كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

توركیا بەفەرمی دژی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ وەستایەوە

سوید و فینلەندای بە میوانخانەی تیرۆریستان ناو برد

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، سوید و فینلەندای بێئومێد كرد و گوتی ئێمە وەكوو توركیا لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ، چونكە سوید و فینلەندا بوونەتە میوانخانەی تیرۆریستان.

سوید و فینلەندا، بەفەرمی داوایان كردووە ببنە ئەندامی ناتۆ، ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن، بەڵام ئەردۆغان، هەڵوێستی وڵاتەكەی بە نەرێنی دایەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت: ئێمە هەوڵ دەدەین تا هەڵوێستی توركیا لەو ڕووەوە بەتەواوی ڕوون ببێتەوە، لەگەڵ نوێنەرانی توركیا بەردەوام كار دەكەین.

ڕۆژنامەی (خەبەر تورك) بڵاوی كردووەتەوە، هەرچەندە توركیا دژی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە بێت لە ناتۆ، بەڵام ئەمریكا زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو بڕیارە دەكات و پێی وایە كە ناتۆ پێویستی بەو دوو وڵاتەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، بە فەرمی دژی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ وەستایەوە و دەڵێت، ئەمە باجەكەی قورس دەبێت.

ئەردۆغان، سوید و فینلەندای بە میوانخانەی تیرۆریستان ناو برد، كە مەبەستی ئەوەیە بووەتە شوێنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بۆیە توركیا نایەوێت لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا ئەندامی ناتۆ بێت.

ئەردۆغان گوتی: ”دەسەڵاتی پێشتووتری توركیا، هەڵەیەكی گەورەی كرد، كە ڕێگەی دا یۆنان ببێتە ئەندامی ناتۆ، بۆیە ئێمە ئەو هەڵەیە دووبارە ناكەینەوە“.

میدیاكانی سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان، ماوەی دوو ڕۆژە هێرشی توند دەكەنە سەر سوید و باس لەو چالاكییە مەدەنییانە دەكەن كە پەكەكە لەو وڵاتە دژی توركیا بەڕێوەی بردووە.