چاودێرێکی سیاسی: لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق فشاری سیاسییە و بنەمای دەستووریی نیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چاودێرێکی سیاسی: لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق فشاری سیاسییە و بنەمای دەستووریی نیە

 

بەهۆی ئەو دۆسێیانەی کە لەسەر نەوتی بەسڕا لەسەری هەن، هەروەها لێدوانێکی پێشووی کە دانی بەوەدا نا کە 80٪ـی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دروستن، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق کەوتووبووە ژێر فشارەوە، بۆیە ماوەیەکە لێدوانی دژ بە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات.

لەمبارەیەوە، د.نەوزاد هیتووتی، چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، وەزیری نەوتی عێراق وەکوو ئامرازێكی فشار دژی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت، گوتیشی: ”وەزیری نەوتی عێراق نە سەرۆک وەزیرانە و نە بریاڕی ئەوەی لەدەستدایە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت، بەڵکوو ئەوە کاری هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدایە، کە گفتوگۆ لەسەر پرسی نەوت و دەیان دۆسیەی کێشە لەسەر بکەن و ڕێک بکەون.“

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی جێگەی داخە، کە هەندێک لە هێز و لایەن و ئەندام پەرلەمانەکانیان لە هەرێمی کوردستان، زۆر خوشحاڵن بەو لێدوانە دژمنکارانەی، کە لەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە دژی هەرێمی کوردستان دەدرێن، گوتی: ”دەکرێ لە دژی حزبەکان و دژی حكوومەتی خۆشت ئۆپۆزسیۆن بیت، بەڵام ناکرێ دژی خاک و وڵاتەکەی خۆت بیت.“

جێی باسە، بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، لە دژی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، دەرگای قسەکردنی بۆ زۆر لەو لایەنانە کردەوە کە ساڵانێکی زۆرە شۆڤێنییانە بەرامبەر بە دۆسییەکانی خەڵکی کوردستان وەستاونەتەوە، بەڵام شارەزایانی کەرتی وزە پێیان وایە، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێچکەی یاسایی و دەستووریی خۆی گرتووە و ئەو قسە و لێدوانانەی لە دژی دەدرێن، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیشەوە، ناتوانن کاریگەریی خراپ لەسەر هەناردەکردنی نەوت و کۆمپانیاکانی نەوت دابنێن، چونکە کۆمپانیاکان بەر لە هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان، هەموو لایەنەکانی ئەو پرسەیان لە رووی دەستووری و یاساییەوە لێکداوەتەوە، ئەمە جیا لەوەی لە ٢٠٠٣ەوە تاوەكوو ئێستا، دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ یاسایەكیان بۆ نەوت و غازی عێراق دەرنەكردووە.