دەیان خێزانی عەرەب هێنراونەتە سنووری چەند گوندێكی ناحیەی سەرگەڕان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دەیان خێزانی عەرەب هێنراونەتە سنووری چەند گوندێكی ناحیەی سەرگەڕان

"ڕەشماڵیان هەڵداوە و هەزاران سەر مەڕیشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە"

لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای كەركووك، تەعریب بەردەوامە و لە نوێترین كردەوەدا، ژمارەیەكی زۆر خێزانی عەرەبی هێنراونەتە سنووری گوندەكانی ناحیەكە و ڕەشماڵیان هەڵداوە.

لەمبارەوە، ئەمڕۆ شەممە 14ی 5ی 2022، لوقمان عەلی، بەرپرسی ناوچەی سەرگەڕانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ژمارەیەك لە خێزانی عەرەبی هێنراونەتە سنووری چەند گوندێكی ناحیەی سەرگەڕان و بەشێك لەوان بە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەكانەوە بە مەڕ و ماڵاتەوە هاتوونە، بەمەبەستی لەوەڕاندنی مەڕەكانیان و مانەوەیان.

هاوكات ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هاتنی ئەو عەرەبانە مەترسییە و ڕەنگە ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارانی كورد بەر بدەنەوە، وەك ئەوەی ساڵانی پێشتر كردییان، بۆیە بە گشتی مەترسی هەیە.

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەو عەرەبانە زیاتر هاتوونەتە سنووری گوندەكانی پەڵكانە، سەربەشاخ، گابەڵە و خەرابەی سەر بە سەرگەڕان، ڕەشماڵیان هەڵداوە و هەزاران سەر مەڕیان پێیە و بەریان داوەتە ناو لەوەڕگاكان.

هێمن حەیدەر، خەڵكی گوندی پەڵكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ژمارەیەك لە عەرەبەكان هاتوونەتە سنووری گوندەكەمان و چەند گوندێكی دیكە، ئەوان بەشێكیان خەڵكی باشووری عێراقن و بەشێكی دیكەیان خەڵكی سنووری مووسڵن، ڕەشماڵیان هەڵداوە و مەڕ و بزنێكی زۆریان هێناوە و ئاژەڵەكانیان بەڕەڵای سەر زەوییەكان كردووە و دەیانلەوەڕێنن، ئێستا وای لێهاتووە خەڵكی گوندەكە نازانن مەڕەكانیان لە كوێ بلەوەڕێنن.

گوتیشی: “داوا لە بەرپرسان دەكەین، كە ئەو عەرەبانەی تازە هاتوونەتە ناوچەكە و ئەوانەی كە پێشتریش هاتوون دەریان بكەن، چونكە مەبەستی ئەوان داگیركارییە و جێ پێ لەقكردنی كوردە لە شوێنی باب و باپیرانیان”.

لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، كاتێك كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد، لەوكاتەوە تا ئێستا جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە، پرۆسەیەكی چڕی تەعریب بەڕێوە دەچێت.

لە نوێترین كردەوەدا، ژمارەیەك لە خێزانی عەرەبی هاوردە بە مەڕ و ماڵاتەوە و بە پاڵپشتیی ئیدارە و هێزە سەربازییە سەپێندراوەكا،ن هاتوونەتە سنووری چەند گوندێكی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان و دانیشتوانی گوندەكانیش نیگەرانن لە هاتنی ئەو عەرەبانە.