كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 14/05/2022

هەرێمی كوردستان و نەوتەكەی

بەدرێژایی مێژوو، خەڵکی دیكە پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە كە خاكێك نییە بە ناوی (کوردستان)، ئەوان بە ناوی کوردستان تەنگەتاو دەبن، لە مەریخەوە وڵاتێک ھەبێت بە ناوی کوردستان، ئەوان لە زەوییەوە ھێرش دەکەنە سەری و بە مەریخەوە لەناوی دەبەن! لە خەیاڵیشدا نایانەوێت بیر لەوە بکەنەوە کە خاکێک ھەیە بە ناوی کوردستان، بۆ ئەوەی ھۆش و بیریان ئازاری پێ نەگات.

جارێکیان ئەردۆگان گوتی: ”شوێنێک نییە لە ھەموو تورکیا بە ناوی کوردستان بێت، ئەوانەی کوردستانیان دەوێت با تورکیا بەجێ بێڵن و بچنە باكووری عێراق، دەڵێن لەوێ کوردستان ھەیە، ئەگەر نا لای ئێمە ھیچ کوردستانێک نییە“. ئەو قسەیەی ئەردۆگان تا ئێستاش لەلایەن زۆر لە سەركردە و دەستڕۆیشتوانی ئێستای عێراقیش رۆژانە دووبارە دەكرێتەوە و بۆ ھەموو دەسەڵاتدارانی پارچەکانی دیكەی کوردستانیش ڕاستە، کە لای ھەر چوار داگیرکاری کوردستان شتێک نییە بە ناوی کوردستانەوە، لای ئێرانیەكان ئوستانێك هەیە بە ناوی (كوردستان) بەڵام تەنانەت خوێندن بە زمانی كوردی لە قوتابخانەكانیدا قەدەغەیە!

لە رۆژئاوای كوردستانیش كە پەكەكە بەشێك لە خاكەكەی بەدەستەوەیە، ئەوە هیچ ئۆجەلان لە كتێبەكانیدا پێداگرە لەوەی (لە سووریادا جوگرافیایەك نیە بە ناوی كوردستانەوە) بەڵام پەیەدەی سەر بە پەكەكەش ناوی (كوردستان)ی قەدەغە كردووە و لەنێو دەستەواژەگەلی (كانتۆن و ئیداری خۆسەر و... ئەم جۆرە شتانەدا) ئەو ناوەی نەهێشتووە. ئەو ھەرێمی کوردستانەی لە عێراقیش ھەیە و تا ئێستا ماوەتەوە و زیاتر لە ٣٠ ساڵە بەردەوامە، راستە پێشمەرگە بەردەوام قوربانیی گەورە دەدات و بەرگری لە خاكەكەی دەكات و بەردەوامیشە لە بەرخۆدان، بەڵام وەك قەوارەیەكی دەستووری و یاسایی، ئەوەی لای دەوڵەتانی زلهێز گرنگە، مانەوەی هەرێمی كوردستان بەندە بە دۆسیەی نەوتەوە.

لە دێرزەمانەوە خەڵکی گوندێک زەوی و موڵک و سەروەت و سامانیان نەبوو، ھەموو خەڵکەوە بێ بەرامبەر کاریان بۆ ئاغاکەیان دەکرد، بۆ ئەوەی سکیان تێر بێت، تەنیا پیرەپیاوێک نەبێت كە چەند پارچە زێڕ و زیوێکی ھەبوو و شاردبوویەوە، بۆ ئەوەی ئاغا پێی نەزانێت، كاتێ ئەو پیرەپیاوە نەخۆش كەوت، زانیی دوایین ڕۆژەکانیەتی، بانگی ھەردوو کوڕەکەی کرد و پێی گوتن: ”کوڕەکانم من وا دەمرم، چەند زێڕ و زیوێکم ھەیە، ھەردووکتان دوای مردنی من لەسەر خۆتان دابەشی بکەن“ کاتێک پیاوەکە مرد، کوڕەکانی لەسەر ئەو زێڕانە شەڕیان کرد و ھەریەکەی دەیگوت دەبێ بەشی من زیاتر بێت، چەند ڕۆژێک هەر شەڕ و دەمەقاڵەیان بوو و نەگەیشتن بە ھیچ ئەنجامێک، بۆیە بڕیاریان دا بچنە لای ئاغاکەیان، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیەیان چارەسەر بکات.

- ئاغا: چ کێشەتان ھەیە؟
- ھەردوو کوڕەکە: ئاغا بابمان چەند زێڕ و زیوێکی لەدوای خۆی بۆمان جێ ھێشتووە، چەند ڕۆژە ناتوانین زێڕ و زیوەکان لەسەر خۆمان دابەش بکەین! ھاتینە خزمەتی جەنابت کە گەورە و دادوەری ئێمەی و دادگای تۆ دادپەروەرینە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی چارەیەکمان بۆ بدۆزیەوە.
- ئاغا: چما بابتان زێڕیشی ھەبووە نەمزانیوە! کوا ئەو زێڕانە بھێنن، کە من ھەبم چۆن ئێوە ھەست بە ھەبوونی خۆتان دەکەن، كە ببن بە خاوەنی زێڕ و زیو! ھەموو موڵک و سەروەتی ژێرزەوی و سەرزەویی ئەم گوندە ھی منە، من سکتان تێر دەکەم، ئیدی چیتان دەوێت؟ ئەگەر ناڕازیشن لە گوندی من بڕۆن، یان ئەم گوندە دەفرۆشم کە ئاغایەکی تر ھات سکیشتان تێر ناکات!
ھەردوو کوڕەکە گوتیان ئاغا ببوورە تاوانی باوکمان بوو نەک ھی ئێمە، زێڕ و ھەر شتێکی باش شایەنی تۆیە، تەنیا دەستی جەنابت لەسەر سەرمان بێت، ھیچی ترمان ناوێت.

