بانگەشەكارانی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان كە بەردەوام گومانی ئەوەیان لەسەرە، لە لایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە ئاراستە دەكرێن، بە بێدەنگبوونیان لە ئاست كوشتنی گەنجێكی حەڤدە ساڵە لەسەر كۆمێنتێك لە نێو ئاسایشی یەكێتی، گومانەكان زیاتر دەكەن.
هەفتەیەك لەمەوبەر، پیاوێكی چەمچەماڵی وەك یەكەمین دەزگای میدیایی، لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە ئاشكرای كرد كە كوڕێكی حەڤدە ساڵانی هەبووە، لەسەر كۆمێنتێك كە گوایە جنێوی بە ئاسایشی یەكێتی داوە، لە ساڵی 2018دا گیراوە و دوای هەفتەیەك كوڕەكەی گیانی لەدەست داوە كە گومان دەكەن لە ژێر ئەشكەنجەدا كوژرابێت.
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا تا ئێستا، جگە لەوەی سەرجەم میدیاكانی زۆنی سەوز بەوانەشەوە كە بانگەشەی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەكەن، تەنیا یەك هەواڵیشیان لەسەر ئەو باوك و دایكە بڵاو نەكردۆتەوە كە سێ ساڵە كوڕەكەیان كوژراوە و تۆمەتبارەكانیش هێشتا بە دەسەڵاتەوە لە پێشیان هاتوچۆ دەكەن. سەرجەم ئەو كەسانەشی كە بانگەشەی ئازادی و مافی مرۆڤ دەكەن و زیاتر لە ساڵێكە خەڵكیان بە باسكردنی پرۆسەی دادگاییكردنی ژمارەیەك تاوانباری بادینان بێزار كردووە كە هەرچەندە دادگا تۆمەتەكانی بەسەردا ساخ كردوونەتەوە و بەشێكیان بەهۆی تەواوكردنی ماوەی سزاكەیان ئازادیش كراون، یەك قسەشیان لەسەر كوژرانی ئەو گەنجە نەكردووە.
پێشتر پارێزەر كارزان سهلام لە هەڵەبجە بە (باسنیوز)ی راگەیاند، كەسانێك تەنیا كاریان دژایەتیكردنی پارتی و گەورەكردنی هەر شتێكە لە دژی پارتی، كەچی چاوپۆشی لەو زوڵم و تاوانانە دەكەن كە لەم سنوورەدا ڕوودەدەن.
ڕوونیشی كردەوە كە هەر كەسێك لە سنووری هەولێر نەخۆش دەكەوێت، چەندان بەند و بالۆرەی بۆ ڕیز دەكەن و دواتریش دەردەكەوێت كە راست نییە، كەچی باسی ڕووداوەكانی سنووری سلێمانی ناكەن.
سەرسوڕمانی خۆیشی لەوە دەربڕی كە فراكسیۆنەكانی یەكگرتوو، گۆڕان و نەوەی نوێ بۆچی هیچ هەڵوێستێكیان نییە؟
ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”بەداخەوە زۆر لە نووسهر و رۆژنامهنووس و كەمپینچییەكانی سلێمانی و بهشێكی زۆری ئەوانەی شەو و ڕۆژ جنێو بە حكوومەت و بە پارتی دەدەن و درۆ و چەواشەكاری بڵاو دەكەنەوە، به پاره دهمیان چهور كراوە و لە ئاست فەزاحەتەكانی دەڤەری سلێمانی بۆیان نییە قسە بكەن“.