عەلی فرێجی، فەرماندەی سەپێندراوی سەربازیی كەركووك، بە بڕیارێك، تایەفرۆشەكانی شاری كەركووك بێ كار دەكات و دوكاندارێكیش زانیاری دەخاتە ڕوو.
لەمبارەوە، سامان حەمید، دوكاندارێكی تایەفرۆشی ئۆتۆمبێلە لەسەر رێگای سەرەكیی (گەڕەكی بەغدا) لە شاری كەركووك، كە ژمارەیەك لە دوكانی دیكەی تایەفرۆشی لێیە و شوێنێكی سەرەكیی تایەفرۆشەكانی كەركووكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بە بڕیارێكی فەرماندەی سەربازیی كەركووك، ماوەی چەند ڕۆژێكە بەبێ هیچ هۆكارێك، هاوردەكردنی تایەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو شاری كەركووك قەدەغە كراوە و لە بازگەكان ڕێگە نادەن تایەكان بێنە ناو شاری كەركووكەوە، ئەوەش كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر كار و كەسابەتمان”.
گوتیشی: “هەر جارە و تەشقەڵەیەكمان پێ دەكەن، ناوە ناوە هەوڵ دەدەن دوكانەكانمان، كە موڵكی حكوومەتە و بە كرێ تێی داین، لێمان وەربگرنەوە و تایەفرۆشەكان بێ كار بكەن و شوێنی دوكانەكانیش بكرێتە شوێنێكی بازرگانی، بۆیە داواكارین ڕێگە بدەن خەڵك كاری خۆی بكات”.