دەبێ گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانی بكشێتەوە نەك لە حكوومەت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 11/05/2022

دەبێ گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانی بكشێتەوە نەك لە حكوومەت

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان دەڵێت: ”بڕیاری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە كە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكشێتەوە“ و بە قسەی خۆیشی پاساوەكانیان بۆ كشانەوە بریتین لەوەی كە گوایە ”داھات شەفاف نیە و پەرلەمان لاوازە و ڕێز لە ئازادیيەكان نەگیراوە!“ ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان دەشڵێت: ”ئێمە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنێك چووینەتە حكوومەت، بەڵام لەسەدا 80ی خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە كە بەرنامەی سیاسیی ئێمە بووە جێبەجێ نەكراوە“ بەڵام ھەر ئەو ئەندامی جڤاتە لەپەنا ئەم قسانەیدا كە دەڵێت بڕیاری كشانەوەمان لە حكوومەت داوە دەشڵێ: ”ئیتر ئەوە ماوەتەوە جێبەجێكردنەكەی و كاتی جێبەجێكردنەكەی!“

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەیفی خۆیەتی چ ھەڵوێست و قسەیەكی خۆی لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان دەبێت، بەڵام وەك بەكارھێنانی مافی ھاووڵاتیبوون لە دەربڕینی بیروڕای شەخسیی خۆیدا، منیش ماف و كەیفی خۆمە چی لەسەر ئەو بڕیارەی ئەو جڤاتەی گۆڕان دەڵێم و ھەر لەسەر بنەمای پیادەكردنی ئەم مافە شەخسیەی خۆشم دەڵێم:

1- پێش ھەر شتێك دەبوایە ئەو جڤاتە بیانزانیایە ڕێككەوتن ئەرك و مافی بۆ ھەموو لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەت تیایە، واتە ڕێككەوتن یەك پاكێج و یەك چەپكە، بۆ نموونە كە تۆ لەگەڵ پارتی ڕێك دەكەویت، دەبێ بزانیت ئەو ڕێككەوتنە ھەر بەتەنیا مافت بۆ دەستەبەر ناكات بەڵكوو ئەركیشت دەخاتە سەر شان، كە لەناو حكوومەتدا دەبیت و پۆستی وزاری و پۆستی باڵات دەوێت، نابێت لەولاوە ئەندام پەرلەمانەكانت لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە ھەڵوێستەكانیان دژی حكوومەت وەك ھەڵوێستەكانی قەیس خەزعەلی بێت و ڕاگەیاندنەكانیشت ببن بە ڕاگەیاندنەكانی پەكەكە دژی حكوومەت.

2- كە لەگەڵ پارتی ڕێك دەكەویت و دێیتە ناو حكوومەت و پۆستی وزاری و پۆستی باڵات دەوێت، ئەمەیان مافی خۆتە، بەڵام لە بەرامبەریشدا ئەو ئەركەت دەكەوێتە ئەستۆ كە زۆر بوێرانە و بە ئاشكرا لە ھەر داوودەزگایەكی حكوومەت و لە ھەر شوێنێكی ھەرێمی كوردستان و ھەر كەس و لایەك كۆسپ و گیروگرفتی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دروست كرد، زۆر بوێرانە و زۆر بەڕوونی و بێ منجە منج و بێ ئەگەر و بێ بەڵام و بێ پێم وایە و پێم وانیە و بەوردی و بە دیاریكراوی ناوی ئەو كەس و لایەن و شوێن و داوودەزگایە بھێنیت كە ئەو كۆسپ و گیروگرفتانە بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات.

بۆ نموونە ھەموو ئەو دزی و قاچاخچێتی و ھەموو ئەو بەرەڵاییەی كە دەستڕۆییشتوانی یەكێتی لە ئیدارەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەرین بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان دروست كردووە، ئەوە ھی ئەوەیە كە گۆڕان بە ئاشكرا بەگژیدا بچێتەوە و ئەگەریش ھیچی پێنەكراو ھەر حەزیان لە كشانەوە بوو، ئەوە دەبێ گۆڕان لەو ئیدارانە و بەتایبەتی لە ئیدارەی سلێمانی لە پارێزگارەوە ھەتا ھەر پۆستێكی تری ئیداری كە لەو سنوورانەدا لە دەست گۆڕاندایە بكشێنەوە، نەك لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەجێھێشتنی وەزارەتەكانیان لە ھەولێر، دز ئەوەتا لە ناوجەرگەی سلێمانی، دز ڕۆژانە لەپشت دەرگای بانكەكانی سلێمانی خەریكی ڕاوە داھاتی گشتیین نەك لە ھەولێر ھەتا تۆ بێیت و بڵێیت لە وەزارەتەكانی حكوومەت لە ھەولێر دەكشێمەوە.

