ئەم هەفتەیه شایستەی دارایی مانگی (سێ)ی هەزاران مامۆستای وانەبێژ دابهش دەكرێ و نوێنەرێکی ئەو مامۆستایانەش ئاشکرای دەکات، چەکی مانگی (چوار)یش ئامادە دەکرێ.
کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بەڕێوەبەری گشتیی بانکی هەرێم لە سلێمانی و بەڕێوەبەری بانکی دهۆک پێیان ڕاگەیاندین، ئەم هەفتەیە پارەی مانگی سێی وانەبێژانی سنووری سلێمانی و دهۆک دەدرێ و لە هەولێر پارەکە دراوە، بەڵام لە سلێمانی دهۆک نەدراوە".
ئەوەشی خستە ڕوو، لیستی شایستەی دارایی مانگی چوار ئامادە کراوە، گوتیشی: "هەر لەم هەفتەیەدا چەکی شایستەی دارایی مانگی چوار لە سەرجەم پەروەردەکان ئامادە دەکرێ و بۆ خەرجکرنی چاوەڕوانی دارایی دەکەین".
بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵا، جەختی کردەوە، لەگەڵ وەزیری پەروەردە و لەگەڵ وەزارەتی داراییش قسە کراوە، تاوەکوو شایستەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ مامۆستایانی میلاک مانگانە بدرێ و کێشەی دواکەوتنی شایستەی دارایی وانەبێژان ڕێکبخرێتەوە.
ڕۆژی 16ی3ی2022، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگهیاندراوێكی بڵاو كردهوه و لە بەشێکی راگەیاندراوەكەدا هاتووە: "ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر، کە شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ مانگانە خەرج بکرێت و دوا نەکەوێت".
زیاتر لە 20 هەزار مامۆستای وانهبێژ لە هەرێمی كوردستان هەن و حكوومەت شایستە داراییەكانیان دابین دەكات.