كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 14/05/2022

من بۆ خۆم ڕادەكەم، بەڵام تانجی بۆ ڕاوچی ڕادەكات!

ھەر كاتێك وەزارەتی نەوتی عێراق یان سۆمۆ یان خەزعەلیەك یان بەدرێك یان خوراسانیەك یان ئەبووفەزڵێك یان حزبوڵایەك، قسەیەك لەسەر نەوتی ھەرێمی كوردستان دەكەن و دەڵێن گرێبەستەكانی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەستووری نین و دەبێ حكوومەتی عێراق تاكە لایەن بێت كە گرێبەست بكات نەوت بفرۆشێت و پارەی نەوت وەربگرێت و ھەر دەبێ عێراق خۆیشی پارەی فرۆشتنی نەوت خەرج بكات و ھەرێمی كوردستان تەنیا مافی سەیركردن و ئەشھەدوبیلای بۆ عێراق ھەیە، ھەرچەندە بۆ ئەمەش ئەوان ھیچ پاڵپشتێكی دەستوورییان نیە، بەڵكوو تەنیا پاڵپشتێكی یاسایی كە ھەیانە یاساكانی زەمانی بەعسە و ھیچی تر، ئیتر دوای ئەمە دەستبەجێ بەشێك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ھەندێك لە حزبەكانی ناو خۆمان، مەبەستم عەقڵ خەزعەلیەكانە، ھەروەك قەومی قاز دەقیڕێنن و ھەر ئەوە دەڵێنەوە كە خەزعەلیەكان دژی ھەرێمی كوردستان گوتوویانە. ھەموو جیاوازیەكەش ئەوەیە ئەوان بە عەرەبی و فارسی ئەم قسانە دەكەن و ئەمانەی لای خۆمان بە كوردی!

بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەم پاشكۆیەتی و من حەز دەكەم پێی بڵێم جاشایەتییە، لەگەڵ ھەموو ئەم جاشایەتیەی كە بەشێكی ناو خۆمان بۆ خەزعەلی و خوراسانی و حزبوڵاكانی عێراق و لوبنانی دەكەن، كەچی بۆ ھەر گفتوگۆ و ڕێككەوتنێك كەس ھیچ حسابێك بۆ ئەوان ناكات و ھەر دەبێ بێنەوە لای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە، ئێوە بڕۆن سەیری مێژووی كێشەی تایبەت بە دۆسێی نەوت و ڕێككەوتنەكان بكەن و بزانن ئەگەر ھەر گفتوگۆ و ڕێككەوتنێك لەنێوان عێراق و كوردستان كرابێت لەگەڵ كێ كراوە؟ لەگەڵ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان یان لەگەڵ سەركەوت شەمسەدین و زیاد جەبار و ھۆشیار عەبدوڵا و سروە و باڵانبۆ؟

لێرەدا نموونەیەكم بەبیر ھاتەوە، جارێكیان بە كەروێشكیان گوت: ”بۆچی تانجی بەو قاچە درێژانەیەوە ناتوانێت تۆ بگرێت، لە كاتێكدا تۆ قاچیشت كورتە؟“ كەروێشكیش لە وەڵامدا دەڵێت: ”ئاخر من بۆ خۆم ڕادەكەم، بەڵام تانجی بۆ خەڵكی تر واتە بۆ ڕاوچی ڕادەكات!“ جا نازانم بەشێك لەوانەی ناو خۆمان لەو وەڵامەی كەروێشك تێدەگەن یان ئەم وەڵامەی كەروێشكیان بۆ بكەم بە زنجیرە وتار؟