سیاسەتی مەسرور بارزانی.. بنیاتنان لە ناوەوە و دانپیانان لە دەرەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 14/05/2022

سیاسەتی مەسرور بارزانی.. بنیاتنان لە ناوەوە و دانپیانان لە دەرەوە

 ستراتیژییەتی بنیاتنان لە ناوەوە و دانپیانان لە دەرەوە، بە شێوەیەکی گشتی گوزارشتە لە بەیەکەوەبەستنەوەی ئاستی ناوخۆیی و ئاستی دەرەوە، لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێکی توکمە و یەکانگیر، لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت لەلایەن سەرکردە، ڕابەر و دەستەبژێری سیاسی.

بە واتایەکی دیكە، ئەرکی سەرەکیی سیاسەتمەدار، یان دەوڵەتمەدارە کە ئاستی ناوخۆیی و ئاستی دەرەکی لە چوارچێوەیەکی هاوسەنگ و پشتئەستوور بە بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی دەوڵەت بەیەکەوە گرێ بدات، لە گواستنەوەی دەوڵەت، یان قەوارەیەکی سیاسی بۆ نێو کۆمەڵگەی جیهانی، بۆ ئەوەی ئەو قەوارە سیاسییە، یان ئەو دەوڵەتە، هاوشانی دەوڵەتانی دیكە لە جیهان، بتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە گوزاشت لە ئیرادەی خۆی بکات و پارێزگارییش لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.

بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکوومەتەوە، درکی بەوە کردووە کە ستراتیژیەتی بنیاتنان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناساندن و بەجیهانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە، باشترین ستراتیژییەتە لەپێناو گواستنەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغێکی باشتر و پێشکەوتووتر، بۆیە سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەڕێزیان، بەڵام توانیی لە ڕێگەی ئەم ستراتیژییەتەوە، بەشێکی زۆر لە ئاڵنگارییەکانی بەردەمی تێبپەڕێنێت، لەپێناو ئەو ئامانجەی کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر دروست بووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەهێزی و خاوەن ئیرادە و ستراتیژییەتێکی ڕوون بۆ داهاتوو، جا چ لەسەر ئاستی ناوخۆییدا بێت، یانیش لەسەر ئاستی دەرەكییدا.

بۆ خستنەڕووی ئەم بابەتە، لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، پێویستە ئاماژە بدەین بەو چاکسازییانەی کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و بەردەوامیشە، هەروەها جووڵە دبلۆماسییەکانی سەرۆکی حکوومەت لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ستراتیژییەتی دانپیانان لەدەرەوە تەواو دەکات.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم تا دەگات بە ئێستا، كەم سێکتەر ماوە چاکسازیی تێدا ئەنجام نەدرابێت، جا لە ڕووی کارگێڕییەوە بێت، یانیش لە ڕووی داراییەوە، کە پەیوەستە بە داهات و خەرجییەکان. ئەگەرچی چاکسازییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆدا هەندێک جار گرفتیان بۆ دروست دەکرێت، بەڵام ئەو ئاستەنگانە ناتوانن ئەو هەنگاوانەی کابینەی نۆیەم ڕابگرن، کە دەستی پێکردووە، ئەمەش وای کردووە، ئەوانەیشی کە نەیاری ئەم حکوومەتەن، بەڵام ناتوانن نکۆڵی بکەن لە هەنگاوەکانی سەرۆکی حکوومەت، دەربارەی بابەتی چاکسازییەکان لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و سێکتەرە جیاوازەکان.

لەسەر ئاستی دەرەوەشدا، بابەتی جووڵە دبلۆماسییەکانی سەرۆکی حکوومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، تەواوکەری ئەو ستراتیژییەتەیە کە کابینەکەی لەسەر بنیات نراوە. سەرەڕای قەیرانی دارایی و پرسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و لێکەوتەکانی، بەڵام جووڵە دبلۆماسییەکانی سەرۆکی حکوومەت بەبێ پچڕان بەردەوامن، دوایین جووڵەی دبلۆماسیی بەڕێزیان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، کە خۆی دەبینێتەوە لە سەردانەکانی بۆ وڵاتانی کەنداو، تورکیا و ئەورووپا، بەتایبەت بەریتانیا، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە گرتنەبەری سیاسەتی دانپیانان و ناساندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە، لەسەر بنەمایەکی تۆکمە و ستراتیژیەتێکی گشتگیر و پێگەیشتوو، بۆ ئایندەیەکی گەشتر و ڕووناکتر، هەنگاو دەنێت.

کەواتە لەسەر بنەمای ئەو ستراتیژییەتەی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئاستی دەرەوە، لەلایەن خودی سەرۆکی حکوومەتەوە پەیڕەو دەکرێت، یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیژییەتی بنیاتنان لەناوەوە و دانپیانان لەدەرەوە کە بنەمای دروستبوونی هەر کیانێکی سیاسی لێیەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ئەم هەنگاوانەی سەرۆکی حکوومەت، ڕەنگدانەوەی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی دەبێت، چونکە ئەزموونی دەوڵەتانی جیهانیش ئەوەیان سەلماندووە کە دەوڵەت یان قەوارەی سیاسی، لەدەرەوە بنیات نانرێت، بەڵکوو پایەکانی لەناوەوە بنیات دەنرێن، بەڵام لەدەرەوە دەناسێنرێت و دانی پیا دەنرێت.