دەیانەوێ بە (كۆمپانیای نەوتی باكوور) مێشكی كورد بپووكێننەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 15/05/2022

دەیانەوێ بە (كۆمپانیای نەوتی باكوور) مێشكی كورد بپووكێننەوە!

كۆمپانیایەكی نەوتی عێراق ھەیە كە ھەر ناوی ئەو كۆمپانیایە خۆی لە خۆیدا ناوێكی داگیركەرانەی بەعسییانەیە، ئەویش بریتییە لە (كۆمپانیای نەوتی باكوور.) باكووری عێراق كوردستانە، ھەروەك چۆن باشووری ڕۆژھەڵاتی توركیاش كوردستانە! بەڵام ئەوە 19 ساڵە ڕژێمی بەعس نەماوە، كەچی ناو و عەقڵ و سیاسەتەكانی بەعس لە عێراقدا وەك خۆیان ماون و ھێشتا كۆمپانیای نەوت ھەر ھی باكوورە نەك كوردستان!

جا ئەو كۆمپانیا ناو و ناوەڕۆك داگیركەرە بەعسییانەیە، ھاتووە و وەك ئەوەی كوردستان بە كەركووكیشەوە بە ئەسڵ موڵكی باپیرانی ئەوان بێت، واتە موڵكی عەدنانی و قەحتانیەكان بێت! دەڵێت: ”هێزێكی چەكداریی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ تیمێكی تەكنیكی و بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە توانای بەرهەمهێنانی ئەو بیرە نەوتیانە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان، دەستیان بەسەر چەند بیرە نەوتێكی سەر بە كۆمپانیاكەی ئەواندا گرتووە!“ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەڵامی خۆی داوەتەوە، بەڵام من وەك كوردێك دڵم ئاو ناخواتەوە ئەگەر وەڵامی خۆمم نەبێت و ھەر لەم ڕوانگەیەوە دەڵێم:

1- ئەو داگیركەرە عەقڵ بەعسییە سەدامییانەیە، دەیانەوێ بەو شێوەیە مێشكی كورد بپووكێننەوە و زۆرترین جاشە كورد لەدەوری خۆیان كۆ بكەنەوە كە ئەوە كوردستانە خاكی عێراقی داگیر كردووە! چونكە بە قسەی ئەوان ئەوەتا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كێڵگە نەوتیەكانی ئەوانی داگیر كردووە! ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەگەر لەبەر چاوەڕوانیی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق نەبێت، ئەسڵەن ھەموو وجوودێكی عێراق لەمدیو زنجیرە چیاكانی حەمرینەوە، وجوودێكی داگیركەرانەیە و ئەم وجوودەی ئەوان بۆ زوڵم و دزییە لە كورد و گەلی كوردستان، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 25-9– 2017 بە كەركووكیشەوە، زۆر باش ئەو ڕاستییەی دەرخست كە خەڵكی كوردستان چۆن سەیری ئەوان و عێراق دەكات!

2- ئەو داگیركەرە عەقڵ بەعسییە سەدامییانەیە، دەیانەوێ بەو شێوەیە مێشكی كورد بپووكێننەوە و زۆرترین جاشە كورد لەدەوری خۆیان كۆ بكەنەوە كە ئەوە عێراق بووە بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی سایكس - بیكۆ، بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە و بەشێك لە عێراق بەزۆر لكێنراوە بە كوردستانەوە نەك كوردستان دابەش كرابێت بەسەر 4 دەوڵەتدا و بەشێك لە كوردستان بە كەركووكیشەوە بەزۆر لكێنرابێت بە عێراقەوە و لە ساڵی 1927یشەوە و ھەتا ئێستا نەوتی كەركووك و ناوچە داگیركراوەكانی تر، لە كورد و كوردستان دەدزن.

3- ئەو داگیركەرە عەقڵ بەعسییە سەدامییانەیە، دەیانەوێ بەو شێوەیە مێشكی كورد بپووكێننەوە و زۆرترین جاشە كورد لەدەوری خۆیان كۆ بكەنەوە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ شەرعیەتێكی بەسەر سامانی سروشتیی ناو خاكی مێژوویی و بەسەر جوگرافیای خۆیەوە نیە، بۆیە نابێ بەبێ عێراق دەست بۆ كنگر و ڕێواسی كوردستانیش ببەین نەك نەوت و غاز!

4- ئەو داگیركەرە عەقڵ بەعسییانەیە، دەیانەوێ بە شێوەك مێشكی كورد بپووكێننەوە و زۆرترین جاشە كورد لەدەوری خۆیان كۆ بكەنەوە كە كورد لە دەستوور و یاسا ھەڵدێت و ماشەڵڵا ئەوە عێراقە كە زۆر پابەندە بە دەستوور و یاساوە بۆیە \وەك خۆیان دەڵێن\ بۆ لابردنی سەرپێچیەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پەنایان بۆ دادگا بردووە! ئەو دادگایانەی ئێستای عێراق كە بەشێكی بەرچاویان بە بەشێكی بەرچاوی ناو دادگای باڵای فیدراڵییشەوە، بوون بە كادری سیاسیی میلیشیا لەیاسا دەرچووەكانی عێراق و حەرەسەكانی ئەودیو سنووری عێراق و كەی ئەوان فەرمانیان پێ بكەن، كەیسێك لە دژی كوردستان دەجووڵێنن و بڕیارێكیان لە دژی كوردستان پێ دەردەكەن.

ئەمە هەمووی بێئاگا لەوەی ئەگەر كوردستان لە مێژووی خۆیدا گوێی بدایەتە بڕیارەكانی دادگای بەعسییانە و داگیركەرانەی كوردستان، ئەسڵەن نەدەبوایە ھیچ شۆڕشێكی دژی داگیركاری و دیكتاتۆری بەرپا بكردایە، ئەی ئەوە نەبوو بەعس بە كوردی دەگوت ئەوانە لەسەر خاكی عەرەب میوانن و پێشمەرگەش تێكدەرن؟ ئەی ھەر ئەوە نیە ئێستاش ھەر خۆیان دێنەوە بۆ ھەولێر بۆ لای ئەوانەی كە ئەوان پێیان دەگوتن تێكدەر بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم تێكدەرانە! حكوومەتی نوێی عێراق پێكبھێنن؟ ھەر بەجدی نازانم ئەمانە كەی دەبن بە بەشەر!