ئایا هەڵبژاردنی 2023 كۆتایی عەرشی ئەردۆغانە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئایا هەڵبژاردنی 2023 كۆتایی عەرشی ئەردۆغانە؟

ئەو ڕەجەب تەییب ئەردۆغانەی، لە 2002 هاتە ناو مەیدانی كێبڕكێی بوون بە سەرۆك وەزیرانی توركیا، جیاوازە لەگەڵ ئەم ئەردۆغانەی ئێستا، ئەوكات توركیا لە قەیرانێكی گەورەی دارایی ڕزگار كرد، بەڵام ئێستا توركیای نوقمی قەیرانی دارایی كردووە. ئەوكات بڕوای بە چارەسەركردنی كێشەی كورد هەبوو، ئێستا دەڵێت لە توركیا شتێك نییە بە ناوی كێشەی كورد. ئایا هەڵبژاردنی 2023 كۆتایی عەرشی ئەردۆغانە؟

كاتێك پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە)، لە 2002 توانی ببێتە زۆرینەی پەرلەمان و بەتەنیا حكوومەت پێك بهێنێت، دوو هۆكاری سەرەكی هەبوو ئەو پارتەیان گەورە كرد، یەكەمیان بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەری كورد بوو، دووەمیشیان باشتركردنی ڕەوشی ئابووریی توركیا بوو و بەڵێنی دا كە قەیرانی دارایی لە توركیا نەهێڵێت.

ئەردۆغان لە هەردوو بەڵێنەكەیدا سەركەوتوو بوو، پرسی كوردی بردە پێشەوە و لە ئامەد بە دەنگی بەرز هاواری كرد ”لە توركیا كێشەیەك هەیە بەناوی كێشەی كورد، دەبێت ئەو كێشەیە لەسەر دەستی ئاكەپە چارەسەر بكرێت“

بۆ یەكەم جار ڕێگەی دا كەناڵێكی تایبەت بە زمانی كوردی لەلایەن دەوڵەتەوە بكرێتەوە ئەویش، (TRT)ی كوردی بوو. ئەردۆغان پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس و تەنانەت بە نهێنی ڕێككەوتنی ئۆسلۆی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان واژوو کرد.

دەكرێت بڵێن كاتێك ئاكەپە هاتە سەر دەسەڵات، كورد توانیی هەناسەیەكی باش هەڵمژێت، بۆیە كوردەكان لە خودی ئەردۆغان و پارتەكەی نزیك بوونەوە.

ئاكەپە لە سێ هەڵبژاردندا، لە باكووری كوردستان پارتی یەكەم بووە، هیچ پارتێكی سیاسی نەیتوانیوە دەنگی لەو زیاتر بێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە كوردەكان دەنگ بەو پارت و لایەنانە دەدەن، كە بە كردار هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی كورد بدەن.

بەڵام لە دوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمووز لە توركیا، ئەردۆغان، قۆناغێكی تازەی سیاسیی دەست پێ كرد و هەنگاوی نا بەرەو تاكڕەوی، بەتایبەت كاتێك بە هاوكاریی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، توانیی سیستەمی سیاسیی وڵات بگۆڕێت، لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی.

ئەردۆغان، بەرامبەر بە چارەسەركردنی كێشەی كورد، ڕابردووی خۆی لەبیر چوو، دەڵێت، شتێك نییە بە ناوی كێشەی كورد، زیاتر لە 60 شارەوانی سەر بە هەدەپەی قەیوم كرد و 12 پەرلەمانتاری هەمان پارتیشی خستە زیندانەوە.

دەنگدەری كورد، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، بۆ ئەوەی ئەردۆغان بەئاگا بهێننەوە، لە پێنج گەورە شارەوانیدا دەنگیان بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دا و توانییان گورزێكی گەورە لە ئاكەپە بدەن و كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەر بخەن.

بەڵام ئەردۆغان هەر بەئاگا نەهاتەوە، ئێستاش پێی وایە لە توركیا شتێك نییە بە ناوی كێشەی كورد و ئینكاری دەكات.

لەبارەی قەیرانی ئابووری لە توركیا، تاوەكوو ئێستا حكوومەت هیچ پلانێكی بۆ چارەسەر پێ نییە، بەپێچەوانەوە، ڕەوشی ئابووریی خەڵك تا دێت خراپتر دەبێت و لیرەی توركییش بەرامبەر بە دۆلار تا دێت بێبایەخ دەبێت.

شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەر ئەردۆغان بتوانێت لە كورد نزیك ببێتەوە و دان بە بوونی كێشەی كورددا بنێت و بەر لە هەڵبژاردن چەند هەنگاوێك بهاوێت، بۆ نموونە ڕێگە بدرێت خوێندن بە زمانی كوردی بێت و هەروەها فشاری سەر هەدەپە كەم بكاتەوە، ئەگەر زۆرە كوردەكان و بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكان لێی نزیك ببنەوە.

واتە ڕازیكردنی كوردەكان و تا ئاستێك ڕەوشی ئابووری وڵات باشتر بكات، شانسی بردنەوەی ئەردۆغان زۆر زۆر دەبێت، بەڵام ئەگەر كورد پشتی تێ بكات، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 پشتیان تێی كرد و شكستی هێنا، عەرشی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2023 كۆتایی پێ دێت و توركیای بێ ئەردۆغان دەست پێ دەكات.