داگیرکارانی کوردستانیش ھەروەکوو ئاغا، دەڵێن تا ئێمە ھەبین چۆن کورد ھەست بە ھەبوونی خۆی دەکات تاوەكوو دۆسیەی نەوت بەدەستیانەوە بێت. ئەگەر دۆسیەی نەوت ھەر بەدەستیانەوە بێت، ڕۆژگارێک دێت خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن و لەژێر دەستمان نامێنن و کوردستانێك دروست دەكەن. ئەوان كە بە ناوهێنانی کوردستان ناڕەحەت دەبن، ئەی چۆن ئەگەر کوردستانێك هەبێت بەرگەی دەگرن؟ بۆیە ھەم خۆیان و ھەم ئیمپراتۆرییەت و مەملەکەت و دەوڵەتەكەیان کە سەدان ساڵە لەسەر هەناسەی کورد دایانمەزراندووە، لەناو دەچن.
ئەوەی بە بەعس نەکرا، ئێستا عەرەبی شیعەی دەسەلتدار لە عێراق، دەیەوێت تەواوی بکات و حوکمڕانیی ئاغا بەسەر کوردەوە بسەپێنێ!

گەورەترین بەربەست بۆیان دۆسیەی نەوتە، بۆیە ھەموو پیلانێکی لە دژ دادەنێن، جارێک بە داعشەوە و جارێک بە میلشیایەکانەوە ھێرش دەکەن، ئێستاش بە دادگاوە دەیگرن، ھەموو جاریش لەناوخۆ و لە ڕێگای ھەموو ئەوانەی لە عێراقییەکان عێراقچیترن و بەکرێیان گرتوون، بۆ ئەوەی دۆسیەی نەوت لەدەست کوردۆدەربھێنن و چیتر شتێک بەدەست کوردەوە نەمێنێت كە بەرگریی پێ لە بوونی خۆی بکات، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ سەندنەوەی ھەموو مافەکانی تر. دوای دۆسیەی نەوت نانی کورد دەچێتە قورگی شێرەوە ئەو دندانەی کە تینوون بە خوێنی کورد و بۆ تێرکردنی سکی (ئەکراد!) بە دڵی خۆیان مەرجی دیكە زیاد دەکەن، هەوڵ دەدەن نەک ھەر دان بە فیدراڵیدا نەنێن، بەڵكوو مافی ئۆتۆنۆمییش لە کورد حەرام و قەدەغە دەکەن، کانتۆن و پارێزگاش بە ناوی کوردەوە نەھێڵن.

کاتێ دۆسیەی نەوت نەما، ئەوکات دەڵێن ھێزێک نییە بە ناوی پێشمەرگە و دەبێ ھەڵبوەشێتەوە و عێراق تەنیا یەک سوپای دەبێت، لە ھەر شارێکی کوردی موفەوەز شەماڵێک دەبێتە حاکمی شار و بڕیاری کۆتایی لە حەسەن پلایسێک وەردەگرێت!
نابێت لەسەر ھیچ لافیتەیەکی دەزگای حکوومی بە کوردی بنووسرێت، ناوی شارەکان لەجیاتی ھەولێر و سلێمانی دەکرێنە چەند ناویكی عەرەبی، زمانی کوردی بەفەرمی قەدەغە دەکرێت و تەنیا دەبێتە زمانی کووچە و کۆڵانەکان، ئەویش بە نھێنی و کوردییەکی پڕ لە عەرەبی و ئێرانی و تورکی پێی قسە دەکەن.

ئیتر ئیشیان بە ئاڵای حزب نابێت، چونکە حسابی بۆ ناکرێت، بەڵام ھەر لە سەرەتاوە ئاڵای کوردستان قەدەغە دەکەن، دەڵێن لە عێراق تەنیا یەک ئاڵا ھەیە، تەنیا ئاڵای عێراق ڕێگەپێدراوە ھەڵبکرێت! ئەکرادەکان! تەنیا بۆ بەرژەوندیی خۆیان وەکوو چەتە بەکار دەھێنن و دەبنە غوڵامی غوڵامەکان، بەتایبەتی لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە عێراقدا بەکار دەھێنرێن.

ھەر کە کورد خۆی ناڕازی کرد، منەتی بەسەرەوە دەکەن و دەڵێن: ”چیتان دەوێت، سکی ئێوە تێر دەکەین و نانتان پێ دەدەین کە ئێمە ھەبین چۆن ھەست بە ھەبوونی خۆتان دەکەن ببن بە خاوەنی مافی خۆتان، ببن بە نەتەوەیەکی جیاواز لە ئێمە! ئەگە ڕازی نین لە عێراقی ئێمە دەربچن و بڕۆن لەژێر حوکمڕانیی بەشار ئەسەد، یان ئەردۆگان یان لە ئێران بژین، لێرە پرسێک نییە بە ناوی کورد و کوردستان، بڕۆن بۆ لای ئەوان با کوردستانتان پێ بدەن، چونکە نە لای ئەوان و نە لای ئەمانە و نە لە ھیچ شوێنێکدا قەت کوردستان بوونی نەبووە!“