جێگری سەرۆکی لیژنەی ده‌ستپاكی: حكوومه‌ت نیازی جدیی له‌ چاكسازی پیشان داوه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

جێگری سەرۆکی لیژنەی ده‌ستپاكی: حكوومه‌ت نیازی جدیی له‌ چاكسازی پیشان داوه‌

 جێگری سەرۆکی لیژنەی ده‌ستپاكی لە پەرلەمانی کوردستان باس له‌ راپۆرته‌ چاكسازییه‌كان ده‌كات كه‌ حكوومه‌ت ئاماده‌ی كردووه‌ و ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی ده‌كات، باس له‌وه‌ ده‌كات به‌م هه‌نگاوانه‌ حكوومه‌ت نیازی خۆی بۆ ئه‌نجامدان و به‌رده‌وامیی‌ چاكسازی ده‌ربریوه‌.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ده‌ستپاكی لە پەرلەمانی کوردستان، به‌ (باسنیوز)ـی ڕاگه‌یاند: لە ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازیی ھەرێمی کوردستاندا، کە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان کراوە ھەنگاوی باش نراوە و له‌و راپۆرته‌دا چوونه‌ته‌ ناو ورده‌كاریی زۆره‌وه،‌ بۆ نموونه‌ و لە ڕاپۆرتی چاکسازیی دەستەی دەستپاکیدا ھاتووە، لەوانە خانەنشینیی پلە باڵا، کە 182 کەس بە پلەی وەزیرن، لەوانە 141 کەس وەزیر بوون و ئەوانەی دیکە بە پلەباڵا خانەنشین بوونە و ئەوانەی کە بریکاری وەزیرن 174 بریکار بووە، لەوانە تەنیا 139 کەسیان بە کردەیی بریکار بوون ئه‌مانه‌ كراونه‌ لیست و به‌ئامار و داتای ورده‌وه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ خراونه‌ته‌روو.''

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: له‌ راپۆرته‌كه‌دا ورده‌كاری له‌ دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاماژه‌ی پێكراوه‌ ھەر لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، زیاتر له‌ 10 ھەزار کەس دەرکەوتووە لە پلەی لە خۆیان بەرزتر وەرگرتووە و 6 ھەزار کەسیش سەرمووچەی زیادیان وەرگرتووە.

له‌باره‌ی پرسی لیستی شه‌هیدانه‌وه‌، سه‌عید هه‌ركی ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، كه‌ به‌پێی خاڵبه‌ندی به‌م شێوه‌یه‌ چاكسازی كراوه‌:

یه‌كه‌م: وردبینی لە دۆسیەی زیندانییانی سیاسییش دەکرێت، کە تا ئێستا وردبینی لە کۆی 24 ھەزار زیندانی سیاسی لە ھەزار زیندانی کراوە و ئەوانەی بەرکەوتووی چەکی کیمیایین لە کۆی نۆ ھەزار کەس 300 کەسیان وردبینییان بۆ کراوە، بەپێی وردبینییەکە 50 کەس کێشەی نەبووە و 187 کەس تێبینی لەسەر بووە، چوار کەسیش ھەر بەرکەوتە نەبوونە.

دووه‌م: تاقانەکانی ئه‌نفال 361 کەسن 14 کەسیان تێبینییان لەسەرە و 52 کەسیش تاقانە نین و ئەوانەی شەھیدانیش کە 70 ھەزار شەھید دەبن، بەپێی ئەو وردبینییەی بۆیان کراوە، دەرکەوتووە بەشێکیان شەھید نەبوون.

سێیه‌م: لە ھەولێر لە چوار ھەزار شەھید وردبینی کراوە، ھەزاریان تێبینییان لەسەر بووە و 200 کەسیش شەھید نەبوونە و لە سلێمانییش لە کۆی پێنج ھەزار شەھید وردبینی لە دۆسیەکەیان کراوە کە ھەزار و 500 کەس تێبینییان لەسەر بووە و 300 کەسیش شەھید نەبوونە و لە دھۆکیش لە کۆی ھەزار دۆسیەی وردبینی بۆ کراوە 42 کەس شەھید نەبوونە و٧٥٠ کەسیش تێبینییان لەسەر بووە.

راشیگه‌یاند: حكوومه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ چاكسازی و هه‌وڵی جدی ده‌دات تا ئێستا 3 راپۆرت له‌و بواره‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ ورده‌كاریی زۆر باش هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ به‌لامانه‌وه‌ ئه‌م راپۆرتانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت و هه‌نگاوه‌كان خێرا بكرێن.