كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە كاتی پرێس كۆنفرانسەكەی سەرۆك وەزیران، میدیاكانی یەكێتی خەڵكیان چەواشە دەكرد

ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی: میدیای یەكێتی چۆن ڕوویان دێ باسی ئازادی بكەن؟

میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كاتی پرێس كۆنفرانسەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییە نادرووستانە بوون كە ئامانجیان لێی لادانی سەرنجی خەڵكە لەسەر بردنی پارەی داهاتی سلێمانی، كەچی مەكتەبی راگەیاندنی ئەو حزبەش ڕوونكردنەوەی پێچەوانە دەدەن.
لە ڕوونكردنەوەكەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیدا بانگەشەی ئەوە كراوە گوایە كەناڵەكانی یەكێتی بۆ پرێس كۆنفرانسەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بانگهێشت نەكراون، لە كاتێكدا سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ (باسنیوز) رایگەیاندووە، هیچ جارێک بۆ كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیران، بانگهێشتی فەرمی و نووسراو نەبووە تا بانگهێشتی فەرمی بۆ هەندێکیان بچێ و بۆ هەندێکیان نەچێت، ”پێشتریش ژمارەیەکی زۆری میدیاکان بانگکراون بە کەناڵی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە کە بەوپەڕی ئازادییەوە پرسیاریان کردووە. بەڵام لەبەر سنوورداریی شوێن و کاتی کۆنفرانسەکە، ناکرێ هەرچی کەناڵ و سایت و پەیج لە کوردستان هەیە کە بە سەدانن، بەشدار بن“.
هەمان سەرچاوە جەختی كردەوە: ”لینک و فریکوێنسی پەخشی ڕاستەوخۆی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، پێشتر بڵاو كراوەتەوە و خراوەتە بەردەستی هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن. بۆیە نەهاتنی هەندێک کەناڵ هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت“.
سەرچاوەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكراشی كرد: ”هەندێک لەو کەناڵانەی گلەییان کردووە کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، پێشتر چەندین جار بەشداربوون و پرسیاریشیان کردووە، کەچی تەنانەت یەک دەقەشیان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە لە کەناڵەکانیان پەخش نەکردووە“.
بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی ڕێنمایی بە سەرجەم كەناڵە فەرمی و سێبەرەكانی حزبەكە كردووە، هەرچی لە توانایان دێت، بۆ سەرقاڵكردنی خەڵك و لابردنی سەرنجیان لەسەر دزینی داهاتی سلێمانی كە بەهۆیەوە هێشتا بەشێك لە مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی زۆنی سەوز نەدراوە، بخەنە گەڕ. بۆیە ئەمڕۆش لە كاتی پرێس كۆنفرانسەكەی سەرۆك وەزیران، میدیاكانی یەكێتی سەرقاڵی چەواشەكردنی خەڵك بوون وەك ئەوەی فەرمانیان پێكرابوو.
هەر لەمبارەیەوە نه‌جات حه‌سه‌ن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”بەپێی ئەزموونی رابردوو، راگه‌یاندنی یه‌كێتی هیچ كاتێك چالاكییەكانی حكوومەت ناگوازنەوە، بگرە وەك نەیارێك مامەڵە لەگەڵ حكوومەت دەكەن، بەڵكوو كار لەسەر سیاسەتی (‌به‌شه‌كه‌ی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش دەخۆم) دەكەن“.
لەبارەی باسكردنی ئازادییەوە لە لایەن مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیش، نەجات حەسەن گوتی: ”پێش ئەوەی باسی ئازادیی بكەن، با پێمان بڵێن چی بەو ئازادییەی خۆیان دەڵێن كاتێك گەنجێكی 17 ساڵان لەسەر كۆمێنتێك لە سنوورەكەیان و لە نێو ئاسایشیان دەكوژرێت؟ ئەی چی بەو ئازادییە دەڵێن كە سەدان سایت و پەیجی ساختەیان خستۆتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ پروپاگەندەی ناڕاست و چەواشەكردنی خەڵك و سووكایەتیكردن بە خەڵكەوە، ئەوە ئازادییەكەیانە؟ كەی نموونەیەكی ئازادیی راستەقینەیان نیشان دا، ئینجا دەتوانن خۆیان بكەنە خەمخۆری ئازادییەوە“.