خستنەڕووی حەقیقەت و راستییەکان بە داتاو لۆژیک و زمانێکی رەوان و سادەو ئەدەبییانە، نموونەی جوانی حوکمڕانی شەفاف و حەقانییە.
مەسرور بارزانی، بە گوتە و روونکردنەوەکانی بە زانیاریی دروست لەسەر بنەمای بەڵگەکان، ھیچی بۆ «چەواشەکاران» نەھێشتەوە، بەتایبەت لە مەسەلەی داھاتەکانی ناوخۆ و نەوت، جیا لەوەش بە روونی بە ھەموو خەڵکی کوردستانی گوت: کە کێن ئەوانەی رێگری لە دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی دەکەن!
بوێرانەش بەرامبەر فشاری ناڕەوای دادگەی فیدراڵی عێراق و دەست و پێوەندەکانیان وەستایەوە و بە روونیش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوا.
ئەوەی سەلماند؛ کە ھەرێم لە ھەموو کات زیاتر پەرۆشی پەیوەندیی دروستە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە مەرجێک لەسەر ئەساسی شکاندنی ئیرادە و جێبەجێکردنی مەرامی سیاسیی نەبێت.
لە کاتێکدا، هەمان دادگە بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 داوە، بۆچی حکوومەت خۆیان پابەند نابینن بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، راکردن لە بڕیارێک و داکۆکیکردن لە بڕیارێک، دەبێتە بابەتێک کە بە ئیجتیهادی شەخسیی وەزارەتێک، یان کەسێکە.
ھەروەھا بە روونی ئەوەی گوت: کە لە پێشتردا چوارچێوەی ئەجێنداکانی حکوومەت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کاروبارەکانی خۆیان بەڕێوەبەرن، بەڵام وەکوو پێویست لە هەموو پارێزگاکان ئەجێندای حکوومەت جێبەجێ نەکراوە کە دیارە ئەوەش ھەموو ئەو شکستە سیاسیی و ئیدارییانە دەگرێتەوە لە لە سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دەبیندرێت.
مەسرور بارزانی زۆر بە وردی و دروستی لەبارەی شێوازی دابەشکردنی داھات دەڵێت: بەپێی رێژەی دانیشتووان و ئەو میكانیزمەی لە كابینەكانی پێشتریش ئامادە كراوە، بەو شێوەیە ئەو بڕە داهاتە بەسەر هەموو هەرێمی كوردستاندا بە یەكسانی و دادپەروەرانە دابەش دەکرێت.
ئەم راشکاویی و تێگەیشتنە لۆژیکیەی مەسرور بارزانی رێک ئەوە پەندە دەیگرێتەوە کە دەڵێت: (ئەوەی پەرێزی پاکە لە لێپێچینەوە بێ باکە).
بەڵام ئایا ئەوانەی رۆژانە داھاتی سلێمانی تاڵان دەکەن و خەڵکەکەی برسی دەکەن، بێباکن لە «لێپێچینەوە»؟.
بە دڵنیاییەوە، ئەوانە رۆژ دوای رۆژ خۆیان لە حەقیقەت و راستییەکان دەدزنەوە ھەر رۆژە و بە ھۆنینەوەی چەواشەکاریی تازە، ئاستەنگ و رێگری بۆ حکوومەت و خەڵکیش دروست دەکەن.