كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەحمەد تورک: گومانم هەیە ئۆپۆزسیۆن بیباتەوە و ئەردۆغان كورسیی دەسەڵاتیان ڕادەست بكات

ئەحمەد تورك، سیاسەتوانی بەناوبانگی باكووری كوردستان، پێی وایە ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە هەڵبژاردنی داهاتوو بیباتەوە، گومانم هەیە لەوەی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، كورسیی دەسەڵاتییان ڕادەست بكات و ئەردۆغان، هەموو شتێك تاقی دەكاتەوە تا لەسەر كورسیی دەسەڵات بمێنێت.

تورك، قسەی بۆ ئاژانسی (ئیندیپێندێنت) بەشی توركی كردووە، گومانی لە ئەردۆغان هەیە، كە بڕوای بە ئەنجامی هەڵبژاردن بێت و كورسیی سەرۆكایەتی ڕادەست بكات.

لە بەشێكی گوتەكانیدا، ڕەخنەش لە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەگرێت، بەوەی كاریان لەسەر ئەوە كردووە، تەنیا لەسەر سندووقی دەنگدان لە ئەردۆغان ببەنەوە، بەڵام لەگەڵ شەقامدا بە یەكەوە جموجۆڵ ناكەن، لە كاتێكدا شەقام ئۆپۆزسیۆنێكی ئاكتیڤە.

لەبارەی هاوپەیمانیی (میللەت)ـەوە كە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا پێكیان هێناوە جگە لە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، ئەحمەد تورك دەڵێت: ”دەبێت هاوپەیمانیی میللەت باش بزانن، كە شتێكی ڕوون و ئاشكرایە، بەبێ دەنگی كورد ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە''.

مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرا، ناوی دەهێنرێت كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بیكەنە بەربژێر بۆ ڕكابەری لەگەڵ ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023، بەڵام ئەحمەد تورك پێی وایە، كوردەكان ئەستەمە دەنگ بە یاڤاش بدەن، بەڵام ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵی پێ كەسێكی باش و شیاوە.