بڕیارە ئەمڕۆ، شەممە ١٤ی ٥ی ٢٠٢٢، شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فەرماندەی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریكا بچنە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا .
عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فەرماندەی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ شاندێكی شانەی ڕاگەیاندنی جەنگیی ھێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەچێتە ئەمریکا''.
گوتیشی: ''شاندەكە لە ژمارەیەك شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی پێك ھاتووە و بڕیارە سەردانی فەرماندەی ناوەندیی ھێزەكانی ئەمریکا و چەند شوێنێكی دیكەش بکەن''.
عەمید عوسمان ئاشکرایشی کرد: ''چەند کۆبوونەوە و دیدارێکی تایبەتیان دەبێت سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی میدیای سەربازی لە عێراق، هەروەها باشترکردنی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان میدیای سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمریکا''.
باسی لەوەش کرد: ''شاندەکە سەردانی چەند ناوەندێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەکەن بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ ئەفسەرانی ئەو وڵاتەدا''.