شاندێكی باڵای ئەمنی بە سەرۆكایەتی فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق، گەیشتە قەزای مەخموور.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بە مەبەستی بەسەر كردنەوەی رەوشی ئەمنی ناوچەكە و كردنە ئامانجی پاشماوەی پێگە و مۆڵگەكانی تیرۆریستان لەچیای قەرەچووغ و دەروبەری قەزای مەخموور ، شاندێكی باڵای ئەمنیی بەسەرۆكایەتیی عەبدولئەمیر یارەڵڵا سەرۆكی ئەركانی سوپا و جێگرەكەی بۆ كاروباری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی گەیشتنە شوێنی كەرتی فیرقەی 14 پیادە لە قەزای مەخموور.
بە پێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، سەرۆك ئەركانی سوپا ستایشی هێزە ئەمنییەكانی لەناوچەكە كردووە و دووپاتی كردووەتەوەكە پێویستە كردە هەواڵگرییەكان چڕتر بكرێنەوە و دەستپیشخەری بكرێت لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە پێگە گومانلێكراوەكانی تیرۆریستان و مۆڵگەكانیان بۆ ئەو ئامانجەش فەرماندەیی سەربازیی هێزی ئاسمانی عێراق لە ئامادەباشیدایە بۆلێدانی هەر پێگە و مۆڵگەیەكی تیرۆریستان لە زنجیرە چیای قەرەچووغ و ناوچەكانی دەوربەری مەخموور.