وه‌ی به ئیمپراتۆریه‌تی ئۆڕاسی.
به‌ڵام نووسه‌ر ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیی توركیا نا‌كات له قۆقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، داوا ده‌كات هانی هێزه جوداخوازه‌كانی ناو توركیا بدرێت، بۆ لاوازكردنی.
هێڵی دووه‌می هاوپه‌یمانیی ئاسیایی له باشووره‌وه، كه نووسه‌ر ناوی ده‌نێت هاوپه‌یمانیی عرووبی كه به‌شێك له ئاسیای ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا ده‌گرێته‌وه، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ش زۆر گرنگه بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كه‌ناراوه‌كانی باشووری رۆژئاوای ئه‌ورووپا، چونكه ماوه‌یه‌كی درێژه ئه‌تڵه‌سییه‌كان كۆنتڕۆڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باكووری ئه‌فریقایان كردووه، به مه‌به‌ستی فشاری سیاسی و ئابووری له‌سه‌ر ئه‌ورووپا، به‌ڵام نووسه‌ر پێی باشه ئه‌و ئه‌ركه به ئه‌ورووپییه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا بسپێرێت، بۆ دروستكردنی پرۆژه‌ی ئۆڕۆئه‌فریقی، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه یه‌ك كیشوه‌ر، نه‌ك دوو كیشوه‌ر. هه‌روه‌ها ئه‌ورووپییه‌كان به پاڵپشتیی كوتله‌ی عرووبی به‌ره‌و باشوور بخزێن و له ئه‌فریقاش تاكوو بیابان بڕۆن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵی ئه‌و كیشوه‌ره بكه‌ن.