كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 12/05/2022

دوای قسەكانی سەرۆكوەزیران، ئەگەر من پارێزگاری سلێمانی بوومایە

پێوەند بە كێشە و گیروگرفتی كۆكردنەوەی داھاتی ناوخۆ و مەرزە سنووریاكان و ئەو پاشاگەردانیە ئیدارییەی كە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەرین دروست بووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە بەشێكی قسەكانی ناو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەیدا كە لە 11-5-2022 بەڕێوە چوو، گوتی: ”بۆ گەیشتن بە ڕاستیەكانی تایبەت بەو بابەتە، منیش دەمەوێت بزانم، بۆیە دەمەوێ لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی ئەو ناوچانە دابنیشم و دەبێ بە بەڵگە و داتا بۆمان ڕوون بكەنەوە، نەك بەڵگەی دروستكراوی لایەنێكی حزبی بۆ پاساوھێنانەوەی ئەو كەمتەرخەمیەی بەرامبەر خەڵك كراوە بھێننەوە، دەشبێت ڕاستیەكانی تایبەت بەم بابەتە بۆ خەڵكی سلێمانی دیار بێت، چونكە من دەزانم مافیان پێشێل كراوە و دەبێ ئەو مافەیان بۆ بگەڕێتەوە.“

نازانم لەدوای ئەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەریەك لە پارێزگارەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و سەرپەرشیاری ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، چی دەكەن؟ یان دەیانەوێت چی بكەن و چۆن خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە دەكەن كە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت دادەنیشین؟ بەڵام ھەر بۆ نموونە ئەگەر من پارێزگاری سلێمانی بوومایە، دوای تەواوبوونی كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی سەرۆكی حكوومەت، پەیوەندیم بە سەرۆكی حكوومەتەوە دەكرد و وێڕای دەستخۆشی لێكردنی پێم دەگوت: ”من چاوەڕێی ڕۆژێكی وام“ ئیتر دوای ئەوە:

1- پەیوەندیم بە وەزیری دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دەكرد و پێم دەگوت: ”ئەوەی پەیوەندیی بە كۆكردنەوەی داھات و شێوازی خەرجكردنی ئەو داھاتانەوە ھەیە، ھەر لە مەرزەكانەوە ھەتا دەگاتە ناوجەرگەی سلێمانی، بە بەڵگەی فەرمی و حاشاھەڵنەگر ھەر ھەموویم لە جەنابت دەوێت، چونكە ئەوەی پەیوەندیی بە داھاتی گشتی و خەرجكردنی ئەو داھاتەوە ھەبێت، كەس ئاگای لێ نەبێت دەبێ جەنابتان ئاگاتان لێی بێت، جگە لەوە جەنابت لەسەر بەشی گۆڕان وەزیری داراییت و منیش خەڵك ھەرچیەكم پێ بڵێن ھەر لەسەر بەشی گۆڕان پارێزگاری سلێمانیم، ئەگەر پەنجەی تۆمەت ئاراستەی حكوومەت دەكرێت، جەنابت وەزیری داراییت لەناو حكوومەتدا، خۆ ئەگەر پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئیدارەی سلێمانی بكرێت، ئێ خۆ من بە یاسا سەرۆكی یەكەی ئیداریی سلێمانیم و لە ھەردوو حاڵەتەكەدا من پێویستم بەوە ھەیە بە بەڵگەی یاسایی ببڕای ببڕ و حاشاھەڵنەگرەوە بچم بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت، چونكە ئەم بابەتە ھی ئەوە نیە بە دەستی بەتاڵەوە یان بە ئینشا و وشەی ڕەنگاوڕەنگەوە بۆی بچمە لای سەرۆكی حكوومەت.“

2- دوای ئەوەی كە گشت ئەو بەڵگە یاساییە قەناعەت پێھێنەرانەم بۆ سەلماندنی ڕاستیەكان كۆ دەكردەوە، پەیوەندیم بە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە دەكردەوە و پێم دەگوت: ” جەنابی سەرۆكی حكوومەت، نازانم بۆ پارێزگاری ھەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، بەڵام ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆمەوە ھەیە وەك پارێزگاری سلێمانی، ئێستا من چاوڕوانی فەرمانی جەنابتانم بۆ ئەو دانیشتنەی كە لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی 11–5- 2022 و تایبەت بە كۆكردنەوەی داھات و خەرجیەكانی لای ئێمە، ئاماژەتان پێ دا.“

3- ئنجا دوای ئەوە ئەنجامی ئەو دانیشتنە لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەرچییەك و ھەر چۆنێك بوایە و ڕاستیەكان ھەرچۆنێك بوونایە، بێ سڵكردنەوە لە ھیچ بەرپرسێكی حزبیی ناو ھەر حزبێك، بێ خاتروخۆتری ھیچ حزب و ھیچ كەس و لایەك و تەنیا وەك كەسێكی ئیداری و حكوومی، ھەر ھەموویم بەتەواوی و بێ كلك و گوێكردن لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ خەڵكی سلێمانی ئاشكرا و ڕوون دەكردەوە، دوای ئەوەش ھەر كەس و لایەك چ كەلێك سەختە با لە منیان بگرتایە! بە لای منەوە تەنیا یەك ڕۆژ ئا ئەوھا پارێزگار بیت زۆر گەورەتر و باشترە لەو 4 یان 8 ساڵەی كە خۆیشم و خەڵك نەزانن چیم، بەڕاستی ئا ئەمەیان بۆ خەڵكی سلێمانی ھەزار سەردانی ھندستانیش دەھێنێت!