كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە عێراق كۆچكردن بەهۆی بێئاوی و خۆڵبارینەوە دەستی پێكرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەفەرمی كۆچكردنی ژمارەیەكی بەرچاوی هاووڵاتییانی پارێزگایەكی عێراق بەهۆی بێئاوی و شەپۆلەكانی خۆڵبارینەوە راگەیەندرا.

فورات تەمیمی پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند یەكەم كۆچكردنی بەكۆمەڵی خەڵك لە سنووری پارێزگای دیالە بەهۆی بێئاوی و شەپۆلەكانی خۆڵبارینی ئەم دواییەوە دەستی پێكرد.

هەروەها ئاشكرای كردووە كە چەند خێزانێك لە گوندەكانی باشووری قەزای بەلەدروزی رۆژهەڵاتی شاری بەعقوبەی سەر بە پارێزگای دیالە بەهۆی نەمانی ئاوی خواردنەوەوە كۆچیان كرد و زێدی خۆیان بەجێهێشت.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵەوە، خۆڵبارین لە عێراقدا بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی تەندروستی دروست كردووە، لە چەند هەفتەی رابردووشدا زیاتر لە 10 كەس لە عێراق بەهۆی خۆڵبارینەوە گیانیان لەدەست داوە، هەر بەهۆی خۆڵبارینیشەوە هۆشداری دراوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و كۆچی بەكۆمەڵی دانیشتوانی وڵاتەكە.

گۆڕانی ئاووهەوا ساڵ لە دوای ساڵ كاریگەری خراپتر دەكاتە سەر عێراق و ئەمساڵ چەندین شەپۆلی بەهێزی خۆڵبارین ڕووی داوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ وشكەساڵی و نەبارینی باران و وشكبوونەوەی خاك و لەناوچوونی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەم وڵاتە و كەمبوونەوەی خێرای پانتاییە سەوزەكان، سەرباری گوێپێنەدانی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا بە دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی و چاندنی درەخت لە وڵاتەكەدا.

لەبارەی دواهەمین شەپۆلەكانی خۆڵبارینەوە، حەمید نایف گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رای گەیاندووە كە هەرچەندە شەپۆلەكانی خۆڵبارینی ئەم دواییە لە رۆژهەڵاتی كیشوەری ئەفریقیاوە هەڵیانكردبوو، بەڵام لە راستیدا چەندین هۆكاری هەن وا لە عێراق دەكەن زۆر بە خراپی كاریگەر بێت بەم شەپۆلانەی خۆڵبارینەوە، بەتایبەتییش كە لە عێراقدا كەمترین پشتێنەی سەوزایی و رووپۆشی كشتوكاڵی هەیە، هەروەها وشكەساڵی و وشكبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاویش، كاریگەریی گەورەیان هەیە.

حەمید نایف هۆشداریشی داوە لەوەی خۆڵبارینی زیاتر بەڕێوەیە و مەترسی دەكرێت بەهۆی خۆڵبارینەوە نەخۆشی بڵاوبێتەوە و دانیشتوانی عێراقیش ناچار بەكۆچكردن بكات.