زانیاریی نوێ لەبارەی تەواوكردنی مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی دەخرێـتە ڕوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

زانیاریی نوێ لەبارەی تەواوكردنی مووچەی مانگی سێ لە سلێمانی دەخرێـتە ڕوو

بەرپرسانی بانك لە سلێمانی ئاشكرای دەكەن، هەفتەی داهاتوو كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی سنووری سلێمانی دەهێنرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بانكی ناوەندیی سلێمانی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێكی باش لە پارەی ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی مووچەی مانگی سێیان وەرنەگرتووە، دابین كراوە، بەڵام بەشێك لەو فەرمانگانە و خانەنشینی سەربازی دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.“

سەرچاوەكە جەختی كردەوە، لە هەفتەی داهاتوو لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، مووچەی مانگی سێ تەواو دەكرێت.

بەڕێوەبەری بانكێك لە سنووری سلێمانی ئەوەی بە (باسنیوز) راگەیاند: "زەحمەتە ئەمڕۆ بتواندرێ مووچەی مانگی سێی فەرمانگە حكوومییەكان بدرێت، بۆیە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی سەربازی، مووچەی مانگی سێ تەواو دەكرێت."

ئەوە لەكاتێكدایە، لە رۆژی 9ی 5ی 2022وە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی چوار كراوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا بەشێكی زۆری خانەنشینانی سەربازی و كارمەندانی وەزارەتی شارەوانی و خوێندنی باڵا و چەند فەرمانگەیەكی دیكەی سنووری سلێمانی، مووچەی مانگی (سێ)یان وەرنەگرتووە.

لای خۆیەوە ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "له سلێمانی دەستكاریی پارەی بانكەكان دەكرێت و داھاتی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بانكەكان و گەنجینەی حكوومەت."

ئەرشەد لۆلانی ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی كە پێویستە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی مووچەكانیان بدرێت، مانگانە مووچەكانیان دوا دەخرێت و كێشەیان بۆ دروست دەكرێت، لەمەشدا بەرپرسانی ئیداری و حزبی لە سلێمانی بەرپرسی یەكەمن."

مانگی رابردووش هەمان كێشە لە سلێمانی هەبوو، ئەوكات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: ''داهاتی نەوت لە مانگی دوو 488 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا هەرێم پێویستی بە 600 ملیۆن دۆلارە بۆ مووچە، واتە 112 ملیۆن دۆلار لە پارەی نەوت کەمتر بووە، تا مووچەی پێ دابین بکرێت.''

گوتیشی: "لە 488 ملیۆن دۆلارەکەی داهاتی نەوت، 43%ی کە دەکاتە 209 ملیۆن دۆلار بۆ سلێمانی و ئەوەی دیكەی بۆ هەولێر و دهۆک بووە، بۆیە بۆ دابینکردنی پارەی مووچە، سلێمانی پێویستی بە 48 ملیۆن دۆلاری دیكە هەبووە، تا مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگاکەی پێ دابین بکرێت، بۆیە تا ئێستا هەندێک لە مووچەخۆران ماون و 48 ملیۆن دۆلارەکە تەواو نەبووە و نزیکەی 7 ملیۆن دۆلاری ماوە.''

ئەندامەكەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا: "پارەی پرۆژە و خاشاک و دەرمان و نەسرییەی فەرمانگەکان و خەرجیی هێزە سەربازییەکان، دەبێ هەر ناوچەیەک لە داهاتی خۆی بیدات، لە سلێمانی دەڵێن، داهاتی پێویستمان بۆ ئەمە لەبەردەستدا نییە."
عەلی حەمەساڵح لە نووسینێكی تریشیدا لە فەیسبووك، روو لە هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و بەتوانجەوە نووسیبووی: ”چۆن سلێمانی هیچ داهاتی نیە؟“

نەمانی پارەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی چەندین گرفتی گەورەی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی بەدوای خۆیدا هێناوە، کۆمپانیاكان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی زۆنی سەوز، خزمەتگوزارییان ڕاگرتووە، گرفتی کەمیی دەرمان دروست بووە و بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانیش ڕاگیراون.

زیاد کاکە ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پاره‌ و داهاتی سلێمانی نایەته‌وه‌ بانكه‌كان، بۆیه‌ كێشه‌ی به‌رده‌وامی مووچه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی پاره‌ له‌ بانكه‌كان، كاتێك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ داهاتی نه‌وت و 200 ملیاره‌كه‌ ده‌نێردرێت، مووچه‌ هیچ كێشه‌ی نییه‌، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر ته‌واوكردنی مووچه‌ له‌ داهات، ئه‌وا‌ له‌ سلێمانی كێشه‌ دروست ده‌بێت.''

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئیداره‌ی سلێمانی لە نه‌دانی مووچه‌ به‌رپرسه‌ و گوتیشی: "ئه‌وه‌ یه‌كلایی بووه‌ته‌وه كە‌ داهاتی پارێزگاكان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌بێ بۆ مووچه‌ بێت و پاشان بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئیداره‌ی سلێمانی و یه‌كێتی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسن له‌و دۆخه‌ی دروست بووه‌، ده‌بێ به‌رپرسانی ئیداره،‌ ڕاستییه‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكه‌ن."

لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی وەزارەتی دارایی و بەهۆی ئەو دۆخەی لە سلێمانیدا هەیە، ڕۆژی دووشەممە 21ی شوباتی 2022، وەزارەتی دارایی ڕێنوێنییەكی تازەی دەركرد و داوای لە لقی سلێمانیی بانكی ناوەندیی هەرێم كرد، دەستكاریی پارەی مووچەی خەڵك لەنێو بانكەكاندا نەكات.

ڕۆژی 16ی3ی2022، لە ڕوونكردنەوەیەكدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، بە درێژایی ساڵی 2021، بانكی ناوەندی هەرێم - سلێمانی، ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، تایبەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی سیوولە و ئەولەویەتی مووچەی جێبەجێ نەكردووە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە و دەستی بردووە بۆ ئەو سیوولانەش كە هی هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە کە یاسا ڕێگە بە دەستكارییان نادات.''

لە 13ی 3ی 2022، بە واژووی 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییان ناردووە، ئاماژەیان بەوە داوە، ماوەی چەند مانگێكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكرێت كە "داهاتی ناوخۆ سفرە و هیچ بڕە داهاتێك لە سنوورەكە كۆ نەكراوەتەوە، بەتایبەتی مانگەكانی یەك و دووی ئەمساڵ، ئەمەش كراوە بە بیانوو بۆ دابەشنەكردنی مووچە، ئەوە لە كاتێكدایە كە بەپێی زانیارییەكانیان، داهات زیادی كردووە.''

لەو نووسراوەدا كە 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی واژوویان لەسەر كردووە، هاتووە: "لە مانگی یەك و دووی ساڵی 2021، داهاتی ناوخۆی سلێمانی 150 ملیار دینار بووە.