كەشناسێكی هەرێمی كوردستان ئاشکرایکرد کە لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە 16/5/2022، ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چڕی خۆڵبارین ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی ھەوا لە دەریای ناوەراستەوە کە بەسەر ناوچەکانی باکووری سوریاوە دێتە باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا و بەشێوەی بارانبارینی پچر پچر کاریگەری لەسەر ئەم ناوچانە ئەبێت".
ئاماژەی بەوەش داوە: "بەرەی پێشەوەی نزمە پاڵەپستۆکە لەھەوایەکی وشک پێکھاتووە دەکەوێتە نێوان سنوری وڵاتی عێراق و سوریا و دەبێتە ھۆی زیادبوونی بەرچاوی خێرای با کە ئەمەش لەم ناوچانەدا ھۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی زۆر و پێشبینی دەکرێت بە ئاراستەی باکەوە ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق".
هەروەها روونیشیکردووەتەوە کە کاریگەری ئەم خۆڵبارینە بەگشتی تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 17/5/2022، بەردەوامی دەبێت و دواتر کۆتایی پێ دێت.