لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان ڕێوڕەسمێك بەڕێوە چوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان ڕێوڕەسمێك بەڕێوە چوو

لە 35مین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی 13/5/1987ی هەڵەبجە، شارەزوور و هەوراماندا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكروانی هەڵەبجە و كتێبخانەی هەژار موكریانی، لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە، ڕێوڕەسمێكیان بۆ یادی قوربانییانی ئەو ڕاپەڕینە ڕێك خست.

غەیدان حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكروانی هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ هەینی 13/5/2022، كە ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی 13/5/1987ی خەڵكی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامانە، وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە و كتێبخانەی هەژار موكریانی، پێكەوە لەسەر گڵكۆی یەكەم شەهیدی 13/5/1987 لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە ڕێوڕەسمێكمان ڕێك خست”.

ڕوونیشی كردەوە: ”ڕاپەڕینی 13/5/1987ی هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان، یەكێكی دیكەیە لە ڕووداوە مێژووییەكانی هەڵەبجە، كە ئەو ڕۆژە خەڵکی ھەڵەبجە، ھەورامان و شارەزوور پێکەوە بەهۆی ڕاگواستنی گوندەكانی سنووری هەڵەبجە دژی حكوومەتی بەعس خۆپیشاندانێكیان ئەنجامیان دا، بەڵام ڕژێمی بەعس بە تەقەكردن ڕووبەڕوویان بووەتەوە و بۆردوومانی بەشێك لە گەڕەكەكانی هەڵەبجە بە تایبەت گەڕەكی كانی عاشقان و كانی قوڵكەشی بەو هۆیەوە كردووە”.

گوتیشی: ”بەپێی ئامارەكان لە ڕاپەڕینی 13/5/1987ی هەڵەبجە، هەورامان و شارەزووردا، 79 كەس شەهید بوون و بە دەیان كەسی دیكەش بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی سڤیلی هەڵەبجەش ئاوارە بوون، بۆیە ساڵانە لەم ڕۆژەدا یادی قوربانییانی ئەو ڕاپەڕینە دەكەینەوە و ڕێوڕەسمی تایبەت بەم ڕۆژە ئەنجام دەدەین”.