ئەوانەی هاواری لامەركەزییان بوو، دەیانەوێ گۆبەندێکی دیکە بۆ سلێمانی بنێنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەوانەی هاواری لامەركەزییان بوو، دەیانەوێ گۆبەندێکی دیکە بۆ سلێمانی بنێنەوە

ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی کە بانگەشەی لامەرکەزییان دەکرد ئێستا داوای خۆڕادەستکردن بە بەغدا دەکەن

د.شێرکۆ جەودەت: ناکرێ غاز و نەوتی یەک پارێزگا لە ڕێگەی عێراقەوە بفرۆشرێت

هەر ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی کە بەردەوام پێشنیازی لامەرکەزییان بۆ سلێمانی دەکرد و بە گوێی خەڵکیاندا دەدا، کە ئەگەر لامەرکەزی بۆ سلێمانی هەبێت، ئەوا خزمەتگوزارییەکانی شارەکە بەو شێوەیەی کە هەیە نامێنێتەوە، بەڵام بەو لامەرکەزییەتە سەقەتەی دەسەڵاتدارانی یەكیتی مامەڵەیان لەگەڵ كرد، کێشەکانی سلێمانی بۆ دەیان هێندەی کە هەبوون، زیادیان کرد و تەنانەت کەوتە مووچەی فەرمانبەرانی شارەکە و کۆی پارەی داهات و گومرگەکانی سلێمانی بەو هۆیەوە دەستیان بەسەردا گیرا.

سلێمانیی دوای لامەرکەزی

ئەگەر بەراوردی شاری سلێمانی بکەین، پێش ئەوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتە خۆجێییەکان شۆڕ بووبێتەوە، تا سنوورێک شاری سلێمانی و هەڵەبجە کێشەکانیان بەراورد بە ئێستا زۆر کەمتر بووە، تەنیا لە رووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە شەقام و ڕێگاوبانەوە لە ئاستێکی خراپدا بوون، کە ئەوەش بەهۆی خرایپی ئیدارەی سلێمانییەوە بووە، کە ئەوکاتیش بەشێکی زۆری پارەی داهات و گومرگەکان دیار نەبوو، یان تەنیا بە وەسڵ و پسوولە، هەولێر لە خەرجکردنیان ئاگادار دەکرایەوە، کە ئایا تا چەند خەرج کراون؟ ئەوە لە خزمەتگوزارییەکاندا دیارە، کە بەشی زۆری داهاتی سلێمانی و گومرگەکان بردراوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی سلێمانی بەراورد بەو کێشانەی کە لەدوای لامەرکەزییەتەکەی پێیان دراوە و یەكیتی بۆ دەستكەوتی مادیی خۆی بەكاری دەهێنێ، کەمتر بوو، چونکە ئێستا تەواوی پارەی داهات و گومرگەکانی سلێمانی دیار نییە و تەنانەت هیچ بڕە پارەیەکیش لە بانکەکانی سلێمانیدا بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نییە، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاك مانیان گرتووە و سلێمانی نغرۆی خۆڵ و خاشاک بووە، هاوکات ترسی زۆر کەوتووەتە ناو فەرمانبەران و متمانەیان بە پێدانی مووچە نەماوە، ئەوەش بەو هۆیەی کە تاوەکوو ئێستا مووچەی مانگی سێی ئەو پارێزگایانەی ئەو سنوورەی ناویان ناوە سەوز، نەدراوە، سێ خانەنشین بەهۆی قەرەباڵغی و نۆرەی زۆری بەردەم بانکەکان بۆ مووچە، گیانیان لەدەست داوە، داوودەرمان لە نەخۆشخانەکاندا نەماوە و هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەو شارەدا ناكرێت.

پێشنیازی پەرلەمانتارانی یەکێتی بۆ دۆخی سلێمانی

دوای ئەوەی، هەر ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی، کە هاتوهاواری ئەوەیان بوو کە سلێمانی بە لامەرکەزی لەو قەیرانانەی پێشی خۆی دەربازی دەبێت، کە کەوتە دۆخی خراپترەوە، ئێستا هەر ئەوانە پێشنیازی نوێیان هەیە و داواکارن کە شارەکەیان رادەست بە بەغدا بکرێت و نەوت و غازی سنوورەکەیان بدرێتە دەستی حکوومەتی عێراق، نەوەکوو لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بفرۆشرێت.

لەمبارەیەوە، سەرکۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ میدیاکانی حزبەکەی دەڵێت: ”تاكه‌ رێگه له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی سلێمانی،‌ رێككه‌وتنی ئیداره‌ی خۆجێییه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، له‌سه‌ر راده‌ستكردنی سامانه‌ سروشتییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و داهاته‌كانی ناوخۆ پێیان.“

”ناکرێ نەوت و غازی پارێزگایەک بەجیا لە ڕێگەی عێراقەوە بفرۆشرێت“

بەڵام، د.شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”ناکرێ نەوت و غازی پارێزگایەک بەجیا لە ڕێگەی عێراقەوە بفرۆشرێت، بەڵام دەکرێ و دەستوورییە، کە هەموو نەوت و غازی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێ و بفرۆشرێت.“

گوتیشی: ”ئەوە نابێت بۆ یەک پارێزگا بێت، دەبێ بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بێت، ئەوکات دەکرێ قازانج و مەرجەکانی کۆمپانیاکانیش پارێزراو بێت، بەڵام ئەوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی پێشنیازیان کردووە، تەنیا بۆ سلێمانییە، ئەوەش ناکرێت.“

جێی وەبیرهێنانەوەیە كە سیستەمی لامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ ئیدارە خۆجێیەكانی پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان، لە بنەڕەتدا یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام دەسەڵاتارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە دەستگرتن بەسەر تەواوی داهاتی ناوخۆیی و دەروازە سنوورییەكان و پارەی بانكەكانی سلێمانی و نەگەڕاندنەوەی ئەو داهاتانە بۆ گەنجینەی حكوومەت و خەرجنەكردنیشی بۆ پرۆژە و مووچەی كارمەندان و خانەنشینانی حكوومیی ناوچەكانی بن دەستیان، خراپترین مامەڵەیان لەگەڵ ئەو لامەركەزییەدا كرد و خەڵكی ئەو ناوچانەیان تووشی چەندان قەیرانی گەورە كرد.