ئەمڕۆ، پێنجشەممە (١٢/٥/٢٠٢٢)، كێڵگەی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجە پێشانگەیەكی هەفتانەی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كردەوە.
حامید ئیسماعیل، بەڕێوەبەری كێڵگەی كوردستان بۆ بەروبوومی نموونەیی كشتووكاڵی لە كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەمڕۆ دەستمان کرد بە كردنەوەی هەفتەبازاڕێكی كشتوكاڵی و ئامانج لێی ئەوەیە كە هاووڵاتییان بەروبوومە كشتوکاڵییەكانیان دەست بكەوێت بە نرخی عەلوە، ئەمەش بۆ ئێمە و بۆ كڕیارانیش باشە''.
ڕوونیشی كردەوە: ”ئەمە وەرزی دووەمی كردنەوەی هەفتەبازاڕەكەیە و لە كێڵگەكەماندا نزیكەی (٩٠) جۆر بەروبوومی خۆماڵی هەیە و هاووڵاتییان دەتوانن هەر بەرهەمێك لە كاتی خۆیدا بەدەست بهێنن”.
گوتیشی: ”لەم هەفتەبازڕەدا جگە لە نمایشكردنی بەروبوومی كێڵگەكەی خۆمان، چەندەها كەسیش هاتوون و بەرهەم و كارە دەستییەكانی خۆیانیان لە هەفتەبازڕەكەدا نمایش كردووە، كە هەفتەبازاڕەكە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەردەوام دەبێت''.