وەزیری كارەبا وردەكاری زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاشكرا دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری كارەبا وردەكاری زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاشكرا دەكات

 

وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەو مانگە و لە مانگی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا تەواو دەبن و كاریان پێدەكرێت، جەختیش دەكاتەوە لە كابینەی نۆیەمدا 615 مێگاوات كارەبا زیاد بووە.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا توانیومانە 615 مێگاوات كارەبا زیاد بكەین و بە سەركەوتوویی وێستگەی هەڵمیی 300 مێگاواتی خەبات بەگەڕ بخەین كە دۆستی ژینگەیە، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە گازی بەفیڕۆچووی كێڵگەی گەرمیان تواندرا 165 مێگاوات كارەبای تربەرهەمبهێنین".

ئاشكراشی كرد، لەو مانگە و لە مانگی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەك تەواو دەبن، زیاتر گوتیشی: "چەندین پڕۆژەی دیكە كە لە بواری جێبەجێكردندان، وەك: وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر بە توانای 75 مێگاوات و وێستگەی دێرەلۆك بە توانای 37 مێگاوات كە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا یەكەیەكی ئەو وێستگەیە دەكرێتەوە، هەروەها بەگەڕخستنی وێستگەی كارەبای تاسڵووجە بە توانای 51 مێگاوات كارەبا، كە لەو مانگەدا ئیشی پێ دەكرێت".

وەزیری كارەبا، ئاماژەی بەوەش دا: "ئەگەر بەراوردێك بكەین لە دەستپێكی كابینەكەدا كە توانای بەرهەمهێنانمان دووهەزار و 686 مێگاوات كارەبا بووە، لەگەڵ ئێستادا، لە چوار مانگی ئەمساڵی 2022 كە توانای بەرهەمهێنانمان گەیاندووەتە سێ هەزار 321 مێگاوات كارەبا، ئەوا جیاوازییەكە بە ڕوونی دەبینین، بە سوپاسەوە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵدا بڕی 75 ملیۆن دۆلاری وەكو شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج كرد، بەمەش كاری سیانە و چاكسازیی یەكەكانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە زۆربەی وێستگەكاندا ئەنجام دران، كە بۆ خۆئامادەكردن بۆ وەزری گەرمای ئەمساڵ زۆر پێویستن".

روونی كردەوە، بە شێوەیەكی گشتی توانای بەرهەمهێنانی كارەبایان گەیاندووەتە حەوت هەزار و 52 مێگاوات و بە تەواوبوونی وێستگەكانی دیكەی هایدرۆپاوەر و وزەی خۆر و زیادكردنی توانای وێستگە گازییەكان، ئەم توانایە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.

باسی لەوەش كرد، لە كەرتی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەباشدا هەنگاوی گەورە نراوە، كە ڕۆڵی هەبووە لە باشكردنی ژێرخانی كارەبادا، گوتیشی: "ئێمە لەم كابینەیەدا تۆڕی كارەبای پارێزگای دهۆكمان بەستەوە بە تۆڕی كارەبای نیشتمانیی كوردستانەوە، لە هێڵێكەوە بۆ دوو هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز كارەبای سۆرانمان بەهێزتر كردووە و، دوو هێڵی گەورەی پاڵەپەستۆی بەرزی بازیان- ڕانیە و تانجەڕۆ- سەیدسادق- هەڵەبجە ڕێژەیەكی زۆری تەواو بووە، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی كارەبا توانی بە دەیان وێستگەی كارەبای گەورە و مۆبایل لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دامەزرێنێت، كە تەنیا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 16 وێستگەی دابەشكردنی كارەبا و وێستگەی مۆبایلمان دامەزراندووە، لە ساڵی 2004 تەنیا 21 وێستگەی مۆبایلمان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە بووەتە 131 وێستگەی مۆبایل، لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا لەگەڵ فراوانبوونی شاروشارۆچكەكانی كوردستان، بە دەیان هەزار كیلۆمەتر تۆڕی كارەبامان گەیاندووەتە گەڕەك و ناوچە ئاوەدانكراوەكان، لە هەمووشی گرنگتر لەم نزیكانەدا بە سەركەوتوویی توانرا پڕۆژەی پێوەری زیرەك دابمەزرێنین".