3- تۆ كە دەڵێیت ڕێز لە ئازادی نەگیراوە، دەبێ جیاوازی بكەیت لەنێوان چەند كادرێكی پەكەكە كە بە نھێنی دژی ھەرێمی كوردستان كاری سیخووڕی بۆ پەكەكە دەكەن و دەتانەوێت بەزۆر بیانكەن بە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی! لەگەڵ ئەو گەنجە ١٧ ساڵەی چەمچەماڵ كە وەك باوكی دەڵێ، لەسەر یەك كۆمێنتی فەیسبووك گیراوە و لە زینداندا خنكێنراوە، یان مەلا عومەری دارەتوو كە هەر لە چەمچەماڵ و تەنیا لەسەر ئەوەی داوای لە دەستڕۆییشتوانی یەكێتی لەو دەڤەرە كرد تاوانباران بدۆزنەوە و دادگاییان بكەن پەلاماریان دا و ھەتا توانیان شەقێكی توندی تازەیان لە ئازادیی دەربڕینی بیروڕا دا.

4- ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە پەنا ئەوەی كە دەڵێت: ”بڕیارمان داوە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكشێینەوە“ دەشڵێت: ”ئیتر ئەوە ماوەتەوە جێبەجێكردنەكەی و كاتی جێبەجێكردنەكە!“ سەیرە ئەو خۆی دەڵێت حكوومەت لەسەدا 80ی ئەو خاڵانەی ناو ڕێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە، كەچی ئێستا بۆ بڕیاری كشانەوەی خۆیان لە حكوومەت دەڵێت ئیتر ئەوە ماوەتەوە جێبەجێكردنەكەی! واتە ئەوان خۆیان دڵنیا نین لەوەی كە بڕیارێكی حزبیی خۆیان بۆ كشانەوەیان لە حكوومەت جێبەجێ دەكەن یان نا؟ جا وەرە تۆ خۆت ڕەخنە لە حكوومەت بگریت كە بەرنامە حزبیەكەیان لەناو حكوومەت جێبەجێ نەكراوە، كەچی خۆت دڵنیا نەبیت لەوەی كە بڕیارێكی حزبیی خۆت بۆ كشانەوە لە حكوومەت جێبەجێ دەكەن یان نا!

ئنجا دەشڵێت: ”ئەگەر جێبەجێش بكرێت كاتی جێبەجێكردنەكەشی ماوە!“ ئەمەشیان بە مانای ئەوە دێت گۆڕان لە دەرفەت و لە كاتێكی باش دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە حكوومەت بكشێتەوە، ئەوە بە مەرجێك نزیكەی 3 ساڵ لە 4 ساڵی تەمەنی یاسایی ئەم كابینەیەی حكوومەت ڕۆییشتووە و ساڵێكی ماوە، كەچی ھێشتا ئەم جڤاتی نیشتیمانییەی گۆڕان ڕەنگە ھێشتا بە زووی بزانن كە لە حكوومەت بكشێنەوە و ڕەنگە بیانەوێت ھەتا بنكڕەكە بڕۆن! بە دووری نازانم ئەو كاتەیان ھەڵگرتبێت بۆ ماوەیەكی كەم پێش ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو كاتە ئەم كشانەوەیەیان لە حكوومەت وەك بانگەشەی ھەڵبژاردن بەكار بھێنن و بە خەڵك بڵێن ئەھا لەبەر خاتری بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێوە! لە حكوومەت كشاینەوە و ڕەنگە بیانەوێت بەھۆی ئەم تاكتیكە پێشتر تاقیكراوە و سواو و سووتاوەوە دەنگ بھێنن!